"جەنگ کاریگەری دەروونی لەسەر منداڵان جێدەهێڵێت کە تاکێکی شەڕەنگێز بۆ ئایندە بونیاد دەنێت"
پەیام ئیبراهیم, نووسەری منداڵان دەڵێت: لە کاتی ڕودانی جەنگەکان دایکان و باوکان، دەزگاکانی منداڵپارێز، ئەرکیان پاراستنی دەروونی و گیانی منداڵانە، هەروەها ڕاگەیاندکاران لە ڕێگەی ڕوماڵکردنی جەنگ بەبێ سانسۆر دەروونی کۆمەڵگە و بە تایبەت منداڵان نائارام دەکەن.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ جەنگ یەکێک لە کارەساتە دەروونییەکن بۆ تاکی کۆمەڵگە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هاوڵاتاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلی کورد بە تایبەتی بەردەوام کاریگەری جەنگیان بەسەرەوە بووە، هەر لە ئەنفالکردن و کیمیابارانکردن و ئاوارەبوون، پاشان هەڵگیرسانی جەنگی داعش برینێکی ساڕێژنەکراوە بە دەروونی هەر تاکێکی کوردەوە، ئەو برینە بە دەروونمانەوە ساڕێژ نەکرابوو، جەنگی نێوان ئیسڕائیل و ئێران سەریهەڵدا، کاریگەری دەروونی بەسەر تاکی کۆمەڵگە بە تایبەت منداڵانەوە بەجێ هێشتووە، منداڵان ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی و ترس و دڵەڕاوکێکان دەبنەوە، هەروەها منداڵان لە جەنگدا ڕووبەڕووی لەدەستدانی خانەوادەکانیان بەبەرچاوی خۆیانەوە دەبنەوە، کە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و ڕێکخراوەکانی منداڵپارێز تەواوی ڕێکارەکانی پاراستنی دەروونی بۆ منداڵان ئەنجام بدەن.
" بۆ ئارامی دەروونی و پێگەیاندنی نەوەیەک دوور لە جەنگ، منداڵەکانتان لە هەواڵە جەنگییەکان بەدوور بگرن"
پەیام ئیبراهیم، چیرۆکنووس و چالاکوانی پەروەردەیی ئاماژەی بەوەکرد، هەبوونی جەنگ لە تەواوی جیهاندا کاریگەری دەروونی و جەستەیی لەسەر هەر تاکێکی کۆمەڵگە بەجێدەهێڵێت، جەنگ کاریگەری ئابووری و دەروونی بۆ تاک بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وتی: روودانی جەنگ کاریگەری دەروونی بەسەر تاکی کۆمەڵگەوە جێدەهێڵێت، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ تا دوای کۆتایی پێهێنانی کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی تاک بەجێدەهێڵێت، هەبوونی جەنگ لە ناوچەکاندا کاریگەری دەروونی و جەستەیی بۆسەر منداڵان بەجێدەهێڵێت، لە خێزانەکاندا کاریگەری نا ئارامی دەروونی و جەستەی بەجێدەهێڵێت، لە جەنگەکاندا منداڵان زیانبەرکەوتووی یەکەم دەبن، بە تایبەت ئەو منداڵانەی لە خێزانێکدان هەردەم شرۆڤە و بەدواداچوون بۆ هەواڵە جەنگییەکان دەکەن، لە ڕێگەی هەواڵ و سۆشیاڵ میدیاوە، کە دەبێتە هۆکاری تێکچوون باری دەروونی منداڵان، هەروەها دایکان و باوکان لە ڕێگەی هەبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنانی کەناڵە هەواڵییەکان، لەلای منداڵەکانیان هەوڵی شرۆڤەکردنی بارودۆخی جەنگ دەدەن، لە کاتێکدا باسکردنی جەنگ منداڵان ڕوبەڕووی ترس و دوودڵی زۆر دەکات، کە دایکان و باوکان بۆ جێگیری دەروونی منداڵەکانیان بە دوورکەوتنەوە لە باسکردن لە هەر ڕێگەیەکی بیستن و بینین بۆ ئارامی دەروونی منداڵەکان.
