ئامارەکانی کوشتنی ژنان لەهەرێمی کوردستان زەنگێکی مەترسیدارە... ٢
کوشتنی ژنان بەردەوامی هەیە، نووسەر و چالاکوان و توێژە جیاوازەکانی تری کۆمەڵگە هۆکاری بەردەوام زیادبوونی کوشتنی ژنان دەگەڕێننەوە بۆهۆکاری شەرەف و سیستمی دەسەڵاتداریی کە زۆربەی کات بکوژانی ژنان ڕووبەڕووی سزای یاسایی ناکاتەوە.

هێرۆ عەلی
سلێمانی- لە باشووری کوردستان و عێراقدا ڕۆژانە کوشتنی ژنان بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری ئەنجام دەدرێت، لە دوای ٣٣ ساڵ حکومڕانی لەلایەن حزبە کوردییەکانی باشوورەوە دۆخی ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتردەبێت، هەروەها کوشتنەکان ڕێژەیەکی بەرزیان تۆمارکردووە، بۆیە لە ئێستادا ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستاندا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و لایەنە فەرمییەکانەوە بڵاوناکرێنەوە و بەرزبوونەوەی ڕێژەکانی کوشتن و ناچاربە خۆکوشتنی ژنان لە هاوڵاتیان دەشاردرێتەوە، بۆیە جۆرەکانی کوشتنی ژنان و بەردەوامیدان بە شێوازە جیاوازەکانی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنیش بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسەکەمان "نوژنها"، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تەمموز، ٢٢ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون و ١٢ ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، یەک ژنیش هەوڵی کوشتنی دراوە.
لەم بارەیەوە هەریەکە لە کنێرعەبدوڵا، نوسەر، فەوزیە ساڵح مەنمی، چیرۆک نووس، بانو بەهزاد، موزیکسیان، بێخاڵ سابیر، چالاکوانی سیاسی، بێریڤان بارگاری، ڕۆژنامەنووس، بۆئاژانسەکەمان دوان.
"یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی کوشتنی ژنان بیانوی شەرەفە"
کنێرعەبدوڵا، نوسەر، ئاماژەی بە کوشتنی ژنان لە باشوری کوردستان کرد، وتی: کوشتنی ژنان بەهەربیانویەک و هۆکارێکەوە بێت شەرمەزاریە بۆ بکوژ و هەروەها کۆمەڵگە و دەسەڵات ئەگەر قبوڵی بکەن، چونکە یەکێک لە بەربەستەکانی نەمانی کوشتنی مرۆڤەکان ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەدا یاسا بەرقەراربێت، واتە دادگاکان سەربەخۆی خۆیان هەبێت و بڕیاری یەکلایکەرەوە بدەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە بونی هەیە، هەروەها لە هەرێمی کوردستان یاسایەک هەیە کە تایبەتە بە کوشتنی ژنان بەبیانوی شەرەفەوە و کوشتنەکانی ژنان بە تاوان دادەنێت، بۆیە چەند هەبونی یاساکە گرنگە ئەوەندەش جێبەجێکردنی یاساکە گرنگە، بۆیە بەبڕوای من یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی کوشتنی ژنان بیانوی شەرەفە، کە بەناوی پاراستنی شەرەفەوە ژنان دەکوژرێن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە: ناسەروەری یاسا و هەبونی فکر و زیهنێتێکی کلتوری و پیاوسالاری، کە وەکو مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ ژنان ناکەن و ژنان وەکو خاوەنداریەتی و موڵکی خۆیان سەیردەکەن، ئەمەش یەکێکە لەو گرفتانەی کە لەناو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بۆیە دەبینین بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو تاوەکو ئێستا کوشتنی ژنان بە بیانوی شەرەف و بیانوی جۆراوجۆر بەردەوامێتی هەیە .
"هیچ پاساوێکیش نیە بۆئەوەی مرۆڤێک ڕێگە بەخۆی بدات مرۆڤێکی دیکە بە بیابوی جۆراوجۆربکوژێت"
وتیشی: هیوادارم هۆشیاریەکی وابڵاوبکرێتەوە کە تاک خۆی شەرم بکات لەوەی نەک تەنها بکوژی ڕوداوەکەبێت بەڵکو شەرم بکاتەوە لەوەی بیرلەو بابەتە بکاتەوە، چونکە لە ئەنجامدا مرۆڤ هەر مرۆڤەو هیچ پاساوێکیش نییە بۆ ئەوەی مرۆڤێک ڕێگە بەخۆی بدات مرۆڤێکی دیکە بە بیانووی جۆراوجۆر بکوژێت، بۆ چارەسەری ئەم بابەتەش پێویستمان بە چارەسەریەکی هۆشیارانە و سەروەری یاسا هەیە، هەروەها بکەرانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.
"هۆشیارکردنەوە ئەرکێکی هەمەلایەنەیە"
لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوەکردەوە: مرۆڤ ئەگەر ژن بێت یان پیاو بێت، بۆئەوەی ئاشنابێت بە مافەکانی پێویستی بە هۆشیارییە، بۆیە دەتوانرێت ئەو مرۆڤانە پۆلێن بکرێن، هەندێک لە مرۆڤەکان خوێندەواریان نیە و هەندێک لە مرۆڤەکانی ترخوێندەواریان هەیە بەڵام هۆشیاریان نیە، هەروەها هەندێک مرۆڤ هەیە ئاستێکی باڵای ئەکادیمی هەیە و بڕوانامەیەکی باڵای هەیە بەڵام لە هەمان کاتدا لە ئاستی هۆشیاریدا ئاستێکی لاوازی هەیە، بۆیە بونی هۆشیار و ڕۆشنبیریەکی هەمەلایەنە کاریگەریەکی زۆری هەیە بۆئەوەی مرۆڤ خۆی بناسێت، هەروەها هۆشیارکردنەوە ئەرکێکی هەمەلایەنەیە، جا چ لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنان یان ژنان خۆیان بۆ خۆیانەوە بێت، هەروەها بوارەکانی ڕاگەیاندن بە بینراو و بیستراو نوسراوەوە دەتوانن ڕۆڵی کاریگەر ببینن لە ناو کۆمەڵگەدا، هەروەها سیستمی پەروەردەی هەر کۆمەڵگەیەک و وڵاتیک پەیوەست و گرێدراوە بە سیستمی حکومڕانیەوە، بۆیە دەتوانێت وابکات هەرلە باخچەی منداڵانەوە منداڵەکان فێربکرێن کە ڕێزلەبونی مرۆڤەکان بگرن ، هەروەها خۆشەویستی و یەکترقبوڵکردن ببێتە مەبادئی ئیشکردن و ڕەفتارو کردار و شێوازی ژیانمان، بۆیە پرۆژەی کارکردن لەسەر هۆشیارکردنەوەی تاک پرۆژەیەکی هەمەلایەنەیە.
"پێویستە ژنان بگەنە ئاستی بەئاگابوونەوە و شارەزابون بە مافەکانی خۆیان"
فەوزیە ساڵح مەنمی، چیرۆک نووس وتی: کوشتنی ژنان بە پێی تێپەڕبونی ئەو هەموو ساڵە و تائێستاش کە ساڵی ٢٠٢٥ بەردەوامە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆیەکێک لە خاڵە سەرەکیەکان کە نەبونی هۆشیاری و ئاگاییە، بۆیە پێویستە ژنان بگەنە ئاستی بەئاگابونەوە و شارەزابون بە مافەکانی خۆیان، هەروەها ئەو پەروەردەیەی کە منداڵەکانی لەسەر پەروەردەکات ئەگەر جیاوازی لە نێوانی کچە گەنجەکەیی و کوڕەکەیدا نەکات بە خاتری ئەوەی ستەمکارێک پەروەردەنەکات لە کوڕاندا ئەوا ستەمکارێکی تر ناخاتە کۆمەڵگەوە، بەڵام ئەگەر جیاوازی کرد ئەوا گەورەترین هۆکارە کە وادەکات کۆمەڵگە کەسانی ستەمکار پەروەردە بکاتەوە، بۆیە پێویستمان بە هۆشیاریە، لەوناوچانەی کە چالاکی ژنان و بەرەنگاربونەوەی ژنانی تێدانیە ئەوا ژنان تێیدا دەبنە قوربانی و کوشتنی ژنانی زۆری تێداڕودەدات، لەبەرئەوە پێویستیەکی زۆر گرنگە کە لەناو خێزانەکانمان و کۆمەڵگەدا ژنان بڵین "نەخێر"، نەخێرێکی هۆشیار لەئاستی ئەو شتانەی کە تێیدا کۆمەڵگە لێیدەبێت بە ستەمکار و دەیکوژێت و مافی دەخوات و دەی چەوسێنێتەوە، بەجۆرێک وایلێدەکات دەیکات بەکەسێکی چەقبەستوو کە ئاگای لە دونیایی دەرەوە نەبێت و لە دونیایەکی بچوکی چواردەورەکەی خۆیدا هەرئەوەندابزانێت کە ماڵ بەڕێوەبەرێت و منداڵ بخاتەوە، هەروەها دایکەکان دەتوانن کچە گەنجەکانیان واپەروەردەبکەن فێری وشەی نەخێریان بکەن، بۆئەوەی کچە گەنجەکانیان لە مافەکانی خۆیان ئاگاداربن.
