مەستوورەی ئەردەڵان؛ مێژوونووسێک پر لە هونەری ئەدەب و هۆنراوە نووسین

مەستوورە ئەردەڵانی، یەکەم ژن بوو توانی مێژووی کورد بنووسێتەوە و چەندین هۆنراوەی هەیە، کە لە کاتی خۆیدا ڕکابەری هۆنەرانی دیکەی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی کورد بە درێژای مێژوو پێشەنگایەتییان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەدەب و زانست و کۆمەڵگە کردووە، جێدەستیشیان دیار بووە لە بوارەکانی ئەدەبی، نووسین و هۆنراوەدا، یەکێک لەو ژنانە کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە و ڕەچەشکێن بووە، لەو سەردەمەی کە ژن تواناکانی سنوردار کرابوو سەریهەڵدا، مەستوورە ئەردەڵانییە، کە یەکەم ژنی مێژوونووسە و لە بواری خوێندن و ئەدەب و هۆنراوەدا دەستێکی باڵای هەبووە، لە کاتێکدا خوێندن و فێربوونی زانست ئەستەم بوو بۆ ژنان.

 

لە سەردەمێکدا مەستوورەی ئەردەڵانی سەریهەڵدا، کە ڕێگری لە بەشداربوونی ژنان دەکرا بچنە کۆڕی هۆنەرانەوە، بەڵام مەستوورە بە نووسینی "مێژووی ئەردەڵان" بووە یەکەم ژن لە بوارەکەدا دەربکەوێت و ناوی خۆی لە مێژوودا وەک یەکەم ژنی مێژوونووس تۆمار کرد، لەو بوارەشدا بە چاکی توانای خۆی نیشانداوە، هەروەها پەرتوکی لەسەر ئایین و ناساندنی هۆنراوەنووسان نووسیوە.

 

ژیاننامەی مەستوورە ئەردەڵانی

مەستوورەی ئەردەڵان لە ساڵی ١٨٠٤ لە شاری سنە لەدایکبووە، کچی ئەولەسەن بەگی کوڕی محەمەد ئاغای نازیری کوردستانی بووە، لە مزگەوتی گەورەی شاری سنە، خوێندوویەتی و زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی زانیوە، مەستوورە جگە لەوەی هۆنەر بووە لەناو خەڵکیدا بە ژنێکی باوەڕدار و بە ڕەوشت ناوی دەرکردووە، هەروەها لە خەتخۆشیدا زۆر لێهاتوو بووە، بە هۆی ناکۆکی دوو بنەماڵەیی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەر دوو بنەماڵە هاوسەرگیری مەستوورە و خوسرەوخانی ئەردەڵان، کە والی سنە بووە، لە ساڵی ١٨٢٨-١٨٢٩ ئەنجام دراوە.

 

مێژوونووسێک پر لە هونەری ئەدەبی و هۆنراوە نووسین

مەستوورە ئەدەڵانی پلەی خوێندنی لە ئاستێکی بەرزدا بووە، لەو سەردەمەی خۆیدا جێگەی سەرسوڕمان بووە بۆ کۆمەڵگەیەکی داخراو، جگە لەوەی کە ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبیدا، توانیویەتی بەسەر ئەدەبیاتی گۆران و کوردییدا زاڵ بێت و بە هەر سێ زمانی فارسی، عەرەبی و کوردی هۆنراوەکانی هۆنیوەتەوە، بەپێی ئەو نووسراوانەی سەبارەت بە ئەم کەسایەتیە هەیە، نزیکەی بیست هەزار بەیتە هۆنراوەی هەیە، بەڵام  بەداخەوە زۆرێک لە نووسین و هۆنراوەکانی لە فەوتاون و دیار نەماون.

 

یەکێک لە هۆنراوەکانی مەستوورە

گرفتارم بە نازی چاوەکانی مەستی فەتتانت بریندارم

بە تیری سینەسۆزی نێشی موژگانت

بە تاڵی پەرچەمی ئەگریجەکانت، غارەتت کردم دڵێکم بوو

 

مەستوورە ئەردەڵانی بیروباوەڕی خۆی دەربارەی ژن لە پێگەی کۆمەڵگەدا دەربڕیوە لە هۆنراوەکانیدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کۆت و بەربەستانە دەبێت بشکێندرێت، کە دەڵێن، نابێت ژن لە بواری هونەری و ئەدەبی کورددا هێز و توانا و تێکۆشانی خۆی دەربخات، ئەمەش بوێری مەستوورەی ئەردەڵان دەردەخات، کە هیچ ژنێک پێش مەستوورە ئەم کارەی ئەنجام نەداوە.

 

مەستوورەی ئەردەڵانی ساڵی ١٨٤٨ لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێش دەنێژرێت و لە شارەکانی هەولێر و سنە پەیکەری بۆ دروستکراوە.