ئەمینە ئۆسێ: ئایندەی ژنان لە سووریا لە مەترسیدایە

ئەمینە ئۆسێ، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکان و هاوپەیمانییە دیموکراتیک کۆنگرە ستار، لە پەیوەندی بە پێشهاتەکانی سووریادا ڕایاگەیاند، کە ئایندەی ژنان بە هۆی کردەوەی گروپە جیهادییەکان لە سووریا لە مەترسیدایە و تەنیا چارەسەری سیستەمی خۆبەڕێوەبەرییە.

ناوندی هەواڵ

 

ئەمینە ئوسێ، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکان و هاوپەیمانییە دیموکراتیک کۆنگرە ستار، سەبارەت بە پڕۆسەی ئێستا هەڵسەنگاندنی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و ئاماژەی بەودا، هەرچەندە ڕووخانی ڕژێمی بەعس دڵخۆشی بۆ خەڵک هێنا، بەڵام هاتنی چەتەکانی تەحریر شام و بارودۆخی ئێستا مەترسی بۆ خەڵکی سووریا دروستکرد.

 

ئەمینە ئۆسێ وتی: ڕژێمی بەعس بۆ ماوەی ٦١ ساڵ حوکمڕانی سووریای کرد. سیستەمێکی دیکتاتۆری و هەواڵگری و توندی بەسەر خەڵکی سووریادا جێبەجێکرد. لە ژێر سایەی ئەم سیستەمەدا هەموو گەلان زەرەرمەند بوون و ڕووبەڕووی فشارێکی گەورە بوونەتەوە. بەڵام گەلی کورد و ژنانی کورد ئەوانە بوون کە زۆرترین ڕووبەڕووی فشار و ستەم و ڕێسا توندەکان بوونەتەوە. لە ماوەی ٦١ ساڵدا ناسنامەیان لێسەندرایەوە و زمانیان قەدەغە کرا و یەکتاپەرستی بەسەر کولتوورەکەیاندا سەپێنرا. هەر بۆیە داوایان لێکرا سێ قات خۆیان ڕێکبخەن. لە سیستەمی بەعسدا پێشێلکردنی مافەکان لە ئاستێکی بەرزدا بوو بۆ هەموو گروپەکان بەتایبەتی ژنان".

 

قسەکانی ئایشە دبس مەترسی بۆ ژنان نیشان دەدات

لە درێژەی قسەکانیدا، ئەمینە ئۆسێ سەرنجی بۆ فشارەکانی سەر ژنان لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و لە سەردەمی جیهادییەکان بە ناوی چەتەکانی تەحریرشام و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا: "لە سەردەمی بەعسدا هەموو ژنان لەژێر چەتری یەکێتی ژناندا کۆدەبوونەوە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن هاوسەری سەرۆکی دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام ئەمە خەباتێک نەبوو بۆ ئازادی ژنان. بەپێچەوانەوە ژنان فێری ئەوە دەکران کە چۆن ماڵەکەیان بەباشی بەڕێوەببەن و ئاگاداری منداڵەکانیان بن و خزمەتێکی باش پێشکەش بە هاوژینەکانیان بکەن. بەڵام سەبارەت بە بەشداریکردن لە سیاسەتدا، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، واتە زانستی، سیاسی، ئابووری، تەندروستی و...هتد، هیچ پڕۆژە و بیرۆکەیەک نەبوو کە ژنان چۆن بەشداری بکەن. لە بنەڕەتدا هەموو مافەکانی ژنان پێشێل کران. بێگومان لە ڕژێمێکی دیکتاتۆرەوە شتێی جیاواز چاوەڕوان ناکرێت. ئەمڕۆش دەبینین هەمان ئەقلیەتی دژ بە ژنان لە ژێر چەتری چەتەکانی تەحریرشام کە لە ئێستادا دیمەشق بەڕێوەدەبەن، کاریگەرە. لە وتارەکانی وەزیر ئایشە دبسەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمڕۆش هەمان شت لەبارەی ژنانەوە دەڵێت. ئەرکی ئایشە دبس چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنانە، بەڵام لە یەکەم دیداریدا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە ژنان دەردەبڕێت. لە ڕاستیدا ئەم وتارە بەو مانایە دێت کە لە داهاتوودا چاوەڕوانی ژنان لە سووریا چی دەبێت. هەرچەندە هەندێک کەس دەیانویست خۆیان لە کاردانەوە بەرامبەر بەو وتارانە بەدوور بگرن؛ بە ئاشکرا باسی لەوە کرد کە بۆچوونی ئەوان سەبارەت بە ژنان چییە. ئەمەش بە مانای شکاندنی ئیرادە و بوون و ئازادی بۆ ژنیش دێت.

