ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە هەواڵی کوشتنی نیکا شاکەرەمی بڵاو کردەوە، دادگایی دەکرێت

ڕۆژنامەنووس مەرزیە مەحمودی هەواڵێکی نوێی لەبارەی ڕووداوەکەی نیکا شاکەرەمی بڵاوکردەوە، کە پێش کوشتنی دەستدرێژی کراوەتە سەر، بەهۆیەوە سێ جار بانگی دادگا کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کاتی دەربڕینی ناڕەزایەتی، نیکا شاکەرەمی لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە هێرشی کرایە سەر و کوژرا، دواتریش ڕۆژنامەنووس مەرزیە مەحمودی بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەوڵی کوشتنەکەی، سێ جار ڕەوانەی دادگا کراوە.

 

ڕەزا شەفەخا، پارێزەری ئەو ڕۆژنامەنووسە، لە هەژماری خۆیدا باسی مەرزیە مەحمودی کردووە کە بەهۆی هەواڵێکی نوێی هەمان بابەتەوە، پێویستە بۆ جاری سێیەم لە ١٣ی تەمموزدا دادگایی بکرێت.

 

لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەی کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لەلایەن لقی ١٦ی لێکۆڵینەوەی سەرۆکی داواکاری گشتی بۆ ڕۆشنبیری و پەیوەندییەکان لە دژی مەرزیە مەحمودی بانگهێشت کرابوو بۆ ئەوەی شایەتی بدات، مەرزیە مەحمودی کە پێشتر بەهۆی ڕەخنەگرتن لە لێدوانەکانی حەمید ڕەساعی، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمان دژی شۆڕشی ١٧ی ئایاری ٢٠٢٣، لەلایەن دادگاوە بە بڕی ٣٠ ملیۆن تمەن غەرامە کرابوو و بۆ ماوەی ساڵێک دوورخراوەتەوە.