"پێویستە ژنان هاوڕێ نزیکەکەیان پەرتوک بێت و بەبەردەوامی بخوێننەوە"
لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: بەگلەیم لە زۆربەی ژنەکان کە زۆربەی کاتەکانیان بە خەو و سەیرکردنی ئەو درامایەنەوە بەسەردەبەن کە وەکو ژەهر نێردراونەتە ناو کۆمەڵگەکەمانەوە، دەیانەوێت کۆمەڵگەکەمان بەلاڕێدابەرن و لەناویببەن، کە ئەمانە خۆی هۆکارن بۆ ئەوەی ژن نەتوانێت هەنگاو بەرێت بۆ پێشەوە، بۆیە پێویستە ژنان هاوڕێ نزیکەکەیان پەرتوک بێت و بەبەردەوامی بخوێننەوە، کاتێکیش دەخوێننەوە لەو چەقبەستویە دێنەدەرەوە و دەبنە ئەوکەسەی کە کۆمەڵگە بەرەوپێشەوە دەبەن، ئەویش بە پێشکەشکردنی خێزانێکی بەئاگاو تەندروست بە کۆمەڵگە.
"پێویستە ژنان هۆشیاربکرێنەوە"
بانو بەهزاد، موزیکسیان، ئاماژەی بەوەکرد: لە ئێستادا ژن کوشتن زۆر بووە، بەجۆرێک ڕۆژانە هەواڵی کوشتنی ژنان دەبیستین، هەروەها لە ئێستادا پیاوسالاری زۆرە، بۆیە پێویستە ژنەکان هۆشیاربن و سیمینار ئەنجامبدەن و بچنەدەرەوە و کاربکەن، کە مەبەستمان لێرەدا ئەوەیە ژن ئازادبێت، بۆچی کە ژنێک هەڵەیەک دەکات دەبێت بکوژرێت، بەڵام کە پیاوێک هەڵەیەک دەکات ناکوژرێت، بۆیە پێویستە ژنان هۆشیاربکرنەوە.
"پێویستە وەکو وانەیەک لە قوتابخانەکاندا وانەی هۆشیاری بخوێندرێت"
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە وەکو وانەیەک لە قوتابخانەکاندا وانەی هۆشیاری بخوێندرێت، بۆئەوەی هەر لەمنداڵیەوە ئەو هۆشیاریەیان تێداهەبێت، چونکە ڕەنگە ئێستا ئەگەرهۆشیار بکرێنەوە بە شێوەیەکی باش تێنەگەن، بەلام ئەگەر وەکو وانەیەک بخوێنرێت و تاقیکردنەوەی تێدا بکەن وهۆشیاربکرێنەوە باشترە.
"بەداخەوە ڕۆژانە دەبیستین و دەبینین کوشتنەکانی ژنان زیادی کردوە"
بێخاڵ سابیر، چالاکوانی سیاسی وتی: بەداخەوە ڕۆژانە دەبیستین و دەبینین کوشتنەکانی ژنان زیادیکردوە، هۆکارەکانی ئەم زیادبونەی کوشتنی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانە: بە هەڵە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و نەبونی ڕێز و متمانە لە نێوان هاوژیناندا، ئەمانەش بونەتە هۆکاری ئەوەی ژنان چاوێکی زیاتریان لەسەربێت و توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، بۆیە من وەکو ژنێک هەمیشە پارێزگاریم لە خۆم خێزانەکەم کردوە، بۆئەوەی خۆمان پەروەردەبکەین و ئاستی ڕۆشنبیریمان زیاتربکەین، هەروەها بزانین چۆن پارێزگاری لە مێژووی نەتەوەکەمان دەکەین، بۆیە زوڵمە کە ژنانی کورد بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و بەو دەردەیان دەبەن، هەروەها دەزانین لەئێستادا کوشتنەکانی ژنان دەشاردرێتەوە بەجۆرێک تاوەکو کوشتنی ژنێک بڵاودەکرێتەوە کوشتنی دە ژنیتر دەشاردرێتەوە بەداخەوە.
