"ئاواکردنی شەنگالێکی ئازاد وەڵامی پیلانگێڕی و کۆمەڵکوژییە"
پانێڵەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان: ژنانی ئێزدی بەردەوامە و باس لەوەدەکرێت تا ئێستا پیلانگێڕییەکانی سەر شەنگال بەردەوامە، وەڵامی هەموو کۆمەڵکوژی و پیلانگێڕییەکان بنیادنانی شەنگالێکی ئازادە بە پێشەنگایەتی ژنی ئێزدی ئازاد.
بەغدا
ئەمڕۆ، ٣٠ی تەمموز، لە هۆڵی ئوتێل بەغدا لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی ژنانی عێراق، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ و گردبوونەوەی ژنانی مەدەنی عێراق، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان: ژنانی ئێزدی وەک نموونە، بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنە ئازادەکان بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە" بە پانێڵەکانی بەردەوامە.
لە پانێڵی دووەمدا نمونەی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و شەنگال هاوتا کران
پانێڵی دووەمی کۆنفرانس لەبارەی "ئاکامە قۆناغییەکانی هێرشەکانی جینۆسایدی ٣ی ئابی ٢٠١٤ و هەوڵدان بۆ دووبارە دروستبوونەوە لە ژێر خۆڵەمێش" لەلایەن فائیزە خەتاب بەڕێوەچوو، لە بەشی یەکەمدا، کوێستان ئەکرەم فەرەج، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بابەتێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە لێکەوتەکانی جینۆساید کرد لەسەر کۆمەڵگە و ژنان، نمونەی کیمیابارانی هەڵەبجەی هێنایەوە کە تا ئێستا کێشەی کۆمەڵایەتی، دەروونی و ژینگەیی و گەلێک کێشەی دیکەی لێکەوتووەتەوە، لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا کە هیوادارە جینۆسایدی شەنگال و ژنانی شەنگال وەک کیمیابارانی هەڵەبجە و ژنان پشتگوێ نەخرێن و هەمووان لە هەوڵدابین.
نەجاد بابیر خەلەف، ژنێکی ڕزگاربووی دەستی داعش لە شەنگال باسی لە ڕۆژانی فەرمانی ٧٤ کرد، کە ژنان چییان بەسەرداهاتووە، وتی: ئێمە ٦٠٠ ژن بووین، کەوتینە دەستی داعش و لەگەڵ کۆمەڵێک منداڵدا براین، لە بازارەکاندا بە ٥ دۆلار فرۆشراین، ئەو ژنانەی کە فرۆشراین، ئەوەی ژنان لەو دۆخەدا بینیان بەهیچ شێوەیەک بە زمان باس ناکرێت، ژیانێکی زەحمەت بوو، لە دەستی داعشدا دەفرۆشران و پیاوان لەنێوانیاندا هەڵبژاردنیان دەکرد بۆ کڕینیان، هەم براکەم و هەم کچەکەم بێ سەروشوێنن و دیار نین، ئەم جینۆسایدە ڕوویدا بەڵام قەرەبووی دەروونی و دیکە نەکراونەتەوە و هیچ ڕێوشوێنێک بۆ دۆخی ئەو ژنانە نەگیراوەتە بەر و هەمووان بەڵێن دەدەن کە کار بۆ شەنگال دەکەن بەڵام ڕاست نییە، وەک ژنان و گەلی شەنگال ئیرادەی ژنان لەوە زیاترە کە بەو هێرشانە لەناوببرێت، ئەمڕۆ کە من دەتوانم قسە بکەم، لە سایەی ئەو ئیرادە و ڕێکخستنەوەیە کە لە شەنگالدا بە پێشەنگایەتی هزری ئازادی ژنان دروستبووە.
سهام دەخیل ڕەشۆ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تاژێ، لە کاتی هێرشی ٣ی ئابدا تەمەنی ١٣ ساڵ بووە، دوای ڕزگاربوونیان دەبێتە ژنێکی پێشەنگ و کاری ڕێکخستنەوەی ژنانی شەنگال دەکات، ئێستاش بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تاژێیە، لە پانێڵەکەدا باسی لەوەکرد کە ژنانی شەنگال لە بازارەکاندا فرۆشران، کۆمەڵکوژی کرا و شەنگال وێرانکرا، بەڵام وەڵامی هەموو هێرش و کۆمەكوژییەکان، ئاواکردنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و خۆڕێکخستنی ژنانە تا کۆمەڵگەیەکی ئازاد بە پێشەنگایەتی ژنانی ئازاد پێکبێت.
دەبێت ژنان بەرەنگاری ئەقڵیەتی تێکشکاندن و کۆیلەکردنی ژن ببنەوە
لە پانێڵی سێیەمدا دەربارەی "هۆکارەکانی جینۆساید و قڕکردنی ژنان لە عێراق"، زەینەب موراد بابەتێكی پێشکەشکرد و وتی: ژنانی کورد ژیانێکی نوێیان بۆ خۆیان بونیادناوە، لە دوای ئەو کارەساتانەی داعش ئەنجامیدا ژنان خۆیان بەڕێکخستن کرد و بە ئیرادە و هێزێکی ترەوە هاتوونەتەوە مەیدانی جەنگ، دەبێت ژن لەو بیروباوەڕ و ئەقڵییەتە تێبگەن کە هەموو هەوڵێکیان تێکشکاندنی ژن و بە کۆیلەبوونی ژن بوو و بەرەنگاری ببنەوە، دەبێت ژنان لەسەر پێی خۆیان بوەستن و سەربەخۆ بن، بۆ تێکشاندنی ئەو سیستەم و ئەقڵییەتە.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنە ئازادەکان بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە" بەردەوامە لە کارەکانی.