شەریفە محەمەدی بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە

شەریفە محەمەدی، چالاکوانی مافی کرێکاری و زیندانی سیاسی لە زیندانی لاکانی ڕەشت، بۆ چارەسەری هەوکردنی نینۆکی پێی بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٣١ی کانوونی یەکەم، هەڵمەتی داکۆکیکردن لە شەریفە محەمەدی، چالاکوانی مافی کرێکاری، کە لە زیندانی لاکانی ڕەشت زیندانی کراوە، گواستنەوەی ئەم چالاکوانی مافی کرێکارییەی بۆ نەخۆشخانە، بۆ چارەسەری هەوکردنی نینۆکی پێی ڕاگەیاند، کە خەریک بوو تەشەنە بکات و هەمووی پەنجەکانی بگرێتەوە.

 

هەروەها ڕایانگەیاند کە دوای بەدواداچوونی بەردەوام و هەوڵی زۆری شەریفە محەمەدی و بنەماڵەکەی، دواجار ٢٩ی کانوونی یەکەم، بۆ چارەسەری هەوکردنی نینۆکی پێی گەیەندرایە نەخۆشخانە.

 

هەروەها باس لە نەبوونی پێداویستی تەندروستی لە زیندانی لاکانی ڕەشت دەکرێت و هەڵمەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، "لە زیندانی لاکانی ڕەشت بە تایبەت لە بەشی ژنان، پێداویستی تەندروستی و چارەسەری بەردەست نییە، بارودۆخی تەندروستی ناتەواو و زیندانیان دەستیان بە چاودێری پزیشکی ناگات، ئەمەش مەترسییەکی جددی لەسەر تەندروستی زیندانییەکان دروست دەکات. شەریفە محەمەدی وەک یەکێک لە زیندانییە سیاسییەکان بەهۆی خراپی بارودۆخی تەندروستی و چارەسەری ناو زیندان کێشەی گەورەی هەبووە و ئەمە لە کاتێک دایە شەریفە محەمەدی بە فشار و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.

 

هەڵمەتی پشتیوانی لە شەریفە مەحەمەدی لە ٥ی تەمووزی ئەمساڵدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەم چالاکوانە ڕاگەیاند، کە ئەم سزایە لە دوای کاردانەوەی فراوان لە ١٣ی تشرینی یەکەم هەڵوەشایەوە. لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵیشدا دادگاییکردنی شەریفە محەمەدی بە بێ ئامادەبوونی خۆی بەڕێوەچوو، کە ئەم کردەوەیە لەلایەن چالاکوانانەوە بە نادادپەروەریی پێناسە کرا.