"ئێزدی: ئەو گەلەی کە دووچاری یەکەم جینۆساید بووە لە سەدەی بیست و یەکدا"
پانێڵی یەکەمی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان: ژنانی ئێزدی وەک نموونە، بەڕێوەچوو، باس لەوەکرا کە ئێزدییەکان لە سەدەی ٢١دا دڕندانەترین کۆمەڵکوژییان بەسەرداهات.
بەغدا
ئەمڕۆ، ٣٠ی تەمموز، لە هۆڵی ئوتێل بەغدا لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی ژنانی عێراق، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ و گردبوونەوەی ژنانی مەدەنی عێراق، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان: ژنانی ئێزدی وەک نموونە، بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنە ئازادەکان بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە" بە پانێڵی یەکەم بەردەوامە.
تەوەرەکانی کۆنفڕانسەکە لەسەر ناوی "ئێزدی: ئەو گەلەی کە دووچاری یەکەم جینۆساید بووە لە سەدەی بیست و یەکدا" بەڕێوەدەچێت، ئایسەل ئاڤێستا، ڕۆژنامەنووس لەبارەیەوە وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: کاتێک داعش لە ٩ی تەمموزدا هێرشی کردەسەر موسڵ، گەلی شەنگال دەیزانی کە هێرشیش دەکرێتە سەر شەنگال و تەلەعفەر و هەوڵیدا خۆی بپارێزێت، لەو کاتەدا ١٢ هەزار پێشمەرگەی بارزانی کە پاراستنی شەنگالیان دەکرد بەڵێنیان دا بە گەل کە پاراستنی شەنگال دەکەن، بەڵام ئەوان لە ٣ی ئابدا گەلی شەنگالیان بەجێهێشت و ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییان کردنەوە.
ئایسەل ئاڤێستا ئاماژەی بەوەشدا کە ئامانجی داعش لەناوبردنی ئێزدییەکان بوو لە هەموو ڕوویەکەوە، لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا شەنگال وێرانکرا و هەزاران کەس کوژران و ڕفێندران و ژنان بە کۆیلە کران و لەناو بازارەکاندا کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا، دوای ئەو کۆمەڵکوژییە لە ماوەیەکی کەمدا یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال-یەژەشە و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال دامەزران و پارێزگارییان لە شەنگال کرد، تەڤگەری ئازادی ژنانی شەنگال و پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدییەکان-پادێ ئاواکرا و ڕێکخستن و پاراستنی شەنگال کرا و ژنان خۆیان بەڕێکخستن کرد.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەشدا شەنگال ئێستا ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرش و پیلانگێری دەبێتەوە، ڕێککەوتنی ٩ی تەمموز لەپێناو لەناوبردنی دەستکەوتی ئەو گەلەدا بوو تا جارێکی دیکە گەلی ئێزدی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی ببێتەوە، هەموو ساڵێک هێرشی نوێ دەکرێتە سەر شەنگال تا کۆکی ئەو گەلە لەناوببرێت و شەنگال چۆڵ بکرێت، ئەوانەشی لە دووری خاکەکەیان دەژین ڕووبەڕووی ئاسیمیلاسیۆن دەبنەوە، ئەم هێرشانە لەبەرچاوی جیهانەوە دەکرێت و لێی بێدەنگە.
خراپترین کۆیلەکردن بەسەر ژنانی شەنگالدا هات
پانێڵی یەکەم، لەبارەی قڕکردنی ژنان وەک پایەیەکی سەرەکی لە جینۆسایددا، قڕکردنی ژنان واتای چییە؟ هۆکار و ئامانجەکانی چین؟ بەڕێوەدەچێت، ماجدە هاتوو هاشم، نووسەر و مامۆستای زانکۆی بەغدا وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا کۆمەڵکوژی تەنها کوشتن نییە، بەڵکوو هەموو جۆرەکانی لەناوبردنی زمان، شوناس، کلتوری و هونەری و توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنە کۆمەڵکوژی، مێژووی ئەم کۆمەڵکوژییە کورت نییە و لەمێژە بوونی هەیە، لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە تا دەگاتە خاچپەرستەکان و کۆمەڵكوژی ئەرمەنییەکان و ئەڵمانییەکان و لە کۆمەڵكوژی لە ئەفریقا ڕوویداوە، هەروەها کۆمەڵکوژی یابان و چین و ڕووسیا و لە کوردستانیشدا کۆمەڵکوژی ئەنفال هەیە هەروەها پاکتاوکردنی شیعەکان لە باشووری عێراق و فەیلییەکان و ئەمڕۆش شەنگال بە هەزاران کەس لە جیهاندا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی جیهان بوونەتەوە.
هەروەها ماجیدە وتی: کوشتن و ئاوارەکردنی ئێزدییەکان وەحشیترین کۆمەڵكوژییە کە هیچ بیانوویەکی نییە و خراپترین کۆیلەکردنی دژی ژنانی ئێزیدی بەڕێوەچوو، لە سەدەی ٢١داین ئەم تاوانە ڕووبدات شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی، کۆمەڵکوژی ژنان و ئاوارەبوونی گەلی ئێزدی و کشانەوەی هێزەکان لە پاراستنی شەنگال شەرمەزاریبوو بۆ عێراق و هێزە نێودەوڵەتییەکان چونکە ئەم سەردەمە سەردەمی جەهالەت نییە بەڵام کۆیلەکردن و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان ڕوویدا، ئێستاش ژیانی ئاوارەکان و ئەو کەسانەی کە لە کامپەکاندان لە دۆخێکی خراپدایە و پێویستە ژیانیان دەستەبەر بکرێت، پێویستە لەم کۆنفرانسەدا و لە داهاتووشدا کاربکەین تا دەنگی خۆمان و داواکارییەکانمان بگەیەنینە جامیعەی عەرەبی و وەزارەتە جیاوازەکان تا دۆخی شەنگال و ژنانی شەنگال بەرەو باشتر ببەین و ئەو کۆمەڵکوژییە بە جینۆساید بناسێنرێت.
لالە ئازاد، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە پانێڵەکەدا وتاری باربارا سپینێلی، پارێزەر، ئەندامی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ژنان و نووسەری پەرتوکی فێمینیساید/ئیتاڵیای خوێندەوە کە خۆی بەهۆی کێشەی ڕێگەوە نەیتوانی بەشدار ببێت.
لە وتارەکەدا ئاماژە بەوەدا کاتێک کە داعش هێرشی کردەسەر شەنگال بە دڕندانە هێرشی کرد و کوشتاریان ئەنجامدا، سەرەڕای واژۆکردنی پەیماننامەی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەڵام عێراق و ئێران و تورکیا پێشێلی پەیماننامەکە دەکەن و گەلی ئێزدییەکەیان لە کۆمەڵكوژی نەپاراست بەڵکو بەشێکن لەپلانگێڕییەکانی سەر ئیزدییەن
"لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییە ژنان خۆیان بەڕێکخستن کرد و خۆیان پیشانی جیهاندا کە ژنان خۆیان دەپارێزن و هێزی یەژەشەیان دامەزراند و بەرخۆدانی و پاراستنی شەنگال و ژنانیان گرتە ئەستۆ لەسەر بیر و هزری ڕێبەری گەلان، عەبدوڵا ئۆجالان".
بە پانێڵی دووەم بە ناونیشانی قۆناغی هێرشەکانی جینۆسایدی ٣ی ئابی ٢٠١٤ و هەوڵدان بۆ دووبارە دروستبوونەوە لە ژێر خۆڵەمێشدا، بەردەوام دەبێت.