لە تورکیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٣ ژن کوژران
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە ٣ شاری تورکیا ٣ ژن کوژران، یەکێک لەو ژنانە سەرەڕای بڕیاری دورخستنەوە، بەڵام پارێزراو نەبوو، بکوژی یەکێکی دیکەش لە ژنانە تا ئێستا دەستگیر نەکراوە.
ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ بە هەواڵی توندوتیژی دژی ژنان چووینە ساڵی ٢٠٢٥ەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان ڕاپۆرتی کۆتایی ساڵیان بڵاوکردووەتەوە، لە داتاکانی ڕاپۆرتەکاندا دەردەکەوێت کە زۆرێک لە ژنان کوژراون بەهۆی ئەوەی یاسای ژمارە ٦٢٨٤ بە باشی جێبەجێ نەکراوە و سیاسەتی بێ سزایی بەڕێوە دەچێت، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووشدا لە ٣ شاری تورکیا ٣ ژن کوژران.
ئەستەنبوڵ
لە شاری باخچەلیئەڤلەرا لە ئەستەنبوڵ، پیاوێک بە ناوی ف.ف. تەمەن ٢٣ ساڵ، خوشکە گەورە ٢٧ ساڵەکەی بە ناوی ت.ف. بریندار کرد و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، دوای ڕووداوەکەش بکوژ خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد.
بورسا
لە ناحیەی یڵدریم لە بورسا، ئەو کەسانەی بینیویانە کەسێک لەناو ئۆتۆمبێلێکدا خەوتووە، پەیوەندییان بە سەنتەری پەیوەندی ١١٢ کرد، دوای گەیشتنی پۆلیس دەرکەوتووە ژنێک بەناوی فاتمە ئەلیف ک. بریندارە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە فاتمە گیانی لەدەستدا، بەڵام نازانرێت فاتمە ئەلیف ک. لەلایەن کێ و چەند کەسەوە کوژراوە.
سامسون
لە ناوچەی ١٩ی مایس لە سامسون، ژنێک بە ناوی مورادییە ئۆ.، لەلایەن بیرۆل ئۆ.، تەمەن ٤٥ ساڵ، کە فەرمانی جیابوونەوەی لە دژی دەرچووبوو و خەریک بوو جیاببنەوە، کوژرا. تاوانبارەکە کە دوای هێرشەکە لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە، دەستبەسەر و دەستگیرکراوە.