دووبارە دەوڵەتی تورکیا سنوری ئامێدی بۆردوومان کرد

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی سنووری شارەدێی دێرەلووکی لە ئامێدی کرد، لە ئێستادا ئاگر لە دارستان و پووش و پاوانی ناوچەکە کەوتووەتەوە، تا ئێستاش دەوڵەتی تورکیا ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار دۆنم زەوی سووتاوندووە و زیانی پێگەیاندوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی سنووری شارەدێی دێرەلووکی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد کە بەهۆیەوە ئاگر لە ناوچەکە کەوتەوە.

 

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ئەنجامی بۆردوومانەکەی دەوڵەتی تورکیا ئاگر لە دارستان و پووش و پاوانی سنووری گوندی مژە و ناوچەی بەرگارە کەوتووەتەوە و تا دێت ڕووبەڕی ئاگرەکە بەرفراوانتر دەبێتەوە.

 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، بە هۆی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکەوە ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار دۆنم زەوی سووتاون یان زیانیان پێگەشتووە.