 

ئەوان دەیانەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە حوکمڕانی بەسەر ژناندا بکەن

دوای ٦١ ساڵ لە زیادبوونی ئازار و مەینەتی و نایەکسانی بۆ پێکهاتەکان لە سووریا و بەتایبەت بۆ ژنان، بوونی چەتەکانی تەحریرشام لە سووریا هەڕەشەکانی ئێستا لە ڕووی پاراستنی مافەکانەوە زیاتر دەکات. لە هەنگاوی یەکەمدا جۆلانی باس لە جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامی توند دەکات و وەک یاسا وەریدەگرێت. تەنانەت دەتوانین بڵێین ژن هیچ مافێکی نابێت. لە دیمەنی یەکەمدا دەبینین کە ئەوان دەیانەوێت ئەو یاسایانە جێبەجێ بکەن کە لە ئیدلب و لە سەرتاسەری سووریادا جێبەجێکراوە. با بەڕاشکاوی باسی بکەین، یاسای توند لەسەر سەری ژنان، لە پەنجەی پییان تا مێشکیان جێبەجێ دەکرێت. بەم شێوەیە ژن تەنانەت وەک بوونەوەرێک نابینرێت. مافی کارکردن و ڕێکخستن نامێنێت. ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان وەک زانست، تەندروستی، ئابووری، سیاسەت، دیپلۆماسی و هتد. بوونی نابێت. هەرچەندە لە سەرەتاوە دەڵێن؛ "ئێمە دژی پەروەردەی ژنان نین" بەڵام پێدەچێت پەروەردەی ژنان لە چوارچێوەی پرۆگرامە ئاینییەکاندا بێت و بەو شێوەیەش ڕوودەدات. لە هەمان کاتدا ژنان لە ڕووی مافە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەبن. لە لایەنی سیاسییەوە سیستەمێک پشت بە بیرۆکەی سەلەفی و جیهادی ببەستێت بە دڵنیاییەوە هیچ ڕۆڵێکی بۆ ژنان لە یاسای سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نابێت. کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆییش".

 

پێویستە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی هەبێت

لە درێژەی قسەکانیدا، ئەمینە ئۆسێ ڕایگەیاند، ئەگەر دژایەتییەکی بەهێز لە دژی ئەقڵیەتی چەتەکانی تەحریر شام هەبێت، ئەوا ناتوانن درێژە بەو کردەوەیانە بدەن بەرامبەر بە ژنان و وتی: "ئەگەر لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، دیپلۆماسی و هتد...، ئەگەر دژایەتییەک هەبێت، ئەنجامێکی ئەرێنی وەردەگیرێت. کۆمەڵگەیەک کە بیەوێت لەگەڵ ڕێکخراو و ڕەنگەکەیدا بژی، چۆن دەتوانێت بە توندی شەڕی شەریعەت و یاساکانی ئیسلامی سەلەفی بکات؟ ئەمە گرنگە. بۆ ئەوەش پێویستی بە هاودەنگییەکی بەهێز هەیە. پێدەچێت لە سووریادا کە هەمەچەشنی کورد، دروز، عەرەب، عەلەوی، مەسیحی، واتە چەندین نەتەوە و چەندین مەزهەبی تێدایە، سیستمێکی شەریعەت کە تەنها لەسەر بنەمای یاسا توندەکانی ئیسلامی بنیات نراوە، ناتوانێت بەردەوام بێت. سەپاندنی یاسای شەریعەت بەسەر پێکهاتەکانی سووریادا بە زەبری هێز دەبێتە هۆی کۆمەڵکوژی زۆر و شکاندنی ئیرادە. داڕشتنی کۆمەڵگەی سووریا بە زۆر کارەساتێکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

