یەکەم ژن لە لیبیا پۆستی سەرۆکی شارەوانی بەدەستهێنا
لیبیا شایەتحاڵی دەستکەوتێکی مێژوویی بوو کاتێک زائرە ئەلمەقتوف پۆستی سەرۆکی شارەوانیی بەدەستهێنا و بووە یەکەم ژن کە پۆستێکی لەو شێوەیەی لە وڵاتەکەدا هەبێت.
لیبیا
لە هەنگاوێکی مێژوویی بێوێنەدا، زائرە ئەلمەقتوف، پۆستی سەرۆکی شارەوانی زەڵتنی لە لیبیا بەدەستهێنا، لە میانی هەڵبژاردنەکاندا کە دوێنێ ٣٠ی کانوونی دووەم لە بارەگای نووسینگەی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان لە کەناری ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە لیبیا، سەرکەوتنی زائرە ئەلمەقتوف لە هەڵبژاردنەکاندا دەستکەوتێکە کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هەنگاوەکانی ژنانی لیبیا، بەرەو بەرزکردنەوەی بەشداریکردنیان لە پۆستەکانی سەرکردایەتیدا.
ڕوونیشیکردەوە، کە زائرە ئەلمەقتوف، بە سیستمێکی ڕووندا و بە ئامادەبوونی چاودێران هەڵبژێردرا، ئەمەش گوزارشتە لە متمانەی ئەندامان بە تواناکانی.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و یەکەی پشتیوانی ژنان ستایشی هەوڵە ناوازەکانی باڵیۆزی ژنانی هۆشیاری هەڵبژاردنەکانی وڵاتیان کرد، وەک کامیلا مەسعوود و ئایە بوتەبا، کە لە ماوەی ساڵێکی تەواودا هەوڵی بەردەوامیان دا بۆ هاندانی ژنان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، کە بەشداریی کردنیان هۆکارە بۆ بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە و پاڵنەرێکی گرنگە بۆ هەنگاوی زیاتر بەرەو بەهێزکردنی ژنان و پشتگیریکردنی ڕۆڵییان لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و بەشداریکردن لە بڕیاردان.
سەرکەوتنی زائرە ئەلمەقتوف نوێنەرایەتی هەنگاوێکی چۆنایەتی دەکات لە نوێنەرایەتیکردنی ژنانی لیبیا لە پۆستە سەرکردایەتییەکان، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ئەوان لە بنیادنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵاتەکە، هەروەها ڕەنگدانەوەی توانای ئەوانە بۆ کێبڕکێی سیاسی و بەدەستهێنانی متمانەی کۆمەڵگە، وەک ئەوەی ئەم هەنگاوە هاتە سەر توانای سەرکردایەتیکردنیان و ڕۆڵی خۆیان لە هێنانەدی گۆڕانکاری ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا پشتڕاست کردەوە.