پیاوێک دەستگیرکرا بە فێل پارەی لە خەڵک وەرگرتووە

پیاوێک دەستگیرکرا، کە لە ڕێگەی فێڵەوە بانگەشەی ئەوەی کردووە، دەتوانێت بە دووعا چارەسەری نەخۆشی و گرفتە تەندروستییەکان بکات، چەندین وێنەی ژنیشی پێگیراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران ڕایگەیاند، لەلایەن بەشی ئاسایشی شارۆچکەی خەلیفان پیاوێک دەستگیركرا، كە خۆی بە “شێخ” ناساندووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە، كه‌ دەتوانێت لە ڕێگەی “دوعاوە” چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەكان، جەڵتەی دڵ و مێشک، گرفتەکانی گەدە و گورچیلە و هۆرمۆنی جەستە دەكات و بەتایبەتیش دەتوانێت باڵای ژنان درێژ بکات.

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران ده‌ڵێت: دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە ئەو كەسە جادوگەرە، لە ڕێگەی فێڵكردنەوە پارەی لە خەڵک وەرگرتووە، بڕی ٥٠٠ دۆلاری لە چەندین كەس وەرگرتووە بۆ درێژكردنی باڵایان، هەروەها لەناو مۆبایلەكەیەوە چەندین وێنەی نەشیاوی ژنانی پێگیراوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران ڕوونیکردووەتەوە، لە ئێستادا تۆمەتبارەكە بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.