 

ئەمینە ئۆسێ سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییە وتی: لەم دواییانەدا زۆر ڕووداو کە ڕوویانداوە، گرنگ نییە ناویان چی بێت، نیشانەی پرۆسەیەکی لەو شێوەیەن. بە واتایەکی تر هەموو ئەو کولتوور و پێکهاتە و نەتەوە و بیروباوەڕە جیاوازانەی لە سووریا دەژین دەیانەوێت بخرێنە ناو سنووری شەریعەتەوە. هەرچەندە هێشتا دەستوور نەنووسراوە، بەڵام ئەو یاسایانەی لە ئیدلب جێبەجێ دەکرێن بە سەرەکی دەزانن. بۆ نموونە بۆ ژنان چوونە دەرەوە و بەشداری لە چالاکییەکان حەرامە. پێویستە ژن و پیاو لە شوێنە گشتیەکان جیابکرێنەوە. نابێت ژن و پیاو لە شوێنی کاردا پێکەوە بن. لە هەمان کاتدا ژنان بە تەنیا نەچنە دەرەوە، هاوژین یان براکەی لەگەڵیان بێت. لە هەمان کاتدا مۆدێلی ژنە پەردەپۆشەکان وەک مۆدێلێک دەخرێتەڕوو و پڕۆپاگەندەکەی وردە وردە دەکرێت. ئەمەش مەترسی گەورە بۆ ژنان بەگشتی دروست دەکات".

 

پێویستە ژنانی سووریا پێکەوە دابنیشن و باس لە دۆخەکە بکەن

ئۆسێ ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەکی یەکسان لە دژی ئەم کارانە هەبێت، پێویستە ژنان لە سووریا بە دەنگێک بیروڕای خۆیان دەرببڕن، پێداگری لەسەر خەباتێکی بەهێز لە مەیدانەکاندا بکەن. ئەمینە ئۆسێ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە هەموو ئەو لیژنە دەستوریانەی کە دەنووسرێن، پێویستی بە بۆچوونی ژنان زۆر ڕوون و ئاشکرا بێت لە دانوستانەکانی پەیوەست بە داهاتووی سووریادا. بۆ ئەوەی بتوانن لە دەستووردا ڕۆڵێکی کارا بگێڕن و مافەکانیان دەستەبەر بکەن، نابێت پشکی ژنان لە سەدا ٥٠ کەمتر بێت. ئێستا دەبینین لە سووریای نوێدا پشکی ژنان تەنانەت لە ٪١ نییە. لە هەمان کاتدا پێوانەی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە دەستووردا دیاری بکرێت. بۆ ئەوەی پشتگیری لە مافەکانیان بکەن و بە تەنیا نەمێننەوە؛ ژنان خۆیان ڕێکبخەن و هاودەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بنیات بنێن. ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی و بەهێزکردنی ڕێکخراوەکانی ژنانیش هەیە. ئێستا هەموو هەوڵەکانی بزووتنەوەکانی ژنان دەبێ لەسەر بنەمای ئەم دیدگایە کۆببنەوە.

