ژنێکی کورد بۆ جاری دووەم لە پەرلەمانی بەریتانیا سەرکەوت

بەپێی دەرئەنجامەکان بەردەستەکان، فێریاڵ کلارک، کاندیدی کورد لە پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن بۆ جاری دووەم دەنگی پێویستی بەدەستهێنا و سەرکەوت بۆ پەرلەمان.

ناوەندی هەواڵ

 

هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا کە دوێنێ بەڕێوەچوو، فێریاڵ کلارک، ژنە کاندیدیکی کورد لە پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن، ڕێژەی دەنگی پێویستی بەدەستهێنا و بووبە ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا.

 

فێریاڵ کلارک، خەڵکی مەلاتێی باکووری کوردستانە و تەمەنی ٤٥ ساڵە، کاندیدبوو لە بازنەی باکووری ئینفیڵد لەسەر پشکی پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن، دەنگی پێویست و یەکەمی بازنەکەی بەدەستھێناوە، ئەو ژنە دووەم جاریەتی توانیویەتی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

 

فێریاڵ کلارک، لەدوای ھەڵبژاردنی و بەدەستھێنانی دەنگی پێویست لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سووپاسی ئەو کەسانەی کرد کە متمانەیان پێکردووە دەنگیان پێداوە و وتی: جێگەی شانازییە کە ببێتە پەرلەمانتاری بازنەی باکوری ئینفیڵد.

 

بەپێی دەرەنجامەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا، پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتنی مێژوویی بەدەستهێناوە و دوای ١٤ ساڵ دەسەڵاتی لە ژێر دەستی پارتی پارێزگاران دەرهێنا، ئەمڕۆش ڕیشی سووناک دەستیلەکارەکەی کێشایەوە.