١١ چالاکوانی ژن سزای سەرجەمی زیاتر لە ٤٠ ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە و بە پێی زانیارییەکان ١١ چالاکوانی ژن سزای سەرجەمی زیاتر لە ٤٠ ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە و ٢٣ ژنیش لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاپۆرتێکیان لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە مانگی ئابدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە، کە لانیکەم ١٠ چالاکوانی ژن دەستبەسەر کراون و ١١ چالاکوانی دیکەش سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە، کە شەشیان کوردن.

 

هەر بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی ١١ چالاکوانی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ٤٠ ساڵ و پێنج مانگ و ٢٢ ڕۆژ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە، هەروەها ٢٣ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون، کە ١٣ ژن لەلایەن هاوژینەکەیانەوە، دوو ژن لەلایەن باوکیانەوە، دوو ژن لەلایەن کوڕەکەیان و شەش ژن بە دەستی کەسانی نەناسراو کوژراون.

 

جێی باسە، لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادیی" ڕژێمی ئێران فشارەکانی لەسەر چالاکوانانی ژنان زیاتر کردووە و گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسیی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسکتر کردووەتەوە، بەردەوام چالاکوانانی بواری مافی ژنان دەستبەسەر دەکات و پاشان سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنێت.