خواوەندی هێزی ژنانی ئێزدی: خاتوون فەخرا
لە چیا دێرینە پیرۆزەکانی گەلی ئێزدی، ژنێک دەرکەوت: ناوی خاتوون فەخرا بوو. ئەو شەڕڤان، پێشەنگ و ئیلهام بەخشی باوەڕداریی بوو. کەسایەتییەکی بەهێز بوو کە گەلەکەی لە دژی ستەم یەکانگیر کرد و بانگەوازی ڕۆشتنە سەنگەرەکانی لە ژنان کرد.

لە مێژوودا کۆمەڵگەی ئێزدی ڕووبەڕووی سەختی و زەحمەتی زۆر بووەتەوە. یەکێک لەو ناوانەی کە لەو ڕۆژە زەحمەتانەدا بووەتە دەنگی گەلەکەی و پێشەنگایەتی کردوون خاتوون فەخرا بوو. ئەو تەنها پێشەنگێک نەبوو، بەڵکو سیبولی بەرخۆدان، دایکێک، پارێزوانێک و نوێنەری بێهاوتای هێزی ژن بوو، وەکو خواوەندێکی خوایی بوو.
گەشتی پێشەنگی خاتوون فەخرا
خاتوون فەخرا ژنێکە لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدیدا بە بوێریی و ژیرییەکەی دەناسرا. ئەو یەکێک لە نموونە هەرە مەزنەکان بوو بۆئەوەی کە ژنان لە جیهانی ژێردەستی پیاوانیشدا دەتوانن ببنە پێشەنگ. نەک تەنها بۆ بەرژەوەندی گەلەکەی، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕا.
تێکۆشان و ستراتیژییە سەربازییەکانی
خاتوون فەخرا لە بەرامبەر فشار و زوڵمەکانی سەر کۆمەڵگەی ئێزدی سەری دانەنەواندووە و بۆ ئازادیی گەلەکەی بە باوەڕبەخۆبوونێکی گەورەوە تێکۆشانی کردووە. خاتوون فەخرا لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و حکومەتە ناوچەییەکانی تردا کە هەوڵی بە ئیسلامکردنی کۆمەڵگەی ئێزدییان دەدا بە زۆرداری، وەستایەوە و بە ڕێی دیپلۆماتیک و سەربازی بۆ پاراستنی گەلەکەی شەڕی کرد.
لە بواری سەربازیدا خاتوون فەخرا هۆزە ئێزدییەکانی کۆکردەوە، ڕێکەوتنەکانی پاراستنی دروستکردووە و لەدژی هێرشەکان بەرخۆدانێکی ستراتیژیی ڕێکخستووە. بە پێشەنگایەتیی ئەو شەڕڤانانی ئێزدی بە تاکتیکەکانی گەریلا لەبەرامبەر هێزەکانی دوژمن بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەرگرییان کردووە. لە ناوچە شاخاوییەکان نیشتەجێ بوون و بۆ پاراستنی گوند و ناوچە پیرۆزەکانی خۆیان پێگەکانی بەرگریان لە خاڵی ستراتیژیی جێگیرکردووە. هەروەها بۆئەوەی ژنانیش لەنێو هێزەکانی بەرگریدا جێی هەبێت، هانیداون و بۆئەوەی پەروەردەی سەربازیی ببینن، دەرفەتی بۆ ڕەخساندوون. ئەم هەنگاوە کە لەو سەردەمەدا نراوە، دەشێت وەکو شۆڕشێک سەیری بکرێت.
بە پێشبینیکراویی؛ ئەو سەردەمەی تێیدا ژیاوە
هەرچەندە مێژووی لەدایکبوون و مردنی خاتوون فەخرا دیار نییە، بەگوێرەی مێژووی زارەکی و گێڕانەوە ئایینییەکان لەنێوان سەدەکانی ١٣ بۆ ١٥ـدا ژیاوە. خاتوون فەخرا لە باوەڕی ئێزدییەکاندا وەکو پارێزەری لەدایکبوون، دووگیانی، ژن و منداڵ دەبینرێت. ناوی غەزاڵە و وەکو کچی شێخ فەخرەدین دەناسرێت، کە یەکێک لە شوێنکەوتووانی شێخ عادی بوو و دوای سەدەی ١٣ کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو. ئەم ساتە مێژووییە نیشانی دەدات کە ئەو سەردەمەی خاتوون فەخرا تێیدا پێشەنگایەتی کردووە، ئەو سەردەمە بوو کە کۆمەڵگەی ئێزدی لەژێر زوڵمێکی دژواردابوو.
