"ئێمە داوای مافەکانمان دەکەین تا گەندەڵی لەناو دەبەین"

دەنگی خۆپیشاندەران بە بەشداریی بەربڵاوی ژنان لە گۆڕەپانی کەرامەت لە شاری سوەیدای سووریا بەرزبووەوە،  داوایان کرد بکوژی جولنار ئەزقوڵی بچوک لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و یاساکان جێبەجێ بکرێن.

ڕوشێل جونیور

 

سوەیدا- خەڵکی شاری سوەیدا لە سووریا، لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستاش داوای "ڕووخاندنی ڕژێم" و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان و گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات بۆ وڵاتێکی عەلمانی دەکەن.

 

دوێنێ، ٨ی ئەیلوول، خەڵکی شاری سوەیدا بە مەبەستی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان و داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان و گۆڕانکاری سیاسی، ڕوویان لە گۆڕەپانی کەرامەت کرد، ژنان تاوانی کوشتنی کچێکی منداڵیان بە ناوی جولنار ئەزقوڵ لەسەر دەستی یەکێک لە کەسوکارەکەی، شەرمەزار کرد.

 

خۆپیشاندەران لافیتەیەکیان هەڵگرتبوو کە جەختیان لەسەر مافی ئازادی گەلی سووریا و ژیان بە کەرامەتەوە و  ئازادکردنی دەستگیرکراوان و ڕاگرتنی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کرد.

 

هیند سەڵاح، یەکێکە لە خۆپیشاندەران، دەڵێت: هەموو ڕۆژێک لە گۆڕەپانی کەرامەت کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی داوای مافەکانمان و هەموارکردنەوەی یاساکان و باشترکردنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی بکەین، ئێمە داوای لێپرسینەوە لە بکوژی جولنار ئەزقوڵ دەکەین کە لەلایەن کەسوکارییەوە کوژرا، دەبێت هۆشیاری لە کۆمەڵگەدا هەبێت و یاسایەک هەبێت کە لێپرسینەوە لە تاوانباران بکات.

 

ئیلهام ڕەیدان، مامۆستای خانەنشینکراو کە سەر بە دەسەڵاتی کاری کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی سوەیدا و هەمیشە بەشدارە لەو بزووتنەوەیە، وتی: زیاتر لە ساڵێکە درێژە بە بزووتنەوەی ئاشتیخوازانەمان دەدەین، ئەوەی بزووتنەوەکەمان جیا دەکاتەوە، بەشداری ژنانە تێیدا دوای ئەوەی بەربەستی کۆمەڵایەتییان شکاند و داب و نەریتی بەسەرچوو و شانبەشانی پیاوان وەستان و داوای مافەکانیان دەکرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لەناو ئەو کەسانەدان کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوورییەی کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، چۆن دەتوانێت پێداویستییەکانی ماڵەکەی بەڕێوەببات، ژنان لە سووریا کوڕ و مێردەکانیان لەدەستداوە، کە هەندێکیان کۆچیان کردووە، دەستگیرکراون، یان کوژراون، ئەویش دەستیکردووە بە بژێوی خێزانەکەی، بۆیە سروشتییە بۆی بچێتە دەرەوە و داوای مافەکانی بکات.

 

سەحەر حەمزە وتی: ئێمە داوا دەکەین سووریا دەوڵەتێکی یەکگرتووی دیموکراسی و مەدەنی بێت، بۆیە چووینە گۆرەپانەکان و داوای مافەکانمان و باشترکردنی بارودۆخی ژیان دەکەین بۆ ئەوەی بە کەرامەتەوە بژین، ئەم ناڕەزایەتییە بە خێرایی گەشەی کرد و بوو بە داواکاری ئازادی و کەرامەت، ئێمە قبوڵ ناکەین لە پشت پیاوانەوە بین، ئێمە هەمیشە لە تەنیشتیان لە گۆڕەپانەکانداین بۆ ئەوەی داوای هەمووارکردنەوەی یاساکان و مافە دزراوەکانمان بکەین.