لە ماوەی چوار مانگدا ٣٠٠ هەزار منداڵ لە هایتی ئاوارە بوون

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردنەوەی کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار منداڵ بەهۆی توندوتیژییەوە لە هایتی ناچار بوون ئاوارە ببن.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، بەهۆی توندوتیژیی باندەکان کە کۆنترۆڵی ٪٨٠ بۆ٩٠ی پایتەختی هایتی کردووە، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار منداڵ ناچاربوون ئاوارەبوون بۆ وڵاتانی دیکە لە کاتێکدا زیاتر لە ٣ ملیۆن منداڵ پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.

 

دوێنێ، کاترین ڕاسل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف وتی: ئەو کارەساتە مرۆییەی کە لەبەردەم چاوماندا ڕوودەدات، کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر منداڵان هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، دوو هەزار و ٥٠٠ کەس لەم وڵاتە بەهۆی توندوتیژیی باندەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، منداڵان و نەوجەوانان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت بەهۆی شەڕەوە زۆرجار ناچارن کار بکەن و واز لە خوێندن بهێنن، لە زۆر حاڵەتدا لە کەمترین مەرجەکانی مانەوە بێبەشن، هەروەها بەرکەوتنیان بە دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی هەیە.

 

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، بەشێکی زۆر لە منداڵانی ئاوارە لە پەناگەی کاتیدا دەژین، بارودۆخی تەندروستیی پێویستیان نییە، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی نەخۆشی جۆراوجۆر ببنەوە.

 

یونیسێف ڕایگەیاندووە کە منداڵان ناچارن بچنە ناو باندەکانەوە بۆ ئەوەی بتوانن بژین و خۆراک و ئاوی پاک بەدەستبهێنن، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو منداڵانەی ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی دەبنەوە ئەگەری مردنیان زیاترە.

 

هایتی کە هەژارترین وڵاتی ئەمریکایە، ساڵانێکە بەدەست قەیرانێکی ئابووری و سیاسی و ئەمنیەوە دەناڵێنێت، بەهۆی ئەو توندوتیژییانەی کە لەلایەن چەتەکانەوە ئەنجامدەدرێن و لە ٪٨٠ی پایتەختیان کۆنترۆڵ کردووە.

 

جوفينال مويز، دوایین سەرۆکی دەوڵەتی هایتی، لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە تیرۆرکرا، لەو کاتەوە وڵاتەکە بەبێ سەرۆک و بەبێ پەرلەمان بەڕێوەدەبرێت، تەنها سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە هەیە و لە ساڵی ٢٠١٦ەوە هایتی هەڵبژاردنی ئەنجام نەداوە.