شیرین ئیبراهیم: هەموو جۆرە جیاکارییەکمان بەرامبەر کرا

دوای هێرشی ڕەگەزپەرستانە دژی کۆچبەرانی سووری لە تورکیا، ئاوارەکان بە زۆر دیپۆرتکرانەوە، شیرین ئیبراهیم کە لەگەڵ خێزانەکەی دیپۆرتکراوەتەوە ڕایگەیاند، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە جیاکارییەک بوونەتەوە.

مەنبەج

 

دەوڵەتی تورکیا کە ساڵانێکە هەڕەشەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووریا دەکات، لە دوو مانگی ڕابردوودا زۆرێک لە هاووڵاتیانی سووریای بە زۆر دیپۆرت کردووەتەوە، پێشتریش بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەندین ئاوارەی دیکەی گەڕاندبۆوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە لایەن سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بە ئاژانسەکەمان دراوە، لە ماوەی ٢ مانگی ڕابردوودا نزیکەی ١١٥ هاوڵاتی سووری بە دەروازەی عەون دادات لە نێوان ئەو ناوچانەی کە دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیریان کردووە تێپەڕیون.

 

"منداڵەکانم برسی بوون"

 

شیرین ئیبراهیم خەڵکی قامیشلۆ وتی: من لەگەڵ هاوژینەکەم و پێنج منداڵەکەم لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە زۆر دیپۆرت کرامەوە، ئێمە لە ماردین دەماینەوە کە چووینە ئەستەنبوڵ بردیانە دەرەوە چونکە ڕێگەپێدانی سەفەرمان نییە سەربازانی تورکیا ئێمەیان گرت و بردیانین بۆ کامپی کیلیس، هەموو کاغەز و بەڵگەنامەی کەسی ئێمەیان برد تەنانەت شیر ​​و دەرمان و خاولی منداڵەکانمیان برد و فڕێیان دەدایە زبڵەوە، ناچار بووین لەبەر خۆردا بخەوین، بەزەحمەت خواردنمان دەستدەکەوت و منداڵەکانم برسی بوون.

 

"هەموو جۆرە جیاکارییەکمان بەرامبەر دەکرا"

 

شیرین ئیبراهیم ڕایگەیاند، بەهۆی قەیرانی سووریا ١٢ ساڵە لەگەڵ خێزانەکەیان لە تورکیا دەژین، ئاماژەی بەوەکردن لە تورکیا ڕووبەڕووی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی بوونەتەوە وتیشی: هەموو سوورییەکان لە یەک دۆخدان، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە جیاکارییەک بووینەوە، هەروەها حسابی بانکی هاوبەشەکەممان برد، بە واتایەکی تر ئەو پارەیەی بە ماندووبوونی ١٢ ساڵ بەدەستمان هێنا، بەفیڕۆچوو.

 

ئەو خێزانانەی بە زۆر دیپۆرت کراونەتەوە ڕایانگەیاندووە کە حکومەتی تورکیا دەستی بەسەر هەموو پارە و بەڵگەنامەکانیاندا گرتووە.