گزنگی بەربەیان: ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر و مۆڵەتمان هەیە

ئەمڕۆ لە بارەی ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدرا و سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، داخستنی هەندێک ناوەندی رێكخراوەیی و میدیایی پەیوەندی بە فشاری دەرەكییەوە هەیە، بڕیارەكە سیاسییە بەڵام بەرگی یاسای لەبەركراوە.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئۆفیسی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی بە بەشداری نوێنەرانی سەنتەری میترۆ، ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان و بە پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بارەی ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان ئەنجامدرا.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە وتارەكەیدا ڕایگەیاند، داخستنی هەندێک ناوەندی رێكخراوەیی و میدیایی پەیوەندی بە فشاری دەرەكییەوە هەیە، بڕیارەكە سیاسییە بەڵام بەرگی یاسای لەبەركراوە و ئێمە بە توندی سەركۆنەی دەكەین.

 

هەروەها باسی لەوە كرد، ئەگەر بڕیاری داخستنەكە پەیوەندی بە بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەیە كە چەند پارتێكی سیاسی بە بیانوی نزیكییان لە پارتی كرێكارانەوە ئەوەش هەر ناڕەوایە، چونكە ئەم كۆمپانیا و ناوەندانەی داخراون كە كۆپنیای مۆڵەتپێدراون و دوورن لە كاری حزبی، وتیشی: دەبێت ئەم كردەوەیە رۆحی هاوپشتی نێوان دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان فراوانتر بكات و هەمووان فشاربكەن بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە.

 

تەوار عادل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، راگەیەندراوی کۆمپانیاکەی خوێندەوە و وتی:

" سەرباری تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر داخستنی کۆمپانیاکەمان، تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان و لایەنی جێبەجێکار کە بەرپرسە لە داخستنی کۆمپانیاکەمان، هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی هۆکاری داخستنی کۆمپانیاکەمان پێ نەداوین، لەکاتی هەڵکووتانە سەر ئۆفیسی کۆمپانیاکەشمان، تەنها پێیان وتین کە هەفتەی داهاتوو سەردانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بکەین و هیچ روونکردنەوەیەکی دیکەیان لەسەر بڕیارەکە پێ نەداین.

 

ئێمە بە سەرسووڕمانەوە لە بڕیاری داخستنی کۆمپانیاکەمان دەڕوانین، چونکە کۆمپانیاکەمان بەفەرمیی لە ٢٦ی ١٢ی ٢٠١٧ لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی تۆمارکردنی کۆمپانیا خۆماڵییەکان-ی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بڕوانامەی دامەزراندنی بە ژمارە ٢٦٠٧٧ پێ بەخشراوە و لە ٢٧ی ٥ی ٢٠٢٤ بە بڕیاری ژمارە ٨٢٨٣ مۆڵەتی نوێکراوەتەوە و ساڵانەش ئەم رێکارەمان گرتووەتەبەر و هیچ گرفت و پاڵنەرێکی یاسایی نییە کە بکرێتە پاساو و بناغەی بڕیارێکی لەوشێوەیە بۆ راگرتنی کارەکانی کۆمپانیاکەمان.

 

کۆمپانیای گزنگی بەربەیان کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی میدیاییە و گرێبەستی کارکردنی لەگەڵ تەلەفزیۆنی ژن تیڤی هەیە و بەرنامە و پڕۆگرامی بۆ ئامادە دەکات، لە ماوەی حەوت ساڵی رابردووی کارکردنماندا، بەوپەڕی پابەندێتییەوە رێسا و یاسا کارپێکراوەکان و ئیتیکی کاری میدیاییمان رەچاوکردووە و تەریب لەگەڵ کۆی بنەماکانی کاری رۆژنامەوانیی، بووینەتە دەنگ و رەنگی ژنانی باشووری کوردستان و کاری میدیایی چڕمان لەسەر پرسەکانی ژنان کردووە.

 

لەو سۆنگەیەوە ئێمە داخستنی کۆمپانیاکەمان بە پێشێلکارییەکی زەقی ئازادیی کاری راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان لەقەڵەم دەدەین و پێمان وایە، دەرکردنی ئەو بڕیارە و داخستنی دەزگایەکی میدیایی، جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان بەگشتیی و سنووری پارێزگای سلێمانی بەتایبەتیی دەخاتەوە بازنەی سووری بەرتەسککردنەوەی ئازادیی کاری میدیایی و هێندەی دیکە ناوبانگی هەرێم لەرووی کاری میدیاییەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش لەکەدار دەکات".

 

هەروەها ڕایگەیاند، ڕۆژی ٣١ی کانوونی یەکەم و کۆتا ڕۆژی ساڵی ٢٠٢٤، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی هەڵیانکووتایە سەر ئۆفیسی سەرەکیی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بۆ هەموو پڕۆگرامێکی تەلەفزیۆنیی/سنووردار، کە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی میدیاییە و تابلۆی کۆمپانیاکەیان داگرت و کارەکانیان راگرتین، بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی یاسایی یاخود فەرمانێکی دادوەرییان پێبێت.