کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان دەستیپێکرد
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان دەستیپێکرد و ئاماژە بەوەدرا ئامانجمانە لەم کۆنفرانسەدا یەکێتی ژنان پێکبهێنین و کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا و پەرلەمانەکانی دیکەدا بە جینۆساید بناسرێت.
بەغدا
ئەمڕۆ، ٣٠ی تەمموز، لە هۆڵی ئوتێل بەغدا لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی ژنانی عێراق، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ و گردبوونەوەی ژنانی مەدەنی عێراق، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان: ژنانی ئێزدی وەک نموونە، بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنە ئازادەکان بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە" دەستیپێکرد.
ژنانی کورد، عەرەب و ئێزدی بە جلوبەرگی کلتوری خۆیانەوە لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر جینۆسایدی ژنان لە مێژووی عێراقدا و سەدەی ٢١دا، لە سەرەتای هۆڵەکەشدا بە پێشەنگایەکی فۆتۆیی ڕۆژانی فەرمانی ٧٤ و دۆخی ژنان و منداڵان نیشاندرا.
سەرەتای کۆنفرانسەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان و ژنانی قوربانی دەستی داعش و سەرجەم ئازادیخوازانی گیانیان بەختکردووە، پاشان سینەفزیۆنێک لەسەر کۆمەڵکوژی و فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ کە لەلایەن داعشەوە بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی و ژنانی ئێزدیدا هات نیشاندرا.
پاشان وتاری کردنەوەی کۆنفرانس لەلایەن بوشرا ئەبو عەیس، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکار، پێشکەشکرا و ئاماژەی بەوەدا ٣ هەزار ئێزدی کوژران و ٥٠٠٠ ڕفێندران، ٤٠٠ هەزار کەس ئاوارەی هەولێر و دهۆک و زاخۆ بوون، زیاتر لە ١٥٠٠ ژنیش دەستدرێژییان کراوەتەسەر و لە بازارەکانی سوریادا وەک کەنیزەک مامەڵیان پێوەکرا.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، داعش جینۆسایدی دژی ئیزدییەکان ئەنجامدا کە تاوانی جەنگە و هەموو جۆرەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجامدرا، هەموو تاوانەکان لە بەڵگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش تۆمار کراوە، ئەو ئەنجامەی کە خراوەتەڕوو لەلایەن بەرپرسیاران، ڕێکخراوەکان و پزیشکان و لایەنەکانی دیکە، خراوەتەڕوو کە داعش تا ئێستا بە هەموو شێوازەکان هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگەی ئێزیدی و خوازیارن ئەو دەستکەوتانەی گەلی ئێزدی بەدەستیان خستووە لەناوببەن.
ئامانجمان لەم کۆنفرانسەش لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ئێزدییەکان ئەوەیە کە دۆخی عێراق و سوریا بەتایبەت بۆ ئێزدییەکان بخرێتە بەردەم دادگا و تاوانەکانی داعش بچەسپێنرێت و بکەرانی بە سزای خۆیان بگەن، هەروەها وەک لایەنی ناوخۆی و هەرێمی و نێودەوڵەتی لەم کۆنفرانسەدا داوا دەکەین کە جینۆسایدی شەنگال لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسرێت و وەک چۆن لە پەرلەمانەکانی هەرێمی کورد، عێراق و چەندین وڵاتی دیکە ناسێنراوە.
ژیاندا ئێزیدخان، ئەندامی یەکینەکانی ژنانی شەنگال، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی بە نزیکبوونەوە لە فەرمانی ٧٤ی ئیزدییەکان ئەوە دەهێنینە زمان کە تائێستا کۆمەڵکوژی لەسەر ئیزدییەکان بەردەوامە، کۆبوونەوەی ئێمە بۆ ڕووبەروو بوونەوەی پیلانگێڕییەکانە، ئەمڕۆ کە ژنانی جیهان پێکەوە کۆدەبنەوە لە سایەی تێکۆشانی ژنانە لەپێناو ئازادیدا، ژنانی ئێزیدخان دەریانخست کە ئیرادەیان بەهێزە و لە هەموو ئەو پیلانگێڕییانە بەهێزترە کە بەسەر کۆمەڵگەی ئیزدییەکانیدا دێت و بەرخۆدان دەکەن، پێشەنگەکانمان ڕێیان بۆ دیاریکردین و ئێمە بەردەوامی بەو تێکۆشانە دەدەین.
ژیاندا ئاماژەی بەوەدا ئێمە پشتمان بە هێزەکانی عێراق و پەدەکە بەست بەڵام ئەوان لە کاتی هێرشەکەدا بەجێیان هێشتین، ئێمە وەک گەلی ئێزیدی شاهیدی کۆمەڵکوژی بووین، بەڵام بە هێز و ئیرادەی خۆمان خۆمان پاراست و خۆمان بە ڕێکخستن کرد، ئێمە گەلی عێراقین و پێویستە عێراق شەنگال وەک شوێنەکانی دیکە بپارێزێت، ئێمەش وەک یەژەشە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و ژنان دامەزراوین و هەتا کۆتایی پارێزگاری لە شەنگال دەکەین.
هیبە حەدادین، لەسەر ناوی هاوپەیمانی دیموکراتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا-نەدا، پەیامێکی ڤیدیۆیی پێشکەشی کۆنفرانسی ژنان کرد.
هاوکات جولیاتا ئارام لەسەر ناوی تەڤگەری ژنانی کورد لە ڕووسیا، سڵاوی خۆیان پێشکەشی کۆنفرانسەکە کرد و وتی: لە رووسیاوە جاری یەکەمە کە بەشداری کۆنفرانسێكی هاوشێوە دەکەین، ئەمڕۆ دۆخی ئێزدییەکان، ژیان و ئازاری ئێمەیە، ٣ی ئاب کوشتن، لێدان زوڵم و زۆری، دەستدرێژی و توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانە و ئازاری ئێمە هەموومانە و لەسەر هەموومان بوو، دوژمن و چەتەکان ویستیان کۆمەڵگە و شارستانییەک لەناو ببەن، بەڵام بینیمان کە پیلانەکانیان سەرکەوتو نەبوو گەلی ئێزدی پارێزرا لەلایەن یەپەگە، هەپەگە و یەپەژەوە، بێگومان ئێمە خیانەتیشمان بینی کە لە گەلی ئێزدی کرا و ئەوە ئازاری گەورە بوو بۆ گەلی کورد و بەتایبەت بۆ ژنان چونکە ژنانی ئێزیدی فرۆشران و کۆیلە کران.
هەروەها وتیشی: ئێمە وەک ژنانی ئێزدی لە ڕووسیا ئەرمینیا و گورجستان دەستکەوتنی باشمان لە خەباتی نەتەوەیی و گەلی خۆمان بەدەستهێنا، ئەمڕۆ دەبینین بە یەکێتی و ڕێکخستن و زاناییی خۆمان دەتوانین بگەینە ئامانجەکانمان، چۆن ژنانی ئێزیدی بە یەکێتی خۆیان بوونە قەڵغان، وەک ژنانی ڕووسیاش پەیامی ئێمە ئەوەیە بە ڕێكخستن و یەکگرتن دەتوانین دەستکەوتەکانمان بەدەستبهێنین و سەرکەوتووبین، هیوادارین ئەم کۆنفرانسەش ببێتە هۆکاری سەرکەوتن و یەکڕیزی زیاتری ژنان تا سەرکەوتن.