"بە کوشتن کێشەکان کۆتاییان پێنایەت"
لەکۆتایی قسەکانیداا وتی: ئێمە وەکو دەستەی ژنان هەمیشە هەوڵی ڕۆشنبیرکردن و هۆشیاریکردنەوە ژنانمانداوە دەربارەی ئەوەی چۆن پارێزگاری لەخۆیان بکەن و داوای مافەکانی خۆیان بکەن، کاتێکیش ژنێک توشی کێشەیەکی خێزانی و کۆمەڵایەتی یان سیاسی دەبێتەوە پێویستە لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە کێشەکە چارەسەربکرێت، نەک لەڕێگەی فیشەک و کوشتنەوە کێشەکە چارەسەربکەن، چونکە بە کوشتن کێشەکان کۆتاییان پێنایەت.
"لەهەر وڵاتێکدا یاسا نەبوو کوشتن ئاسایی دەبێت"
بێریڤان بەرگاری، ڕۆژنامەنووس وتی: بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ کوشتنی ژنان ڕوو لە زیادبونە، بۆیە زۆر گرنگە ڕاگەیاندن ئیش لەسەر کوشتنەکانی ژنان بکات، بۆیە پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی کوشتنەکانی ژنان لەم وڵاتەدا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبونە؟ بێگومان لەبەرئەوەیە یاسایەکی توندمان نیە لە هەرێمی کوردستان کە تایبەت بێت بە کوشتنەکانی ژنانەوە، کە ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن بە بیانوی شەرەفەوە، تاوانبارانیش دەستگیردەکرێن بەڵام لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەریەوە چارەسەری دەکەن و تاوانباران ئازاد دەکەن، هەروەها هەتاوەکو ئێستا هیچ تاوانبارێک کە تاوانباربێت بە کوشتنی ژنان سزای زیندانی هەتا هەتایی بۆدەرنەچوە، لەبەرئەوە ترس نیە، لەهەر وڵاتێکیشدا یاسا نەبوو، کوشتن ئاسایی دەبێت، کاتێکیش هەواڵی کوشتنی ژنێک بڵاودەکرێتەوە لە ڕاگەیاندن بە ئاسایی سەیردەکرێت و دەڵێن ژنێک کوژرا، ئەمەش کێشەیەکی زۆر گەورەیە، بۆیە دەبێت ئیش لەسەریاسابکرێت و ڕاگەیاندنەکانیش بەرپرسیارن لە کەیسەکانی کوشتنی ژنان، چونکە ڕاگەیاندنەکان ئەرکێکی قورس ویژدانیان لەسەرشانە و دەبێت بەرگری لەو ژنانە بکەن کە دەکوژرێن یاخود توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، هەروەها سەروەربونی یاساش وادەکات کوشتنەکانی ژنان کەمبێتەوە.
"ژنان هەمیشە قوربانین"
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دائیمەن کوشتنی ژنان ئاسایی و بچوک دەبینرێت، ژنان هەمیشە قوربانین لەهە موو شوێنە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، بۆیە پەردەپۆشکردنی کوشتنەکانی ژنان دەبێتە هۆکاری زیادبونی کوشتنەکانی ژنان، بۆیە پێویستە ژنان پشتگیری یەکتری بکەن، ڕۆژنامەنووسانی ژنانیش زۆرگرنگە کەیسەکانی کوشتنی ژنان بە کەیسی خۆیان بزانن و ئیش لەسەرئەو کەیسانە بکەن و فشار بخەنەسەردەسەڵات بۆئەوەی ئەو کەیسانە پەردەپۆش نەکرێن و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان بگەن.