نەخۆشی دەروونی ساڵ بە ساڵ ڕێژەکەی لە زیادبووندایە

نەخۆشییە دەروونییەکان تێکچونێکن لە هزر و مێشکی مرۆڤدا، لە ئێستادا ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشیە دەروونییەکان ڕوو لە زیاد بوونە، دەروونناسێکیش هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپبوونی دۆخی کوردستان و بەڕێکردنی ژیانێکی ناتەندروست.

 

شنیار بایز

سلێمانی-نەخۆشیە دەروونییەکان جۆرێکن لەو نەخۆشیانەی مرۆڤ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لە بنەڕەتدا ئەم نەخۆشیە دەکرێت بە سێ بەشەوە، یان لە لەکارکەوتنی ئۆرگانێکەوە دروست دەبێت وەک گورچیلە یاخود توشبوون نەخۆشیەکی جەستەی، هەندێک کات بە هۆی ناڕێکی لە فرمانی ئۆرگانەکەدا نەخۆشیە دەروونیەکە دروست دەبێت، وەک نەخۆشییەکانی کۆڵۆن، ئازاری کاتی جەستەی و مێشک، ئەم جۆرەیان پێی دەوترێت فەنکشناڵ، هەروەها کۆتا جۆر بە هۆی تێکچونێک ڕوودەدات کە هزر و مێشک ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

لە کوردستاندا بەهۆی خراپبوونی باری ئابووری و ڕەوشی سیاسی، نەخۆشیە دەروونییەکان یەخەی کۆمەڵگای گرتووە بەبێ جیاوازی تەمەن و ڕەگەز، تەنانەت زۆر کات وایان لێدەکات پەنا ببەنە بەر خۆکوشتن.

 

لەگەڵ ئەوەی ئەم ڕێژەیە لە زیادبووندایە بەڵام تا ئێستا چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم نەخۆشیە نەدۆزراوەتەوە.

لێکدانەوەی جیاواز بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان دەکرێت، هەندێک پێیان وایە بە تەواوەتی کەسەکە شێتە یاخود بڕوایان وایە کە جنۆکە چووەتە ناو جەستەیەوە، لێرەوە ڕاستی هەندێک لە بابەتەکەن ئاشکرا دەکەین، فرمێسک جاف، وەک دەروونناسێک لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ژنها، باس لە نەخۆشییە دەروونییەکان و تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆسەر کەسانی توشبوو بە نەخۆشی دەروونی دەکات.

 

فرمێسک چۆن نەخۆشی دەروونی باس دەکات؟

دەروونناس فرمێشک جاف باس لەوەدەکات نەخۆشی دەروونی، هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی و بایۆلۆجی هەیە: "کاتێک دەتوانین دەستنیشانی نەخۆشی دەروونی بکەین کە شڵەژان و تێکچونێک لە هزر و بیر و ڕەفتاری کەسەکەدا ڕووبدات و کاریگەری هەبێت لەسەر ڕەفتاری کەسەکە"، لە نەخۆشی دەروونیدا نەخۆشەکە ڕەفتاری جیاواز و سەیر ئەنجام دەدات، توشبووەکە بەردەوام هەست بە نائارامی دەکات، هەروەها دوور دەکەوێتەوە لە ئەنجامدانی ئەرکی ڕۆژانەی خۆی.  

 

جۆرەکانی نەخۆشییە دەروونییەکان چین؟

فرمێسک نەخۆشیە دەروونییەکان پۆلێن دەکات بۆ دوو گروپ، یەکەم نەخۆشییە ئەقڵییەکان و هۆشمەندییەکان، دووەم نەخۆشیە دەمارییەکان. ئەو دەروونناسە هەریەکێک لە جۆرە جیاوازەکان باس دەکات و دەڵێت:

نەخۆشیە ئەقڵییەکان یاخود هۆشمەندییەکان، کەسەکە لە ڕاستی ژیان دادەبڕێت، بۆ نمونە ئەو کەسانەی شیزۆفرینیایان هەیە یاخود خەمۆکی و ئەوانەی ناڕێکی لە مێشکیاندا هەیە.

گرووپی دووەمی نەخۆشیە دەروونییەکان کە لە دەمار دایە، زیاتر بەربڵاون لەناو خەڵکیدا، ئەمانە تایبەتن بە دەماری خانەی مێشک، وەک دڵەڕاوکێ، فۆبیا، ئالوودەبوون بە کحول هەروەها زەبری دەروونی و قەلەقی.

 

وتنی نەخۆشی دەروونی جێگەی عەیبەیە لە کۆمەڵگای ئێستادا

نەخۆشی دەروونی لە جیهاندا بە کەموکورتی لە تاکدا سەیردەکرێت و لە هەندێک کۆمەڵگادا کە یەکێک لەوانە کۆمەڵگای کوردییە بە عەیبە دادەنرێت، فرمێسک جاف سەبارەت بەمە دەڵێت: "بڵاوکردنەوەی زانیاری و هۆشیاری دەربارەی نەخۆشی دەروونی کۆمەڵگا زیاتر وشیار دەکاتەوە، بەڵام تا ئێستا لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەگەر کەسێک بڵێت نەخۆشی دەروونیم هەیە پێی دەڵێن کە تۆ لاوازیت یاخود ئیرادەت بەهێز نییە".

