ئیدارەی خۆسەری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو کاردەکات

زاکیرە وێڵۆ، ئاماژەی بەوەکرد ئامانجی پڕۆژەی دەرهێنانی ئاو لە سەنجەقا سەعدون ڕزگارکردنی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسە لە قەیرانی ئاو و وتی: هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو دەدەین.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ەوە واتە دوای لەشکرکێشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی لە گیرێ سپی وسەرێکانی تا ئێستا ئاوی وێستگەی ئیلۆکی لە حەسەکە و گوندەکانی بڕیوە، ئەمەش زیانێکی زۆر بە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی حەسەکە و گوندەکانی دەوروبەری گەیاندووە.

 

ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی جەزیرە و بەشی ئیدارەی کانتۆنی جەزیرە لە ٣ی ئابی ٢٠٢٣ دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دەرهێنانی ئاوی خواردنەوە کردووە.

 

پرۆژەکە لە ڕێگەی چوار قۆناغەوە دەبێت، هەڵکەندنی ٢٠ بیرە بە قوڵایی ٥٠٠ مەتر، دروستکردنی ٦ تانکی هەڵم و حەوزێکی ٥ هەزار مەتر سێجا، دابینکردنی کارەبا و ڕاکێشانی ئاو بە درێژایی لە ٦٢ کیلۆمەتر.

 

"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هۆکارن بۆ دواکەوتنی پڕۆژەکە"

 

زاکیرە وێڵۆ، ئەندازیار باسی لەوەکرد، کار بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە دەکرێت و دەڵێت: من بەشدارم لە بەشی کۆکردنەوەی ئاوی ئەم پڕۆژەیە، ئەم پڕۆژەیە بە ڕەزامەندی خەڵک و گوندنشینەکانی ئەنجام دراوە، ئامانجمان ڕزگارکردنی خەڵکی حەسەکە و ناوچە گوندنشینەکانە لە قەیرانی ئاو، پێمان وایە کاتێک ئەم پڕۆژەیە تەواو بوو چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئاو دەدۆزرێتەوە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە ڕاناگرێت، ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، ئەمەش کاریگەری لەسەر کاری ئەم پڕۆژەیە دروستکردووە، داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین ڕێگری لەم هێرشانە بکەن بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لە قەیرانەکان بکەین.

 

"قەیرانی ئاو قەیرانی دیکە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت"

شکریە حسێن، دانیشتووی گەڕەکی تل هاجەر لە شاری حەسەک، ڕایگەیاند، قەیرانی ئاو کاریگەری زۆری لەسەر خەڵکی حەسەک هەیە و وتی: لەم پلەی گەرمایەدا بێ ئاو ماوینەتەوە، من و دراوسێکەم پێکەوە بیرێکمان هەڵکەند، بەڵام ئاوی ناو بیرەکە دزە دەکات و ئێستا بیرەکەمان قووڵتر دەکەینەوە، بەڵام ئاوی بیرەکە تەنها بۆ خۆشۆردن بەکاردێت، ئاوی خواردنەوە دەکڕین، ٥ بەرمیل بە ٣٥ هەزار پڕ دەکەینەوە، ئەو ئاوە لە ڕاستیدا پاک نییە، ڕەنگەکەی زەردە و منداڵەکانمان بەهۆیەوە نەخۆش کەوتوون، ئێمە دەمانەوێت قەیرانی ئاو چارەسەر بکرێت چونکە ئەم قەیرانە چەندین قەیرانی دیکەی هێناوەتە ئاراوە، وەک قەیرانی تەندروستی و ئیکۆلۆژی، کە هۆکاری سەرەکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە.