ئاڤانی ١٧ ساڵ؛ نمونەیەکی توندوتیژی دڕندانە بەرامبەر ژنان

دایکی ئاڤان جەزای ١٧ ساڵ دەڵێت: "ئاڤان بەردەوام داوای مافی خۆی دەکرد و دەیوت هەوڵبدەن مافی خۆم و منداڵەکانم بستێنن"، پەرستارێکی بەشی سووتاویش دەڵێت: هاوسەرگیری ژنان لە تەمەنێکی منداڵدا هۆکارێکی سەرەکیە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کوشتنی ژنان و ناچار بە خۆکوشتن کردنیان بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، لە کۆمەڵگەدا ژنان بەردەوام لەلایەن هاوژینەکانیان و خێزانەکانیانەوە بە هۆکاری جۆراوجۆر ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و کوشتن و هەڕەشە دەبنەوە، بەشێکی زۆر لە کوشتنی ژنان لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە کپ دەکرێتەوە، یان دۆسیەکان بە لاڕێدا دەبەن و دەیخەنە ئەستۆی کوژراوەکە، کە هەمیشە ژنە.

 

سەرەڕای ئەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بڵاوناکرێتەوە و تاوانەکان بە ناوی سەقامگیریەوە پەردەپۆش دەکرێت، بەڵام لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە ئاژانسی نوژنها، ئاماری مانگی ئادار تاوەکو ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵی کۆکردووەتەوە، کە بەمشێوەیەیە؛

 

لە هەرێمی کوردستاندا ١٧ ژن، کە لە شاری سلێمانی ٥ ژن، هەولێر ٥ ژن، گەرمیان ٣ ژن، دهۆک ١ ژن، زاخۆ ١ ژن، ئاکرێ ١ ژن و ڕاپەڕین ١ ژن کوژراون یان ناچار بە خۆکوشتن کراون، لە کاتێکدا چەندین حاڵەتی کوشتنی ژنان لەم چەند مانگەدا نەخراوەتەڕوو و لەلایەن خێزانەکانیانەوە پەردەپۆش کراوە.

 

ئاڤان یەکێکە لە نمونەکانی توندوتیژی و هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا

ئاڤان جەزا جەوهەر ئەمین، یەکێکە لەو ژنانەی سووتێنرا، یاخود ناچار بە خۆسووتاندن کرا، کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ لە تەکییە لەدایکبووە، خوێندنی تا پۆلی هەشتی ناوەندی خوێندووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ کاتێک تەمەنی ١٥ ساڵ دەبێت، دەدرێت بە شوو، ماوەی دوو ساڵە لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی نیشتەجێیە، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە، ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا لە ماڵەکەی خۆیدا سووتێندرا، یاخود ناچار بە خۆسووتاندن کرا، لە کاتێکدا دووگیان بوو بە منداڵی دووانە. پاشان دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی سووتاوی شاری سلێمانی، بەپێی وتەی خێزانەکەی، بەهۆی ئەوەی کچەکەیان هەڕەشەی لەسەر بووە نەیتوانیوە ڕاستییەکان بدرکێنێت، لە لێدوانەکانیاندا چەندین ڕاستی دەخرێتەڕوو پاشان خێزانی تاوانبار تاوانەکە دەخەنە سەر ئاڤان جەزا.

 

ئاڤان چەند ڕۆژێک پێش سووتاندنی لەلایەن هاوژینەکەیەوە، کە ناوی محەمەدە، قژی و برۆکانی دەتاشرێت و ئەشکەنجە دەدرێت، پاشان دەسووتێنرێت، کە بەهۆی ڕێژەی ٪٨٥ی سووتاوییەکەیەوە لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا گیان لەدەستدەدات و لە گۆڕستانی سەیزەنوور لە شارەدێی تەکیە بەخاک دەستپێردرێت.

 

لە لێدوانی کەسوکاری تاوانبار محەمەدەوە بۆ ڕاگەیاندنەکان، چەندین هەڵە و گۆڕانکاری تێدایە، باوکی تاوانبار بۆ ڕاگەیاندنەکان دەڵێت: ئاڤان و هاوژینەکەی لە ٥ شەممەدا لە لای پزیشکی ژنان بوون بۆ ئاڤان تا چاودێری تەندروستی منداڵەکانی بکات، بەڵام باوکی ئاڤان بۆ ئاژانسی نوژنها دەڵێت: "لە ڕۆژی ٥ شەممەدا پزیشکەکەی ئاڤان دانانیشێت"، هەروەها لە لێدوانێکی دیکەدا باوکی تاوانبار دەڵێت: "کوڕەکەی لە مزگەوت بووە و پاشان لێدوانەکەی دەگۆڕێت بەوەی محەمەدی کوڕی بە ئاڤانی وتووە مەچۆڕە حەمام کاتەکەی گونجاو نی‌یە و بە دوو دەقە دوای ڕووداوەکە، دەستبەجێ گەشتووەتە لای ئاڤان"، بەمەش تەواوی لێدوانەکانی باوکی تاوانبار دەچێتە ژێر گومانەوە.

 

جەزا جەوهەر ئەمین، باوکی ئاڤان، بۆ ئاژانسی نوژنها دەڵێت: ئاڤان لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندراوە و پاشان ئێمەیان ئاگادار کردووەتەوە، ئاڤان دووگیان دەبێت بەڵام هاوژینەکەی دەیسووتێنێت، لێدوانەکانی ماڵی تاوانبار دوورە لە ڕاستیەوە کە دەڵێن ئاڤان خۆی سووتاندوە، ئاڤانی کچم بە کوشتنی من هەڕەشەی لێ کراوە، بۆیە نەیتوانیوە بێت بۆ لام و باسی کێشەکانی بکات.

