"ئێران مێژوویەکی هەیە لەوەی چۆن گەلان و ژنان بکاتە قوربانی سیاسەتەکانی خۆی"
لەهەموو قۆناغەکاندا ڕژێمی ئێران بەهانە بۆ سەرکوت کردنی دەنگە بەرهەڵستکارەکان دەهێنێتەوە، لە ناویاندا ژنان بە ئامانج دەگرێت،لە جەنگی نێوان ئیسڕائیل و ئێراندا سەرەڕای شەهیدکردنی ٤٠ ژن لە ئاکامی هێرشەکان، ١٨ ژنی تەمەن ١٨ ساڵیان بە بیانوی جیاواز دەستگیر کرد.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە بەشیوەیەکی فەرمی لە بەرە بەیانی ١٣ی حوزەیراندا دەستیپێکرد، زیانی گیانی لێکەوتەوە، دوای شەڕیش کە ئاگربەست کرا زیانەکان بۆ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران بەردەوامی هەیەو ڕژێم لە سەرکوتکردنەکانی بەردەوامە.
بێریڤان شاهۆ، ڕۆژنامەنووس هەڵسەنگاندنی بابەتەکەی کردو ئاماژەی بەوەکرد، دیارە ئەم هێرشانە سەرەتا لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆسەر پێگە ئەتۆمیەکانی نەتەنز و ئەسفەهان و دواتر فۆردۆ لە لایەن ئەمریکاوە دەستیپێکرد، هەروەها پەرپەرچدانەوەش هەبوو لەلایەن ئێرانەوە، ئەم هێرشانەش ١٢ ڕۆژی خایەند، لە دوای ١٢ ڕۆژەکەوە ئاگربەست ڕاگەیەندرا، لە ئێستاشدا دیارنییە ئەو ئاگربەستەی کە ڕاگەیەندراوە ئایا چەند بەردەوام دەبێت، ئەم ناکۆکیانەی لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا هەیە بەدەیان ساڵە بەردەوامە و مێژوویەکی دێرینی هەیە، مێژووی دروستبوونی ئەم ناکۆکیانەش دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی ڕەزا شا پەهلەوی، کە ئێران و ئیسرائیل وەکو هاوپەیمانێکی ناوچەکە دەناسران، وەکو دەڵێن، لەدوای دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەیی ئیسرائیل ئێران دووەم وڵات بوو کە دانی نا بە ئیسرائیلدا، بەجۆرێک کە هاوپەیمانیەتی و هاوکاریەکانی ئێران و ئیسرائیل تەنها لەو ئاستەدا نەبوو کە بڵێین دانپێدانانێک بێت بە دەوڵەت نەتەوەیی ئیسرائیلدا، بەڵام قوڵتر بۆوە بۆ یارمەتیدان و پشتگیریەکانیان بۆیەکتر، بەتایبەتی لە بواری سیاسی و زانیاریدا کە بەشیوازێک بوو مۆساد لەناوخودی ئێراندا ڕاهێنانی دەکرد بە ساواکی ڕەزا شایی پەهلەوی، بەمشێوازە پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەدەوام بوو، هەتا وایلێهات بۆئەوەی یەکێتی سۆڤیەت بێهێزبێت و ڕۆڵی نەمێنێت لەناوچەکەدا، خومەینی بە پاڵپشتی هێزی دەرەکی هاتە سەر دەسەڵات دوابەدوای هاتنی خومەینی بە بەهانەی ئەوەی گوایە ئەو کەسانەی کە خەڵکی ئێران بوون لە کاتی ڕەزا شا پەهلەوی یاخود لە سەردەمی شادا ئەم کەسانە کە بەرهەڵستکاری ئەو ڕژێم و سیاسەتە بوون و ئەو وڵاتەیان جێهێشتوە بۆ فەلەستین و وڵاتانی دەوروبەری، بۆیە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم دەوڵەت نەتەوەیەیی بە دژی خۆی و دژی ئاڵای ئیسلام و شیعەی پێناسەکرد.
