"ڕەچاو نەکردن توندوتیژی و هەراسانکردن لە شەقامەکاندا زیاد دەکات"

مەهۆش خانی، چالاکوانی مافەکانی ژنان ڕایگەیاند، ڕەچاو نەکردن ڕێگە بۆ توندوتیژی و هەراسانکردنی ژنان لە شەقامەکاندا دەکاتەوە، نابێت ژنان سەرەڕای هەموو سەختییەکان لە بەرامبەر هەراسانکردن و توندوتیژی بێدەنگ بن.

ژینۆ درەخشان

 

سنە- بەهۆی نایەکسانی ڕەگەزی لە زۆرێک لە وڵاتان لە ماڵەوە، شوێنی کار، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان و هەموو شوێنێکدا، ژنان تووشی هەراسانکردن و توندوتیژی دەبنەوە، یەکێک لەو شوێنانەی کە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەراسان دەبنەوە، شەقامەکانە. ماهۆش خانی، چالاکوانی مافەکانی ژنان کە لە شاری سنە نیشتەجێیە، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەوەی ژنان لە شەقامەکاندا تووشی توندوتیژی دەبنەوە، هیچ متمانەیەکیان بە کۆمەڵگە نامێنێت.

 

لە سەرەتای قسەکانیدا، مەهۆش خانی ئاماژەی بەوەدا کە توندوتیژی لە شەقامەکاندا دەکرێتە بیانوو بۆ ئەوەی ژنان بخرێنە ژێر فشار و وتی: کۆمەڵگە یارمەتی ژنان نادات بۆ دەرچوون لەو قەیرانە، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی ترس و دڵەڕاوکێیان دەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی تێڕوانینی پیاوسالارییەوەیە، چونکە ئەو تاوانانەی پیاوان دژی ژنان ئەنجامی دەدەن، پشتگوێ دەخرێن و بەپێچەوانەوە ژنانی بەرکەوتووی توندوتیژی تاوانبار دەکرێن.

 

"ئەو ژنانەی پشتگیری ناکرێن، بێدەنگ بن"

لە درێژەی قسەکانیدا، مەهۆش خانی ئاماژەی بەوەدا کە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی، پێویستی بە چاکسازی لە پەروەردەدا هەیە و ڕوونە کە لە شەقامەکاندا هەراسان کردن هەیە، دەشڵێت: کاتێک ژنان تووشی توندوتیژی دەبن، ترسیان لە دادگاییکردن و زیندانیکردن هەیە، دەترسیان هەیە قسە بکات، چونکە پێی وایە پشتگیری بەدەست ناهێنێت، ژنان لەسەر شەقامەکان لەلایەن پیاوانەوە هەراسان دەکرێن، هۆڕنیان بۆ لێدەدەن و فوولیان لێدەدەن، یان کاتێک لە وێستگەی پاسەکان چاوەڕوانن، لەلایەن ئۆتۆمبێلەکانی بەردەمیانەوە هەراسان دەکرێن، هەروەها ژنان لە گواستنەوەی گشتیدا تووشی ئازاردانی زارەکی یان جەستەیی دەبنەوە، ئەمانە هەموویان نموونەی هەراسانکردنی سەر شەقامەکانن.

 

"چاودێری نەکردن هەراسانکردن و توندوتیژی ئاسایی دەکاتەوە"

مەهۆش خانی ئاماژەی بەوەدا، کە بێدەنگ بوون بەرامبەر بە ئازاردانی سێکسی و توندوتیژی لە شەقامەکاندا ڕێگری لە دەستدرێژی و هەراسانکردن ناکات و وتی: بەپێی ماددەی ٦١٩ لە یاسای سزادانی ئیسلامی، هەراسانکردنی ژنان بە تاوان هەژمار دەکرێت، بەڵام بەو پێیەی لە یاسای سزادان هەراسانکردن و دەستدرێژیکردن بە تاوانێکی جیاواز پێناسە نەکراوە، سەلماندنی ئەم تاوانە زۆر قورسە، پابەند نەبوون و ڕەچاونەکردنی هەراسانکردن و توندوتیژی، کارەکە دەکاتە ئاسایی، بەڵام سەرەڕای هەموو سەختییەکان، نابێت ژنان بێدەنگ بن و دەبێت دژایەتی توندوتیژی و هەراسانکردن لە شەقامەکاندا بکەن.

 

کاتێک دەچێتە سەر کارەکەی هەراسان دەکرێت

سەحەر م.، کە لە فەرمانگەیەکدا وەک سکرتێر کاردەکات، باسی لەوە کرد، هەموو ڕۆژێک کە دەچێتە سەر کارەکەی هەراسان دەکرێت و دەڵێت: گرنگ نییە چی لەبەر دەکەیت، هەراسانکردنی سەر شەقامەکان ناوەستێت، یەکێک لە بارودۆخە بێزارکەرەکان ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلەکان دەوەستن و هۆڕن لێدەدەن، من پێم باشە بێدەنگ بم و ئەم دۆخە پشتگوێ بخەم.