توشبوون بە نەخۆشیە دەروونییەکان بەردەوام وا هەست دەکەن تەنیان، کەسێک نیە گوێیان لێبگرێت، وەک ئەو دەروونناسە دەڵێت: زۆربەی ئەو حاڵەتانەی دێن بۆلامان دەڵێن کە ئێمە تەنیاین و کەس لێمان تێناگات، بۆیە زۆر کات لە هەستکردن بە بێکەسی وای لێیەت بێ هیوا دەبێت، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەی نادات و پەنادەباتە بەر خۆکوژی، بۆیە ئەم بە عەیبە زانینە کاریگەری لەسەر خودی کەسەکە هەیە کە خۆی پێی عەیب دەبێت بڵێت نەخۆشی دەروونیمە تا بچێت چارەسەر وەربگرێت.

 

مامەڵەی کۆمەڵگا و دورووبەر تا چەن کاریگەری هەیە لەسەر کەسانی توشبوو بە نەخۆشیە دەروونییەکان؟

فرمێسک دەڵێت با نەخۆشی دەروونی وەک نەخۆشی سەیر بکرێت نەک ببێتە جێگەی گاڵتەپێکردنی خەڵکی و وا لێی تێبگەن کەسەکە بە ویستی خۆی وای بەسەر خۆیدا هێناوە، هەروەها پێویستە گوێی لێبگریت و ڕێنمای بکەیت بۆلای پزیشک و چارەسەر کارێکی دەروونی تا دۆخەکەی باشتر ببێت.

ئەو کەسانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە و خێزانەکانیان وازیان لێهێناون یاخود ناچن بۆ وەرگرتنی چارەسەرێک و دەیانکەنە ناو کۆمەڵگاوە، دەبنە جێگەی گاڵتەپێکردن و یاریپێکردن.

ئەو دەرونناسە ئاماژەی بەوەشدا "لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەو کەسانە بەردەوام سوکایەتیان پێدەکرێت و ڤیدیۆیان دەکرێت، وەک کات بەسەربردنێک و کۆکردنەوەی فۆڵۆوەرس بەکاریان دەهێنن، هەندێک کات لەناو کۆمەڵگادا ڕووبەووڕی توندوتیژی سێکسیش دەبنەوە.

 

چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان چین ؟

سەرەتا خێزان پێویستە هاوکاربن و چارەسەری کەسی توشبوو بکەن، بەوەی گوێی لێبگرن هاوکاری بکەن و لێی تێبگەن، ئاڕاستەی بکەن تا سەردانی پسپۆڕی تایبەت بە نەخۆشیەکەی بکات.

فرمێسک جاف  چارەسەرییەکانی ئەم نەخۆشیە دەخاتە ڕوو: "چارەسەری بە پێی دۆخی کەسەکە دەگۆڕێت، هەندێک کات پێویست بە دەرمان دەکات، هەندێک کاتیش تەنها قسەکردن و دانیشتنی دەروونی بۆی نەخۆشەکە دۆخی باشتر دەبێت".

هەروەها دەڵێت: وتنی ئالوودەبوونی نەخۆش بە دەرمانە دەروونییەکان دوورن لە ڕاستیەوە، ڕاستە دەرمان کاریگەری لاوەکی هەیە ئەوەش لە هەفتە سەرەتاییەکانی بەکارهێنانیدا، لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە هۆی ئەوەی زۆر هۆشیار نین سەبارەت بە نەخۆشیە دەروونییەکان بۆیە چارەسەر لەڕێت قسەکردنەوە دەبێتە هۆی باشتربوونی دۆخی توشبووەکە.

 

"ساڵ بە ساڵ ڕێژەی توشبوونن بە نەخۆشی دەروونی زیاد دەکات"

بە هۆی نەبوونی پلان بۆ چارەسەرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیە دەرووەنیەکان لە کەرتی تەندروستیدا ڕێژەی ئەم نەخۆشیە زیادی کردووە، فرمێسک باس لەوەدەکات لە کەرتی تەندروستیدا دەروون دروستی و دکتۆر بۆ بواری دەروونی لە هەموو بوارەکانی دیکە کەمترە، بۆیە خزمەتکردنی نەخۆشبە پێی پێویست نییە.  

 

لە دۆخی ئێستای کوردستانیشدا کە ڕۆژانە گوێبیستی هەواڵەکانی خۆکوژی دەبینەوە هۆکارەکەی لەگەڵ ئەوەی خراپی دۆخ و تێکچوونی دەروونی تاکە، هۆکارێکی دیکەشی بڵاوکردنەوەیەتی لەناو میدیا و ڕاگەیاندنەکاندا بە بەرفراوانی و بێ سانسۆر، کە ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشییەکی دەروونیان هەیە تا پەنا ببەنەبەر خۆکوشتن.

 

ت.پ