ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسیان لە سەختییەکانی ژیان لە ناوەڕاستی شەڕدا کرد
ژنانی ڕۆژنامەنووسی لوبنان و فەلەستین و سووریا شەڕی مردن دەکەن و هەمیشە پراکتیزەکانی داگیرکەریان ئاشکرا کردووە و وێنەی ڕاستەقینەی ئازارەکانی گەلیان بە جیهان گەیاندووە.
فادیا جومعە
بەیروت- لەگەڵ ئەو شەڕ و ناکۆکییەی جیهان شاهیدییەتی، بەتایبەتی لە ناوچە گەرمەکانی ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژنانی ڕۆژنامەنووس دووپاتیان کردەوە کە ڕاگەیاندن تەنیا کارێک نییە، بەڵکو بوارێکی مرۆییە لە هاوکێشەی چاکە و خراپە، ڕاست و هەڵە، گەلانی لاواز و هێزە تاریکەکان و ڕژێمە خۆبەزلزانەکاندا.
"براکەم لە هێرشێکی ئیسرائیلدا گیانی لەدەستدا"
سەفیناز ئەللوح، پەیامنێری تەلەفزیۆنی غەززە ڕایگەیاند، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیاندا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە و وتی: لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ڕۆژنامەنووسانێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە. ئەحمەد ئەللوحی برام، کامێرامانی جەزیرە بوو، لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانی لەدەستدا، هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینییان خستە لیستی کوژراوەکانەوە، بەردەوام لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە هێرشمان کراوەتە سەر.
"٢٥ ژنە ڕۆژنامەنووسی ژن گیانیان لەدەستدا"
سەفیناز ئەللوح ئاماژەی بەوەشکرد، بەو پێیەی کەرتی غەززە بە داگیرکاری ئیسرائیل بۆ دوو بەش دابەش بووە، ناتوانین لە ناوچەیەکەوە بچینە ناوچەیەکی دیکە، بەهۆی ئینتەرنێتەوە زۆر قورسە کارەکانمان ئەنجام بدەین و هەواڵ بڵاو بکەینەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانە، هێشتا خەریکی کاری خۆمم و تا لە ژیاندا بم بەردەوام دەبم، خەڵکێکی زۆر لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستدا و هەرچییەک ڕووبدات ئێمە بڕیارمان داوە ڕاستییەکان بە جیهان بڵێین، بە گوێرەی نوسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، هێزەکانی ئیسرائیل ١٩٨ ڕۆژنامەنووسیان لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج کە ٢٥یان ژنن.
"دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی مەدەنی"
ڕوناک شێخی، ڕۆژنامەنووسی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە، دەوڵەتی تورکیا هێرشی بۆمبڕێژکراو دژی ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدات، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هیچ پێوەرێکی یاسایی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ ناناسن و هێرش دەکەن، وتی: لە مەنبجەوە دەستم پێکرد و لە زۆرێک لە شارەکان هەواڵم لەسەر داعش دروست کرد، ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشە و مەترسی بوومەوە، دوای ئەوەی ناوچەکە لە داعش پاککرایەوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی زیاتر بوو، بەبێ ئەوەی ئەوە بڵێین، خەڵکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسن، بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر هەرێمەکەمان.
ڕوناک شێخی کە دایکە ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان، بەردەوامە لە پیشەکەی و وتی: بۆ من ڕۆژنامەگەری پیشەیەکی مرۆییە، بەو پیشەیە دەگەم بە دەنگی گەلەکەم لە هەموو شوێنێک، سەرەڕای هەموو مەترسییەکان، بەردەوامم لە کارەکانم. هەمووان دەزانن ئەم خاکە لەلایەن یەپەژە پارێزراوە، بە پێنووس و کامێراکەم، بە دەنگی خۆم دەگەم بە جیهان، درێژە بە خەباتم دەدەم. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هاوڕێ ڕۆژنامەوانەکانمان جهان بیلگین و نازم داشتان بە هێرشی دەوڵەتی تورک شەهید بوون، ئێمەی ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی مەترسی زۆر دەبینەوە و پێویستمان بە پشتیوانی جیهان و گەلە.
"هەموو ڕۆژێک بەهۆی هێرشەکانەوە ئاسایش بوونی نییە"
ئامال خەلیل، کە لە ساڵی ٢٠٠٦ لەکاتی دەرچوونی ڕۆژنامەی ئەلئەخبار دەستی بە کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە، تا ئێستا تێیدا نووسەرە و لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە لە باشووری لوبنان ڕاپۆرت دەکات، وتی: مەترسییەکان لە زیادبووندایە، لە تێکهەڵچوونەکاندا زۆرێک لە هاوڕێ ژن و پیاوەکانمان گیانیان لەدەستداوە، ڕۆژنامەنووسان بە مەبەستی ئەوەی هەواڵی هێرشەکانی ئیسرائیل دروست بکەن، پێداگرییان لەسەر مانەوە لە باشووری لوبنان کردووە و بەشێکی زۆریان لەو هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە. ڕۆژانە شوێنە پارێزراوەکان کەم دەبنەوە و هێرشەکان فراوانتر دەبن.
ئامال خەلیل ڕایگەیاند، سەرەڕای هەڕەشەکان، بە ئیرادەوە درێژە بە کارەکانی دەدات و وتی: من لە خەڵکی ئەم خاکە ئازیزتر نیم، هەر بۆیە بڕیارمدا بەردەوام بم لە کارەکەم، هێزەکانی ئیسرائیل هەڕەشەیان لێکردووم، پەیامی هەڕەشەئامێزم بۆ دەنێرن، دەڵێن ماڵەکەم بە بۆمب دەتەقێننەوە و خێزانەکەم دەکوژن، سەرم دەبڕن، ئەوان دەیانویست باشوور بەجێبهێڵم، کاتێک لە ڕاگەیاندنەکان باسی ئەو هەڕەشانەم کرد، بە تەلەفۆن پەیامێکی تری هەڕەشەئامێزیان بۆ ناردبووم و وتیان بەم زووانە باجی ئەمە دەدەیت، لە ٢١ی ئەیلوولدا، هێزەکانی ئیسرائیل بینای ڕۆژنامەی ئەلئەخبەریان پشکنی و هەڕەشەیان کرد، دوای هێرشی زیاتر، ناچار بووم ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگرمەبەر، لەکاتێکدا بە کامێرا هێرشەکانم دەگرت، فیشەک بەسەر سەرمدا دەفڕی، ئەمەش لە ڤیدیۆکەدا دەبیندرێت کە گرتوومە.
"ئەرکی من بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی جەنگە"
ڕۆژنامەنووس ئامال خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ هێزەکانی ئیسرائیل دەکەم، کە لە کاتی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا چی دەکەن و چی ناکەن، لە ماوەی ساڵ و ٦ مانگی ڕابردوودا شاهیدی هێرشی زۆر بووین، لە مەترسیدارترین قۆناغداین، ئەرکی من بەڵگەنامەکردن و سەلماندنی تاوانەکانی جەنگە، ئێمە ڕاپۆرت بۆ جیهان دەکەین کە ئیسرائیل پابەند نییە بە هیچ بڕیارێکەوە، پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و بەئامانج گرتن و داگیرکردن لە هەموو لایەکەوە بەردەوامە.