 

بۆ ئەوەی بتوانیت فشار دروست بکەیت لە بواری نێودەوڵەتیدا، پێویستە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی کە ئارەزووی مافەکانی ژنان دەکەن لە پەیوەندیدا بێت. ئەمەش زۆر گرنگە لە پێناو پاراستنی مافی ژنان لە دەستووری نوێدا. لە هەمان کاتدا پێویستە بزووتنەوەکانی ژنان زۆر بڕیار کە لە بواری نێودەوڵەتیدا هەن، وەک بڕیاری ساڵی ١٣٢٥ بخەنە کارنامەی خۆیان و هەموو جیهانەوە. هەروەها پێویستە خەباتێک ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بەشدارییەکی دادپەروەرانە لە دەستووری داهاتووی سووریا لە هەموو لیژنەکانیدا هەبێت. گرنگترین شت گۆڕینی هەندێک لە یاساکانی پێشووە کە جیاوازییەکی گەورەی لەنێوان ژن و پیاودا دروستکردبوو و خزمەتی ژنانیان نەکرد. چونکە یاسای لەو جۆرە زۆر بوو. بۆ نموونە یاساکانی باری کەسی لە هەمان کاتدا سزاکانی پەیوەست بە بارودۆخی کەسی (وەک یاساکانی بنەماڵە) کە پەیوەندییان بە کوشتنی ژنانەوە هەیە بە ناوی شەرەفەوە لاببرێن. پێویستە یاساکان لەسەر بنەمای پاراستنی ژنان، توندوتیژی لەسەر خێزان، لەسەر ژنان، لە هەمان کاتدا هەموو جۆرە توندوتیژییەک کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەگەڵ یاسایەک کە ژنان لە توندوتیژی بپارێزن بگۆڕدرێت. لە هەمان کاتدا یاساکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان لە کاتی هاوسەرگیریدا دەبێت لەوێ بن بۆ ئەوەی منداڵەکان بگەنە دەستی دایکیان، واتە بەرپرسیارێتی منداڵەکان لە ئەستۆی ژناندایە.

 

چارەسەر سیستەمی خۆبەڕێوەبەرییە

لە درێژەی قسەکانیدا، ئەمینە ئۆسێ ڕایگەیاند کە پێویستە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان خەبات بکەن بۆ دامەزراندنی سووریایەکی دیموکراتیک و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا:"سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوی کۆنگرە ستار و هەموو ڕێکخراوەکانی ناو سووریا هەنگاوێکی جەوهەرییە بۆ ئەوەی کە سووریایەکی دیموکراتیک بێت. بە دڵنیاییەوە لە سووریای فرە نەتەوەیی، فرە تائیفیدا، سیستەمێکی ناوەندی کە پشت بە شەریعەت ببەستێت، نابێتە چارەسەرێک بۆ کۆمەڵگەی سووریا.

 

ئەگەر ئەم سیستەمە بە زەبری هێز بسەپێندرێت، دەبێتە هۆی جینۆساید، دەبێتە هۆی لەناوچوونی زۆرێک لە کولتوورەکان. بۆ ئەوەی سیستەمێک دروست بکرێت کە ببێتە هۆی ئاشتی لە سووریا، خەڵک بە پێی کولتوور و سروشتی خۆیان بژین؛ ئەوە سیستەمی خۆبەڕیوەبەرییە. بەم شێوەیە بوونی قەوارە سوورییەکان پارێزراو دەبێت. ئەگەر مەزهەب و گەلان لە سووریا پارێزراو بن، ئەم ڕەنگکردنە لە سووریا دەبێتە نموونە. بۆ ئەوەش پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری جەوهەرییە.

 

کردەوەکانی لەدژی عەلەوییەکان پێشێلکردنی کەرامەتە

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەمینە ئۆسێ باسی لە کردەوەکان لەسەر عەلەوییەکان کرد و وتی؛ دەشڵێت "ئەو شێوازانەی ئێستا کە چەتەکانی تەحریر شام لەسەر گەلی عەلەویی بەڕیوەی دەبن، شێوازی شکاندنی کەرامەتن. پێویستە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان باشتر چاودێری بکەن. پێویستە هەمووان وریا بن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە نەگۆڕێت بۆ شەڕێکی تری ناوخۆیی. هەموو کارەکانی دەرەوەی مافەکانی مرۆڤ نابێت قبوڵ بکرێن و پێویستە دژایەتی بکرێن".