سودەکانی گوڵە بەیبوون

گوڵە بەیبوون لەگەڵ هاتنی بەهاردا سەر دەردەهێنن، بە جوانی و ڕەنگە سپییەکانی پێدەشتەکان دەڕازێنێتەوە، هەروەها ئەم گوڵە بۆ بواری تەندروستیش سودی لێوەردەگیرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهاتنی وەرزی بەهار، ئەو گیایانەی بۆ تەندروستی سودی لێوەردەگیرێت سەر دەردەکەن و هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنان کۆیان دەکەنەوە، یەکێک لە سەوزاییە جوان و تەندروستەکان گوڵە بەیبوونە.

 

بەیبوون بە ڕەنگە دڵڕفێنەکەی جوانی دەبەخشێتە سروشت، هەنگەکانیش زیاتر حەز بە بەیبوون دەکەن و بۆ دروستکردنی هەنگوینی سروشتی و بەتام دەچنە سەر گوڵەکانی، بەیبوون لەگەڵ جوانییەکەیدا لە بواری تەندروستیشدا بەکاردێت و چەندین سودی هەیە و بۆ ئارامبوونەوە سودی لێوەردەگیرێت، زیاتریش ژنان لە بواری جوانکاریدا بەکاری دەهێنن.

 

سودەکانی بەیبوون

بەیبوون بۆ نەخۆشییەکانی هەڵامەت، نەخۆشییەکانی پێست، نەمانی ئارەزووی خواردن، ماعیدە و لاوازی و ددان ئێشە سودی لێوەردەگیرێت، هەروەها چارەسەرییەکی باشە بۆ سوڕی مانگانە، دوو ڕۆژ پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە ئاوی بەیبوون بخورێتەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئازار، هەروەها شیری دایکانی شیردەر زیاد دەکات.

 

بەیبوون ئازاری جگەر کەمدەکاتەوە و بەردی گورچیلە لەناو دەبات، چارەسەری سكچوونی منداڵ دەکات، چای بەیبوون، بۆ کاڵکردنەوەی ڕەنگی قژ بەکاردەهێندێت، لەڕێگای شتنی قژەکە بەو چاییە، ڕێگری لە هەڵوەرینی قژیش دەکات و تاڵەکانی بەهێزتر دەکات، هەروەها سودی بۆ پێست هەیە و دەبێتە هۆی لابردنی پەڵە و زیبکەی سەرپێست و سپیکردنەوەی، بۆیە لە دروستکردنی کەلوپەلی جوانکاریدا بەکاردەهێندرێت.

 

گوڵە بەیبوون لە مانگی ئایاردا کۆدەکرێتەوە و لەکاتی کۆکردنەوەشدا دەبێت تەنها بەشی سەرەوەی واتا گوڵەکەی لێبکرێتەوە، دەتوانێت وشک بکرێتەوە و لە وەرزەکانی دیکەدا بەکاربهێنرێت.

 

ت.پ