ژنان ڕوو لە هۆڵی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق دەکەن لە بەغدا
بە دروشمی بە ئیرادەی ژنە ئازادەکان بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان: ژنانی ئێزدی وەک نموونە، دەستپێدەکات و ژنان ڕوو لە هۆڵی کۆنفرانس دەکەن.
بەغدا
ئەمڕۆ، ٣٠ی تەمموز، لە هۆڵی ئوتێل بەغدا لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان: ژنانی ئێزدی وەک نموونە،بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنە ئازادەکان بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە" بەڕێوە دەچێت، ژنانیش ڕوو لە هۆڵی کۆنفرانس دەکەن.
ژنانی کورد، عەرەب و ئێزدی بە جلوبەرگی کلتوری خۆیانەوە ڕوویان لە هۆڵی کۆنفرانس کردووە بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر جینۆسایدی ژنان لە مێژووی عێراقدا و سەدەی ٢١دا، لە سەرەتای هۆڵەکەشدا بە پێشەنگایەکی فۆتۆیی ڕۆژانی فەرمانی ٧٤ و دۆخی ژنان و منداڵان نیشاندرا.
کۆنفرانسەکە لە پێنج پانێڵ پێکدێت، بەم بابەتانە:
پانێڵی یەکەم: قڕکردنی ژنان وەک پایەیەکی سەرەکی لە جینۆسایددا، قڕکردنی ژنان واتای چییە؟ هۆکار و ئامانجەکانی چین؟
پانێڵی دووەم: قۆناغی هێرشەکانی جینۆسایدی ٣ی ئابی ٢٠١٤ و هەوڵدان بۆ دووبارە دروستبوونەوە لە ژێر خۆڵەمێشدا.
پانێڵی سێیەم: هۆکارەکانی جینۆساید و قڕکردنی ژنان لە عێراق.
پانێڵی چوارەم: بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چین؟
پانێڵی پێنجەم: پێشنیازی پرۆژەی عێراقی دیموکراتی و ئازادی ژنان وەک دژەژاری جینۆساید و قڕکردنی ژنان.