"سەرەڕای یاساکان ژنان لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە"

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی ژنان بە گشتی و ژنانی ڕزگاربووی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە، تیایدا تیشک خراوەتەسەر هەبوونی یاسا و سزا نەدانی تاوانبارانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی ژنان بە گشتی و ژنانی ڕزگاربووی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە، تیایدا تیشکی خستووەتە سەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی هەرێم، کە تەنها ڕەشنووسی سەر کاغەزە و دەسەڵاتدارانیش شکستیان هێناوە لە پاراستنی مافەکانی ژنان.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سەرباری گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی یاسایی ئەرێنی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، بەڵام لە دواین بەدواداچووندا دەردەکەوێت، کە ژنانی ڕزگاربووی توندوتیژی خێزانی چۆن ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ڕێگری دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە پاراستن و بەدەستهێنانی دادپەروەری و بەرپرسانی هەرێم شکستیان هێناوە لە دادگاییکردنی دەستدرێژیکاران بۆسەر مافەکانى ژنان، بە تایبەت لە حاڵەتەکانی وەک کوشتن، دەستدرێژیی سێکسیی، لێدان و سووتاندن.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوەکردووە، کە هیچ هیرادەیەکی سیاسیی نییە بۆ دادگایی کردنی تاوانباران و دەستدرێژیکاران، تەنانەت پشتیوانی و دەستگیرۆییەکی جدیی ئەو ژنانە ناکرێت، کە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەریی و پەناگەیەکی پارێزراو ڕوو لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەکەن.

 

ئایە مەجزووب، جێگری بەڕێوەبەری هەرێمی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەدا وتوویەتی: کاتێک ڕزگاربووان پەنا دەبەن بۆ ماڵی داڵدەدانی ژنان، دەکەونە دۆخێکی هاوشێوەی زیندان، کە زۆرجار بەهۆی توندی ڕێکارەکان ناچاردەبن ڕووبکەنەوە دۆخە پڕ دژواریی و توندوتیژییەکەی پێشوویان، ڕاستە هەرێمی کوردستان یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی هەیە، بەڵام بە پێی بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەردەکەوێت، ئەو یاسایە تەنها نووسراوێکی سەر کاغەزە.

 

هەروەها ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەدا ڕه‌خنه‌ى توندیش لە ژمارەیەک دادوه‌ر دەگرێت کە لە بەرژەوەندی پیاوان بڕیار دەدەن و دەڵێت: سزاى هەندێک تاوانبار بەپێی تاوانەکە بڕیاری لەبارەوە نەداوە کە ئەمەش وایکردووە ژنان نایانەوێت بچنە دادگا.

 

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئامارەکانی کوژرانی ژنان خراوەتەڕوو، بەشێوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٣٠ ژن لەژێر ناوی “شەرەف”دا کوژراون و لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٤٤ ژن کوژراون و ١٥ هەزار و ٨٩٦ سکاڵای توندوتیژی خێزانی تۆمار کراوە.