مینا قازی؛ پێشەنگی ھاتنە مەیدانی ژن بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسی

٢٦ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مینا قازی، پێشەنگی ھاتنە مەیدانی ژنان بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسی تێدەپەڕێت کە تا دوا ساتەکانی ژیانی، ئاواتی سەربەخۆیی و ئازادی گەلی کورد و کوردستان بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

مینا ئەسکەندەری یان مینا قازی، سیاسەتمەداری کورد و سەرۆکی یەکێتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، لە ساڵی ١٩٠٨ لە مەھابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، باوکی ناوی ئەحمەد و دایکی ناوی گوڵئەندام بوو، لە تەمنی ١٩ ساڵیدا لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد هاوسەرگیریان کرد و سەرەڕای ئەوەی خوێندەوارییەکی باشی نەبووە، بەڵام پاڵپشت و یاریدەدەری پێشەوا قازی بووە لە ھەموو بوارەکاندا..

 

لە ساڵی ١٩٤٥ یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان دامەزراند، مینا بووە یەکەم سەرۆکی ئەو ڕێکخستنە، لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا بووە سەرۆکی ڕێکخراوی "یایا" کە ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی ژنان بووە.

 

مینا قازی لەناو ئەو هەلومەرج و دابونەریتە کۆمەڵایەتییانەی بۆ بەشداری ژن لە چالاکیی سیاسیدا لەمپەڕ بوون، توانی دەورێکی بەرچاو بگێڕێت لە دەسپێکی ھاتنە مەیدانی ژن بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی.

 

مینا قازی لە ژیانیدا تووشی زۆر ناخۆشی و ناڕەحەتی بووە، لەلایەن ڕژێمە داگیرکەرەکانی ئێرانەوە تووشی زیندانیکردن و ئەشکەنجە و ئازار بووە، لە ساڵی ١٩٨٤ لەلایەن ڕژێمی ئاخوندی ئێرانەوە بۆ ماوەی ١١ مانگ زیندانی کرا و کەوتە ژێر ئەشکەنجە و توندوتیژییەوە، کە لە زیندان بوو بەھۆی ئەشکەنجە و ئازارەوە تووشی نەخۆشی بوو، لە ساڵی ١٩٩١ ڕوویکردە وڵاتی ئەڵمانیا و پاش ماوەیەکی کەم گەڕایەوە مەهاباد، لە ساڵەکانی١٩٩٥ و١٩٩٦ بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی ڕوو دەکاتەوە دەرەوەی کوردستان و پاش ئەوەی لە چارەسەرەکان نائومێد دەبێت دووبارە گەڕاوەتەوە.

 

 لە ١٨ی شوباتی ١٩٩٨دا لە شاری مهاباد، دایە خانم کۆچی دوای کرد و لە گۆڕستانی شاری مهاباد بە ئامادەبوونی هەزاران کەس بە خاک سپێردرا.