سودەکانی زەعفەران

زەعفەران نەباتێکە بە بۆنەکەی لە هەنگوین دەچێت، یەکەم جار لە یۆنانستان چێندراوە، مێژووی سود لێوەرگرتنی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا، بۆ ڕەنگ و تام خۆشکردنی خواردن، خواردنەوە و دەرمان بەکاردێت.

ناوەندی هەواڵ

 

زەعفەران نەباتێکی بەهارەی بە نرخە لە جیهاندا، ڕەنگێکی مۆر و زەردی هەیە و خاوەن سەرێکی پرتەقاڵییە، بۆنەکەی لە هەنگوین دەچێت بەڵام تامەکەی تاڵە، زیاتر لە ٣٠٠٠ ساڵە بۆن و دەرمانی لێدروست دەکرێت، هەروەها وەک چارەسەری زیاتر لە ٩٠ نەخۆشی بەکار دێت، ئەوروپییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە زەعفەرانیان بۆ چارەسەری هەناسەتەنگی، کۆکە، سەرما و نەخۆشی شێرپەنجە بەکارهێناوە، لە کۆنەوە ئەو وڵاتانەی زۆرترین زەعفەرانی تێدا چێندراوە ئێران، ئیسپانیا، هیندستان و یۆنانە، دواتر بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە.

 

کاریگەرییە باشەکانی بۆ نەخۆشی

زەعفەران بۆ بۆن و تام خۆشکردنی خواردن و خواردنەوە، زانست و دەرمان بەکاردێت، بۆ دڵ و ماعیدە باشە، هەروەها بۆ چارەسەری ئازاری سک و کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانەی ژنان بەکاردێت.

گرامێک لە زەعفەران لەناو لیترێک ئاودا بکوڵێنرێت، دوای ساردبوونەوە بخورێتەوە سودی زۆری دەبێت بۆ تەندروستی، بەڵام ئەگەر زۆر بخورێتەوە، لەوانەیە ببێتە هۆی مردن.

 

بەپێی لێکۆڵینەوەکان زەعفەران نەخۆشی شێرپەنجە چارەسەر دەکات، لە کاتێکدا کەسێکیش تووشبوو نەبێت و خانەی کەمی شێرپەنجەیی هەبێت دەتوانێت لەناوی ببات.

بۆ ئەوەی ٥٠٠ گرام زەعفەران دەستکەوێت پێویستە ٧٠ هەزار گوڵ بچێنرێت، کاتێکیش زەعفەران وشک دەبێتەوە کێشی زۆر کەمتر دەبێتەوە، بۆ نمونە لە ٢٥ کیلۆی کۆکراوەی سەوز، لە کاتی وشک بوونەوەدا تەنها ٥ کیلۆی دەمێنێتەوە.

 

ت.پ