خاتوون فەخرا لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدیدا وەکو خواوەند سەیردەکرێت. بەتایبەتی ژنانی ئێزدی خۆیان وەکو شوێنکەوتووی ئەو دەبینن و لەلایەنی ڕوحییەوە هەستدەکەن بەوەوە بەستراون. لە یادەوەری کۆمەڵایەتیدا وەکو بەرگریکارێکی ژن، سیمبولی لەدایکبوون و ژیانی نوێ دەبینرێت. قوبەی خاتوون فەخرا بەتایبەتی بۆ ژنان وەکو پەرەستگەیەک دەبینرێت. ژنانی ئێزدی بۆ بەدیهاتنی داخوازییەکانیان، بۆ شیفا و پاراستن، سەردانی ئەو قوبەیە دەکەن.
چەند شوێنێکی پیرۆز هەن کە بۆی دیاریکراون: لە گوندی ماگارای ناوچەی شڕناخی باکووری کوردستان پەرەستگەیەک بەناوی "قوبەی خاتوون فەخرا" هەیە. هەروەها شوێنی پیرۆز بەناوی خاتوون فەخرا لە خانەسۆر و لالشی شەنگال و لە چیای پەرسی قەستەل جندۆ لە عەفرینیش هەن. ئەم شوێنانە لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچانەوە بەردەوام سەردانی دەکرێن. ئەم پەرستگایانە هەم لە بیروهزری پیرۆز و هەمیش لە بیروهزری کۆمەڵایەتیدا جێیەکی قووڵیان هەیە کە باوەڕداران تێیدا نزا دەکەن، داوای هاوکاری دەکەن و بەڕۆژوو دەبن. لە شەنگال یەکێک لە مەڕقەدە پیرۆزەکان گۆڕەکەی ئەوە و لەلایەن باوەڕدارانەوە بە ڕێزەوە یادی دەکرێتەوە.
نزاکان بۆ خاتوون فەخرا بەم شێوەیەن:
"یا خاتوون فەخرا، بیکەیتە خاتری ناوی خوا و شیخادی!
یا خاتوون فەخرا، بگەیتە هاوار و برینمان!
یا خاتوون فەخرا، بگەیتە هاواری ژنی بێ چارە!
یا خاتوون فەخرا، بگەیتە هاواری ژن، منداڵ!
یا خاتوون فەخرا، دەرگامان لێ بکەرەوە!
یا خاتوون فەخرا، لە تەنگ و چەڵەمە ڕزگارمان کەیت!
یا خاتوون فەخرا، ئاگات لە منداڵەکانمان بێت!
یا خاتوون فەخرا، ئیمانمان بەهێزکەی!
هانامان بۆ تۆ هێناوە، نزاکانمان قبووڵ بکەیت!"
دەوترێت تاوەکو ئەمرۆ موریدانی خاتوون فەخرا هەن. هەموو ساڵێک ئەو کەسانەی کە بۆ یادکردنەوەی ئەو بەڕۆژوو دەبن و کاریگەرییە زۆرەکەی بەتایبەتی لەنێو ژناندا بە توندی هەستی پێدەکرێت.
ئەو میراتییەی دوای خۆی بەجێیهێشت
لەمڕۆدا تێکۆشان و بڕیارداریی خاتوون فەخرا نەک تەنها لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدیدا، بەڵکو لە سەرانسەری جیهان بۆ پێشەنگایەتی و پارێزوانانی ژن دەبێتە سەرچاوەیەکی ئیلهام. ئەو نەک تەنها لە سەردەمی خۆیدا، لە داهاتووشدا وەکو قارەمانێکی لەبیرنەکراو یادی دەکرێتەوە.
ناوی خاتوون فەخرا بە ڕوحی بەرخۆدانی گەل کە بەرامبەر هەر زوڵمێک وەستاوەتەوە، یادی دەکرێتەوە. ئەم ژنە پیرۆزە کە بەڵگەیەکی ڕوونە بۆئەوەی ژن وەکو شەڕڤان، پێشەنگ و کەسایەتیی مەعنەوی دەتوانێت لە مێژوودا جێی خۆی بکاتەوە، وەک یەکێک لە پێشەنگانی ژنی لەبیرنەکراوی مێژوو لە یادەوەری و دڵماندا دەژی.
ئەمڕۆ بەتایبەت لە شەنگال هێزەکانی پاراستنی ژنی وەکو یەژەشە لەسەر ڕێی خاتوون فەخرا ڕێدەکەن. لەسەر ئەو ڕێیەی کە ئەو کردوویەتەوە، ژنان نەک تەنها کۆمەڵگەکەیان دەپارێزن، بەڵکو بەردەوامی بە تێکۆشانی ئازادی و یەکسانیش دەدەن. ئەم میراتیە وەکو گرێیەکی بەهێزە کە پیرۆزیی پێشوو لەگەڵ بەرخۆدانی ئەمڕۆدا دەکاتە یەک و بوونی خۆی بەردەوامی پێدەدات.