وتیشی: کاتێک بابەتی فەلەستین هاتەناوەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئێران پێگەکانی خۆی لە فەلەستین توندترکرد لە ڕێگەی هێزە دەرەکیەکانی وەکو حەماس و حزبوڵای لوبنانی، هەروەها لە سووریا و عێراقیش بەهەمان شێوە لەئێستادا میلیشیا شیعەکانی ئێران هەیە کە پێگەی خۆی بە جۆرێک لە جۆرەکان توندکرد، ئەمەش وایکرد ناکۆکیەکانی نێوانیان زیاتربێت، لەئێستاشدا بینیمان شەڕێکی ئاشکرا بەڕێوەچوو بەتایبەتی لە چوارچێوەی دیزاینکردنەوەی سەرلەنوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتایهاتن بە پەیماننامەی لۆزان و دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا هەوڵدەدرێت لەلایەن زلهێزەکانەوە ئەم نەخشەیە نوێ بکرێتەوە، ئەویش بە دەستوەردان بۆسەرکوەیت دەستیپێکرد، لە ئێستاشدا دەستێوەردان لەسەر ئێران و زیاتر پەرەدان بەناکۆکیەکان و بەرفراوانکردنی هێرش و ململانیەکان زیاتربوە، دەتوانین بڵێین دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێینایە قۆناغێکی ترەوە، بەڵام ئەگەر ئاوڕێک لەو زیان و زەرەرانە بدەینەوە کە لەڕووی سەربازی و وەبەرهێنان و کارەوە، دەبیبین هیچ کامێکیان براوەی ئەم شەڕە نەبوون، بەتایبەتی ئەوەی زیانی زۆری بەرکەوت ئێران بوو.
"لە ئەنجامی جەنگی نێوان ئێران و ئیسڕائیل ژنان زەرەرمەندی یەکەم بوون"
بێریڤان شاهۆ، ڕۆژنامەنووس هەڵسەنگاندی بابتەکی کردو وتی: ئەوەی قوربانی سەرەکی ئەم هێرشانەیە گەلە، لەناویشیاندا ژنان و منداڵان، ئەو هێرشانەی کە ئەنجامدرا بەشێوەی زەمینی نەبوو کە بتوانرێت خۆپارێزی بکرێت لە بەرامبەریدا، بەڵکو هێرشێکی ئاسمانی بوو کە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکە زەمین بە زەمینەکانەوە هێرشیان کردە سەریەکتری، کە لە ئەنجامدا گەل بوو بەقوربانی ئەو هێرشانە، بە تایبەتی ژنان کە بە پێی ئەو ئامارە نافەرمیانەی کە لە ئێراندا بڵاوکراوەتەوە، تاکو ئێستا زیاتر لە ٤٠ ژن گیانیان لەدەستداوە لەو هێرشانەدا، هەروەها زیاتر لە ٣٠ منداڵیش لەو هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە، ئەمە بێجگە لە بریندارەکان کە ئاخۆ ژمارەیان چەندە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا ژمارەیەک لە خەڵکی ماڵەکانی خۆیان جێهێشت لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا، ئەمانەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگە و ژنان و منداڵان دروست دەکات، هەروەها لە ڕابردووشدا بینیمان ئەوانەی زەرەرمەندی سەرەکی شەڕەکان بوون ژنەکان بوون، لەکوردستانیشدا بە تایبەتی لە شەنگالدا و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا لە عەفرینیش هێشتا شایەتی ئەو مێژووە تاڵەین کە بەچ شێوازێک ژن دەبێتە قوربانی شەڕەکان، بۆیە بێگومان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشدا هەمان شتە، تەنانەت ژنان لە ئێراندا پێش ئەم شەڕە و دوایی ئەم شەڕەش قوربانی بوونە، بێجگە لەم هێرشانەی ئەم ساڵ ڕژێمی ئێران هەرکاتێک کرانەوەیەکی بەرەوڕویدەرەوەدا هەبوە ئەوا توشی هێرشی ناوخۆی و چڕتربۆتەوە، لە ئێستاشدا وەکو باسدەکرێت لە ئامارەکاندا زیاتر لە ٥٠٠ کەس گیراون کە بەشێکی زۆریان ژنن، واتە ٣٠ بۆ ٤٠ ژن بۆتە ئامانجی ئەو هێرشانەی ڕژێمی ئێران و گیراون، بۆیە ئێران مێژوویەکی هەیە لەوەی چۆن گەلان و ژنان بکاتە قوربانی سیاسەتەکانی خۆی، هەروەها لە دوای شەڕی