لە ماوەی یەک مانگدا ١٨ کەس لە ناوچە داگیرکراوەکان کوژران

دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوان دژی مافی مرۆڤ لە ناوچە داگیرکراوەکان، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی ١٨ کەس کوژراون، جگە لەوەش ڕفاندن، دزی، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئەو ئامارانەی 'ئانها' کۆیکردووەتەوە، سوپای تورکیا و چەتەکانی سەر بە سوپای تورکیا لە مانگی حوزەیراندا بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، ڕفاندن، سووکایەتیکردن و تاڵانکردن لە ناوچە داگیرکراوەکان، بەپێی داتاکانیش بەتەنها لە مانگی حوزەیران ١٨ هاوڵاتی کوژراون.

 

ڕووداوەکان لە ناوچەکانی عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی ئەنجام دراون، جگە لەوەی ١٨ کەس کوژراون دەیان کەسی دیکەشیان ڕفاندووە و ئەشکەنجەیانداون، هەروەها دەسدرێژیان کردووەتە سەر منداڵانیش.

 

هەروەها ئاماژەیان بەوەشداوە، بەشی زۆری ئەو کەسانەی دەیانڕفێنن لە بەرامبەر ئازادکردنیان داوای بڕە پارەیەکی زۆر دەکەن، هەندێک کات دوو جار یەک کەس دەڕفێنن و دەستدرێژی دەکەنە سەری یاخود دەیکوژن لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان.