بەهیە حامید بەگی جاف؛ سیمبولی خوێندنی ژنان لە شاری هەڵەبجە

بەهیە حامید بەگی جاف یەکێکە لەو ژنە یەکەمینانەی لە شاری هەڵەبجە دەستی بە خوێندن کرد و ئەو بەربەستە ئەقڵیەتە کۆنەی شکاند، کە نابێت ژن بخوێنێت و فێری زانست و زانیاری ببێت.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- بەهیە حامید بەگی جاف لە ساڵی ١٩٢٤ لە شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان لەدایکبوون، لەو سەردەمەدا چووەتە بەر خوێندن و لە قوتابخانەی کوڕاندا خوێندوویەتی و کۆت و بەندی بەردەم ژنانی شکاند، گاریگەری هەبووە لەسەر ئەو کولتورەی کە نابێت ژن بخوێنێت، وەک یەکەم خوێندکاری ژن لە هەڵەبجە لە قوتابخانەی کوڕان ناوی تۆمار کردووە و توانیویەتی لەگەڵ قوتابییە کوڕەکاندا بخوێنێت و زانست و پەروەردە فێر ببێت، بەهیە حامید بووە شکێنەی بەربەستی ئەقڵیەتی کۆن کە دەیانوت کچان نابێت بخوێنن.

 

بەهیە حامید بەگی جاف، ژنێکی نیشتمانپەروەر بووە، لە چەندین کۆڕی هۆنەر و ئەدەبیدا بەشداری کردووە و هەمیشە خاک و نیشتمانی خۆشویستووە، لە بەرەوپێشچوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە و ئامادەیی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بووە، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان بووە و لەگەڵ هۆنەردا پەیوەندی هەبووە و بە زمانی هۆنەران دەدوا و هۆنراوەی بەشێکی بەرچاوی هۆنەرە کوردەکانی لەبەرە.

 

لە ئێستادا  ئەم ژنە کۆڵنەدەرە کە تەمەنی گەیشتووەتە نزیکەی ١٠٠ ساڵ لە دەرەوەی کوردستان و لە وڵاتی بەریتانیا دەژی، گەرچی لە ئێستادا چاوەکانی لە دەستداوە، بەڵام خۆشبەختانە ڕووداوە مێژووی و یادگارییە مێژووییەکانی لە بیر و هزریدا ماوەتەوە و لە زاری خۆیەوە دەیان گێڕێتەوە، وەک مێژوویەک باسی خەباتی تێكۆشانی خۆی دەکات کە چۆن ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵیەتە کۆنەپەرستییە بووەتەوە کە نابێت ژن خوێندەوار بێت.

 

لەگەڵ ئەوەی ٣٠ ساڵە لە دەرەوەی کوردستان دەژی، بەڵام غەریبی کاریگەری نەکردووەتە سەر چالاکییەکانی و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد لە لەندەن، بەهیە خان ئێستا یەکێکە لە سیمبولەکانی ژنانی کورد کە لە پێناو ئازادی ژن و ڕۆشنبیرکردنی ژن تێکۆشان دەکەن.