"ژنانیش بێبەشنین لە کاریگەریە دەروونییەکانی جەنگ"
ئەوەشی خستەروو، هەڵکەوتەی جوگرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو ناوچانەی کوردی تێدا ژیان دەکەن، مێژووی ناوچەکان بەردەوام جەنگ و ململانێی سیاسیی ڕوی تێدەکات، وتی: هەرێمی کوردستان دەبینین هەردەم لە نێوان ساخکردنەوەی جەنگەکان یاخود بەرکەوتەی جەنگ بووە، خێزانەکان بەرپرسی یەکەمن لە کاریگەری جەنگ بەسەر دەروونی منداڵەکانیانەوە، پێویستە زەمینەسازی بۆ باشترکردنی دەروونی منداڵەکانمان لە کاتی جەنگدا بکەین، هەروەها ئێمەی کورد مێژوومان بەردەوام جەنگی تێیدا ڕوویداوە، سەرەڕای هەبوونی جەنگی ئەنفال و کیمیابارانکردن و جەنگی تیرۆرستانی داعش لە ئێستاشدا تێپەڕاندنی جەنگی نێوان ئیسڕائیل و ئێران، حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەردەوام جەنگی دەروونی بەرامبەر هاوڵاتیان ئەنجام دەدەن، ئێمە بە تەواوی مێژووە جەنگی دەروونی و شەهیدکردن و ئاوارەبوندا تێپەڕیوین، ئێمەی دایکان و باوکان لە ئێستادا نەوەی ڕابردویەکی خوێناو و پڕ لە جەنگ و ئاوارەبونین، هەروەها لە ئێستادا تێپەڕاندنی جەنگی نێوان ئیسڕائیل و ئێرانمان هەبوو، کە پێویستە منداڵان لە کاریگەرییە دەروونییەکانی ئەو جەنگە بپارێزین، پێویستە ڕاگەیاندن و لایەنی پەیوەندیدار کات بۆ هەواڵە جەنگییەکان دیاری بکەن، ژنانیش بێبەشنین لە کاریگەریە دەروونییەکانی جەنگ، بۆیە ژنان بەردەوام لە هەوڵی ڕێگریکردنی کاریگەرییە دەروونییەکانی جەنگن لەسەر منداڵەکنیان، یادگاری و یادەوەرییەکان لەگەڵ منداڵد گەورەدەبێت، دروستکردنی کەشێکی ئارام لەگەڵ منداڵەکانماندا گەورە ببێت، پێویستە ئەو نەوەیەی لە ئێستادا نەوەی داهاتوو پێکدەهێنن، نەوەیەکی دەروون ئارام و دوور لە یادەوەری جەنگبن، کە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی هەواڵی جەنگەوە هەوڵ بۆ هێنانێکی نەوەیەکی دەروون ئارام و دوور لە جەنگ بدەین.
پەیام ئیبراهیم لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە، لە کاتی ڕوودانی جەنگدا هاوڵاتیان بە تەنیا ناتوانن کۆنتڕۆڵی لایەنی دەروونی و جەستەیی منداڵان بکەن، ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە بۆ چارەسەرکردن و گرتنەبەری ڕێکاری تەندروستی و دەروونی منداڵان، وتیشی: بەشێک لە منداڵان لە کاتی ڕودانی جەنگدا ڕووبەڕووی لە ناوچوونی خێزانەکان یاخود دایک و باوکیان دەبننەوە، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و ڕێکخراوەکانی منداڵان ئەرکیان پاراستنی گیان و دەروونی منداڵان بێت، منداڵان پێویستیان بە دابینکردنی پێداویستییەکانیانە لە ڕێگەی فیسۆلۆجییەوە کاریگەرییە دەروونییەکان لەسەریان کەمتربێتەوە، پێویستە تەواوی لایەنەکان و خێزانەکان هاریکاری منداڵان بن بۆ تێپەڕاندنی یادەوەری و دۆخە جەنگییە قورسەکان، نەوەکانی پێشوو تا ئێستا باجی جەنگەکانی ڕابردوو دەدەن، کاریگەری دەروونی و دروستبوونی ترس لە ناخماندا بەدی دەکرێت، هەروەها خێزانەکان هەوڵ بۆ ئارامکرردنەوەی دەروونی منداڵەکانیان بە ئەنجامدانی گەشت و خوێندنەوەی پەرتوک دوودڵی منداڵان کەم بکەنەوە، هەروەها ڕاگەیاندنەکان بە هەواڵی فەیکی وەک " ئەمشەو مەخەون جەنگ ڕوودەدات" بە هەواڵە ساختەکان منداڵان و خێزانان نەخەنە دودڵی و دڵەڕاوکێی دەروونی، منداڵان لە هەواڵەکانی جەنگ بەدوور بگرن.