ئێران و عێراق زیاتر لە ٣هەزار کەس بونە قوربانی دوای ئەوەی شەر کۆتایهات و دیسان ئێران سیاسەتەکانی لەناو کۆمەڵگەدا زیاتر سەپاند، بۆیە دیسان گەل و ژنان بونە قوربانی، بەداخەوە ئێستا دەبینین ژنان لە دۆخێکدا دەژین کە ئەگە رکەسێکیان لەناو بنەماڵەکەیان کە ئابوری بەدەست بووە لەدەست بدەن ئەوا ناچار بەکردنی هەندیک کاردەکرێن کە شیاوی ژنان نیە و بەمەجبوری بەسەریاندا دەسەپێت، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین ژنان و منداڵان قوربانی سەرەکی هێرشە دەرەکیەکان و ناوخۆیەکان بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەهەموو قۆناغەکاندا ڕژێمی ئێران بۆئەوەی دەنگە بەرهەڵستکارەکان سەرکوت بکات بەشێوازێکی جیاواز بە هانەیەکی هێناوەتەوە، کە مێژوویەکی هەیە لە بەهانە هێنانەوە و بەئامانجگرتنی کەسایەتیە ناڕازییەکان بەتایبەتی چالاکوانی سیاسی، هەروەها بەهەزارەها کەسی دەسگیرکردووە لەو چوارچێوەیەدا، بۆیە بێگومان لەم هێرشانەشدا هەرلەسەرەتاوە دەستیکرد بە دەستگیرکردن، بەجۆرێک لە یەک ڕۆژدا ١٨منداڵی تەمەن ١٨ ساڵ لە ڕەگەزی مێ دەستگیرکرد بەهۆکاری ئەوەی کە گوایە دیمەنی هێرشەکانی ئیسرائیلیان لەسەرتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکردۆتەوە، ئێستاش بەتۆمەتی ئەمنی و یارمەتیدانی خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی ئێران لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا دەستیکردوە بە ڕەشبەگیریەکی مەترسیدار، بەجۆرێک لە ڕۆژانی ڕابردوودا ١٨ کەسی لەیەک شوێن گرت، ئەمانەش بونەتە بەهانەیەک بۆ ئەم ڕژێمە، هەروەها بەجۆرێک ٣ کەس لە ڕۆژێکدا لە سێدارەدران بە هۆکاری ئەوەی یارمەتی ئیسرائیلیان داوە یاخود سیخوڕییان کردوە، بەڵام لێرەدا ڕژێم دەبێت لێپرسینەوە لەخۆی بکات لەوەی بەدەیان ئەندامی باڵای خۆی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، هەروەها لە دەزگا ناوەندیەکانی خۆی لێپرسینەوە بکات نەوەکو بێت لاوازی خۆی لەسەرخەڵک بەتاڵبکاتەوە، لەکاتێکدا باسدەکرێت ئەو کەسانەی کە لە سێدارەدران لەم دوایانەدا کۆڵبەر ، واتە کەسانێک بوون هەوڵیانداوە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان.
"زیانی بۆ زیندانیانی سیاسیش هەیە"
وتیشی: دەکرێت بڵێین ئەمانە لەسەر ئەو کەسانەی کە زیندانی سیاسین لە ئێراندا مەترسی هەیە، بینیمان لە کۆتایی ڕۆژەکانی هێرشەکاندا هێرشکرایە سەر زیندانی ئێڤین، کە بەدەیان زیندانی لەوێدا بریندار بوون، بەجۆرێک ئەوانەی لەو زیندانەدا زیندانی کراون، برینداربوون و چارەسەری تەواوی برینەکانیان بۆنەکراوە بەهۆی دەستنەکەوتنی کەلوپەلی تەندروستیەوە، داوی ئەوەش باسی ئەوەکرا کە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وارمین، کە زیندانیەکی زۆرخراپی ڕژێمی ئێرانە بەتایبەتی بۆزیندانیانی سیاسی، لەئێستاشدا دەزانین بە دەیان کەس کە ناڕازین لە سیاسەتەکەی لەو زیندانەدا بەندکراون و سزای لەسێدارەدانیشیان بەسەردا سەپێندراوە، هەروەها تاکو ئێستا هەواڵێکی ڕاست و دروست دەربارەی دۆخی ئەو زیندانیانەوە لەبەردەستدا نییە، بێگومان ئەمەش مەترسیە، بۆیە پێویستە بنەماڵە و کەسوکارەکانی ئەو زیندانیە سیاسیانە و کەسانی بەرهەڵستکاری ئەم ڕژێمە بێدەنگ نەبن لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا تاوەکو بتوانرێت هیچ نەبێت هەواڵێک لەسەر ئەو زیندانە سیاسیانە بزانرێت.