لە هەر جێگەیەک بێت ژنان تواناکانی خۆیان پێشدەخەن

ماوەی سێ ساڵە نوسینگەیەکی فێربوونی شۆفێری تایبەت بە ژنان لە دەڤەری ڕاپەڕین خزمەت بە ژنان دەکات، بەو ئامانجەی ژنان بە باشترین شێوە و لەسەر دەستی ژنێکی دیکە فێری شۆفێری ببن.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- ناوچەی ڕاپەڕین یەکێکە لەو ناوچانەی تا ئێستاش ژنان بە زەحمەت دەچنە ناو بازاڕی کارەوە، کارکردن بۆ ئەوان سنوردار کراوە و تا ئێستاش هەندێک کار هەیە وەک ژن ناتوانن ئەنجامی بدەن، ئەمەش بەهۆی ئەو ئەقڵیەت و فکرەی هەمیشە دەیەوێت توانای ژن لە سوچێکی ماڵدا قەتیس بکات و پەرەی پێنەدەن، بەڵام ژنان لەگەڵ بوونی بارودۆخێکی سەختی ژیاندا و هەبوونی کۆمەڵگەیەک بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە هەوڵەکانیان نەوەستاون و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

 

نوسینگەی شۆفێری ئاسا لە شاری ڕانیە لە دەڤەری ڕاپەڕین، نوسینگەیەکە تایبەتە بە ژنان لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ دامەزراوە، سەرجەم مامۆستا و ڕاهێنەرەکانی ئەو نوسینگەیە ژنن.

 

 شۆخان محمد، مامۆستا و ڕاهێنەر لە نوسینگەکە، ئاماژەی بەوەکرد جگە لە دەڤەری ڕاپەڕین چەندین فێرخوازی دیکەیان فێری شۆفێری کردووە، کە لە ناوچەکانی دەورووبەرەوە سەردانیان کردوون.

 

"هەوڵماندا ژن شۆفێری فێری ژنان بکات بۆیە نوسینگەی تایبەت بە ژنانمان کردەوە"

شۆخان محەمەد، مامۆستا و ڕاهێنەر ئاماژەی بەوەکرد کە بە پێویستیان زانیوە نوسینگەیەک بکەنەوە تایبەت بێت بە ژنان و ژنان خۆیان بتوانن هەوڵی فێربوونی شۆفێری بدەن لە ڕێگەی ژنێکەوە نەک پیاوان فێریان بکەن، لە ئێستادا ژنانی شۆفێر زۆرن، بە بەراورد بە پیاوان زیاتر ڕێنماییەکانی شۆفێری جێبەجێ دەکەن، وتی: هەموو مانگێک خولێک دەکەینەوە، زیاتر لە وەرزی هاویندا خولەکان هەن چونکە فێرخوازان لەو وەرزەدا ڕوودەکەن نوسینگەکان.

 

ڕوونیکردەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦وە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە دەڤەری ڕاپەڕیندا هەبووە، بەڵام تەنها مامۆستا و ڕاهێنەری پیاویان هەبوون بۆیە ئەوان وەک ژنێک بڕیاریاندوە وانەکانی تایبەت بە شۆفێری و بوون بە ڕاهێنەر وەربگرن، بۆ ئەوەی بتوانن چەندین ژنی دیکە بکەن بە شۆفێر و ڕاهێنەر، لە پاشان نوسینگەیەکەی تایبەت بە ژنانیان کردووەتەوە.

 

"کۆمەڵگە هەوڵی دەدا بەربەستمان بۆ دروستبکات"

لە درێژەی قسەکانیدا ڕاهێنەر شۆخان محەمەد باسی لەوەکرد کاتێک هەوڵیانداوە نوسینگەیەک بکەنەوە، بەهۆی ئەوەی پێشتر ژنان ئەو کارەیان نەکردووە ڕووبەڕووی ڕەخنە بوونەوە، کۆمەڵگەی ڕاپەڕین بەلایەوە نامۆ بووە ژنان نوسینگەی شۆفێریان هەبێت هەر بۆیە بەربەستیان بۆ دروستکردوون و پێیان وتوون ژن بە ژن فێری شۆفێری نابێت، دەڵێت: سەرەڕای ئەو قسانە هەوڵماندا ئەو ڕێچکەیە بشکێنین و نوسینگەکەمان کردەوە و توانیمان چەندین ژن فێری شۆفێری بکەین.

 

ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو ژنان زیاتر هەوڵی فێربوونی شۆفێری دەدەن، بەتایبەت بۆ نوسینگەکەی ئەوان، چونکە لە کاتی فێربووندا ژنان زیاتر ئاسوودە، وتیشی: بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە ژنانی دەڤەری ڕاپەڕین بکەین، مانگ هەیە وانەکانی تیۆری دەکەین بە خۆڕایی مانگ هەیە ٪٥٠ داشکان لە وانەکان دەکەین، یاخود ئامرازەکانی گواستنەوەیان بۆ نوسینگەکە دابین دەکەین.

 

"ماوەی سێ ساڵە خاوەن کاری خۆمم"

شۆخان محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا داوا لە ژنانی کورد وە بە تایبەت ژنانی دەڤەری ڕاپەڕین کرد، لەماڵەوە دانەنیشن ئەوانیش بێنە دەرەوە و ئەو ئامانجانەی هەیانە هەوڵی بۆ بدەن و بەدەستی بهێنن، وتی: هەر کەسێک ئامانجێکی هەبێت دەتوانێت بەدەستی بهێنێت، من وەک ژنێک حەزم دەکرد ببمە ڕاهێنەری شۆفێری و بە هەوڵەکانی خۆم توانیم بەدەستی بهێنم و نوسینگەیەکی تایبەت بە خۆم بکەمەوە و ماوەی سێ ساڵە خاوەن کاری خۆمم.

 

باسی لەوەکرد هەر کارێک قورسی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر تاک ویستی فێربوونی هەبێت بێگوومان ئاسان دەبێت، وتیشی: دەرهێنانی موڵەتی شۆفێری بۆ ژنان ئێستا بووە بە پێویستیەکی سەرەکی ژیان، مەرج نییە ئۆتۆمبێلی تایبەت بە خۆتت هەبێت بەڵام گرنگە مۆڵەتت هەبێت بۆ حاڵەتێکی کتوپڕ، تەنانەت ئێستا ژن هەیە لە ناو شاری ڕانیە کاری تەکسی دەکات بۆ ئەوەی بتوانی بژێوی ژیان دابین بکات.

 

"ژنان دەتوانن هەر کارێک ئەنجام بدەن کە خۆیان بیانەوێت"

ساڕێژ خدر حمد لە نوسینگە ی ئاسا  کاری کارگێڕی و ژمێریاری دەکات، کاری هەموو ئەو مامەڵانەی پێویستن بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ئەنجام دەدات، دەڵێت: کارەکەمم خۆشدەوێت، هەوڵ نادەین جیاکاری بکەین لە نێوان پیاو و ژن ئێمە ئامانجمانە بیسەلمێنن ژنان دەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن و ئەوەی دەیانەوێت ئەنجامی بدەن، لە دۆخی ژنانی دەڤەری ڕاپەڕین ئاگادارین بۆیە هەوڵمانداوە بە باشترین شێوە و کەمترین تێچوو فێری شۆفێریان بکەین ئەمەش وایکردووە سەرکەوتن لە کارەکانماندا بەدەست بهێنین.

 

داوا لە ژنان دەکات مۆڵەتی شۆفێری دەربکەن چونکە وەک هەر ناسنامەیەکی تر پێویستە.