ژنانی ڕۆژنامەنوس: پێویستە هەوڵەکان جدی بن و تەنها بەقسە نەبیت بەڵکو کرداری بیت
ژنانی ڕۆژنامەنووس لە هەڵەبجە هەوڵەکان بۆ پاراستنیان لە هەراسانکردن و دەستدرێژی بە گرنگ دەزانن و دەڵێن: پێویستە یاساو ڕێسا، هەبێت تاوەکو ژنانی ڕۆژنامەنووس پاریزراوبن، تاوەکو بتوانین لە ئەرک و مافدا یەکسان بین.

میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس و بەهێزکردنی پێگەیان لە کاری میدیای کوردی دا، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم، ١١ راسپاردەی ئاڕاستەی دەزگاکانی راگەیاندن کردووە، ڕاسپاردەکان کە لەلایەن "سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ" و "ڕێکخراوی جاسەنە"وە ئامادەکراون و ، جەخت لەسەر بڕەودان بە یەکسانیی جێندەری و کردنەوەی دەرگا بۆ ژنان دەکەنەوە تاوەکو لە پلە باڵاکانی بەڕێوەبردندا بەشداریی کارا بکەن.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە دەبنەوە، لەوانە هەراسانکردنی سێکسی لە شوێنی کار، جیاکاریی رەگەزی لە موچە و پلەبەرزکردنەوەدا، هەروەها نەبوونی ژینگەیەکی لەبار کە رەچاوی تایبەتمەندییەکانی ژنان بکات.
گرنگترین راسپاردەکان بریتین لە:
١. رێگری لە هەراسانکردنی سێکسی: دانانی رێنمایی توند بۆ رێگریکردن لە گێچەڵی سێکسی لەناو دەزگاکاندا و هۆشیارکردنەوەی کارمەندان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن و راپۆرتکردن لەسەر ئەو حاڵەتانە.
٢. دانانی سیستمی کۆتا: فشارخستنە سەر پارلەمان بۆ پەسەندکردنی سیستمی کۆتا، تاوەکو بەشداریی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردانی میدیاییدا مسۆگەر بکرێت.
٣. دروستکردنی ژینگەی کارکردنی گونجاو: رەخساندنی هەلومەرج و ئاسانکاری بۆ ژنانی میدیاکار بەشێوەیەک کە لەگەڵ سروشت و پێداویستییە بایۆلۆجییەکانیاندا بگونجێت.
٤. یارمەتیی یاسایی: سەندیکای پارێزەران هاوکار بێت بۆ بەرگریکردن لەو ژنە رۆژنامەنوسانەی کە لە شوێنی کارەکانیاندا روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە.
٥. نەهێشتنی جیاکاری: کۆتاییهێنان بە جیاکاریی رەگەزی لەکاتی دابەشکردنی خەڵاتەکان و گرنگیدان بە باڵانسی جێندەری لە دامەزراندنی سەندیکا و رێکخراوە میدیاییەکاندا.
٦. بۆخۆ رێکخستن: هاندانی دامەزراندنی رێکخراوی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافی ژنانی میدیاکار کە لەلایەن خودی ژنانەوە بەڕێوەببرێت.
هەروەها راسپاردەکانی دیکە جەخت لەسەر گرنگیدان بە خولی پەروەردە، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە لەبارەی ڕۆڵی ژنان، داڕشتنی سیاسەتی میدیایی تایبەت بە پرسی ژنان و پێداچونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەکادیمی دەکەنەوە.
"کارکردن بە پیشەییانە قورسایی خۆی هەیەو نابێت لەدەستی بدەین"
بۆئەوەی بزانین ڕۆژنامەنووسانی سنووری هەڵەبجە چۆن لەم بڕیارە دەڕوانن، قسەمان لەگەڵیان کردو ئەڤین عەتا ڕۆژنامەنووس وتی: ماوەی زیاد لە ١٠ ساڵە لە بواری ڕۆژنامەنووسی بیندراو کار دەکەم توشی چەندین کیشەو گرفت بوومەتەوە لەکاتی کار کردن، هەنگاوی ڕاسپاردەکە بۆخۆی گرنگە کە هەست بەوًمەترسیە کرابێت لەسەر ژنانی ڕۆژنامەنوس بەڵام جێ بەجێ کردنی و چاودێری کردنی گرنگترە تەنها بە هەوڵ نابێت پێویستە کاری جدی بۆ بکرێت تا ژنان بتوانن بە خەیاڵێکی ئاسودە کارەکانیان بکەن و دەستکراوەتربن لە بەدواداچوونەکانیان، هەرگیز بەهۆی گێچەڵەوە نەوەستاوم، چونکە کارکردن بە پیشەییانە قورسایی خۆی هەیەو نابێت لەدەستی بدەین.
چۆڤین عامر، ڕۆژنامەنووس لە بواری میدیای بیستراودا وتی: من ماوەی ٥ ساڵە کار دەکەم، لەبەر ئەوەی لە میدیای بیستراو کار دەکەم زۆر بەر تەنگ و چەڵەمەکانی کۆمەڵگە ناکەوم، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێویستە یاساو ڕێسا، هەبێت تاوەکو ژنانی ڕۆژنامەنووس پاریزراوبن، تاوەکو بتوانین لە ئەرک و مافدا یەکسان بین، تاوەکو بتوانین لە موچەو شایستە داراییەکان مافەکان وەربگرینەوە.
"ێویستە سیستمێکی گۆرانکاری بنیچینەیی بونیاد بنرێت"
گۆڤار بەختیار، ڕۆژنامەنووس بە جۆریکی تر لە راسپارەدەکان دەڕوانێت و وتی: ژنانی ڕۆژنامەنووس، لە کاتێکدا کاردەکەن کە بەردەوامی هەڕەشە، فشاری کۆمەڵایەتی، و نەبونی سیستمی پشتیوانی هەبووە، چەندین جاری تریش داواکاری و راسپاردە هەبوون، بەڵام ئەگەر ئەمجارەش ئەم داواکارییانە، تەنیا مورەکەبی سەر کاخەز بێت ئەوە ژنان ناچار دەبن بەردەوام بن و متمانە بەهیچ جۆرێک لە نێوان لایەنیپەیوەندیدارو ڕۆژنامەنوسدا نەمێنێت، بۆیە پێویستە سیستمێکی گۆرانکاری بنیچینەیی بونیاد بنرێت و مامەلەیەکی ئاشکرا لەگەل ژنانی ڕۆژنامەنووس بکرێت ، تایبەتمەندیتی و چەندێتی و چۆنێتی بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس زیاد بکریت و جێبەجێکردنی ئەم راسپاردانە بە شێوەیەکی ڕوون جێبەجێ بکرێت، نەک تەنها لە ڕووبەرگی کتێبێکدا، لە کۆتایشدا ئهم راسپاردەیە دهستپێکی باشه، ئەگەر نیشانەی سەرکەوتن
لە ئەنجامەکاندا دیاربێت.