 

"ئاڤان لەلایەن هاوژینەکەیەوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بووەتەوە و پاشان سووتاندویەتی"

سوعاد جەلال محەمەد، دایکی ئاڤان جەزای ١٧ ساڵ، باس لە سووتانی کچەکەی دەکات لەلایەن زاواکەیەوە، کە کچەکەی لەژێر هەڕەشەدا بووە و بەردەوام ئەشکەنجە دراوە، هاوژینی ئاڤان خیانەتی لێکردووە و پاشان ئەشکەنجەی داوە، لە شەوی ٦ی حوزەیراندا لە ماڵەکەی خۆیدا ئاگر لە جەستەی ئاڤان بەردەدات، دەشڵێت: ئاڤانی کچم ساڵێک و دوو مانگ دەبێت هاوسەرگیری کردبوو، سکی بە منداڵی دووانە هەبووە، بەهۆی ئەشکەنجەوە پێش ئەوەی بیسووتێنێت منداڵێک لە سکیدا مردبوو، لە کاتی سووتانیشیدا منداڵەکەی دیکەشی مرد، هەروەها ئەو بەڵگانەی ئاڤان بەرامبەر هاوژینەکەی هەیبووە خەسووی بە زۆر پێی سڕیوەتەوە.

 

وتیشی: کچەکەم پێشەوەی گیان لەدەستبدات دەیوت چەنجار بە هاوژینەکەمیان وتووە ئاڤان بکوژە و لە ناوی ببە، هاوژینەکەی ناپاکی لێکردووە و تا ئێستا ئەو کەسەی هاتووەتە بەینیان دیار نی‌یە و دەستبەسەر نەکراوە، کچەکەم لە ٪٨٥ی سووتابوو بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

لە کۆتاییشدا دەڵێت: ئاڤانی کچم داوای ئەوەی دەکرد کە مافی نەفەوتێت، بۆیە داواکارم مافی کچەکەم بسەندرێت، هەوڵی بەدەستهێنانی مافی دەدەین و قەت لە هاوژینەکەی خۆشنابین، ئاڤان و منداڵەکانی کوشت، منیش کە دووگیان بووم بە منداڵێک لەدەستمدا بەهۆی ئەوانەوە، ئێستا چوار کەسیان کوشتووم و تاوانبارن و دەبێت بە هەقی خۆیان بگەن.

 

پۆلیسی سلێمانی چوار کەسی لەسەر دۆسیەەکە دەستگیر کردووە

١ی تەمموزی ئەمساڵ، سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی دواین زانیاری دەربارەی دۆسیەی “ئاڤان جەزا” خستەڕوو و ڕایگەیاند، پاش ڕووداوەکە چوار کەس لەسەر دۆسێیەکە دەستگیر کراون، کە بریتین لە: هاوژینەکەی، خەسوو و خەزووری ئاڤان و ئەو ژنەی، کە لە ڤیدیۆکەدا بەر گیانلەدەستدانی باسی دەکات.

 

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کە تا ئێستا هاوژینی ئاڤان دانی بە تاوانەکەدا نەناوە.

 

"توندوتیژی و تێکدانی دەروونی لەلایەن پیاوانەوە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت"

نیگار محەمەد مارف، سەرۆکی پەرستاران لە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی، باس لەوە دەکات، زۆربوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و کێشە ئابووریەکان هۆکاری تێکچوونی بارودۆخی دەروونی ژنانە لە کۆمەڵگەدا، دەڵێت: توندوتیژی ژنان لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە هۆکارە بۆ تێکچوونی دەروونی ژنان، هەروەها ئەو توندوتیژیانە ژنان ناچار بە خۆکوشتن دەکات، لە ئێستادا ژنان بەهۆی ئاستی هۆشیاریانەوە ڕوودەکەنە دادگاکان بە مەبەستی جیابوونەوە و کەمتر پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار پێش ئەوەی ژن جیاببێتەوە، دەسووتێندرێن.

 

وتیشی: ئێمەی ژنان ئەوەندە زانیاریمان بەرامبەر مافەکانمان هەبێت و بوونی خۆمان بسەلمێنین لە کۆمەڵگەدا، بە هەبوونی کێشەیەکی بچووک ناچار بە خۆکوشتن نابین، ژنان پێویستە پەنا بۆ ڕێگا چارەسەر ببەن، نەک پەنا بۆ خۆکوشتن و ئاستی هۆشیاریان دەبێت زیاتر بکەن، بەڵام بەداخەوە بەشێکیان لەکاتی ڕێگا چارەسەردا لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە دەکوژرێن، وەک لەم چەند مانگەی پێشوودا ژنێکی گەنج لە کاتی دۆزینەوە و پەنابردن بۆ ڕێگا چارەسەر لەلایەن باوکیەوە دەکوژرێت.

 

"کاتیک ژنان دەکوژرێن یاخود دەسووتێندرێن خێزانەکان تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی ژنەکە"

نیگار محەمەد مارف، باس لەوەش دەکات، هاوسەرگیری ژنان لە تەمەنێکی منداڵدا هۆکارێکی سەرەکیە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان، دەڵێت: خێزانەکان لە تەمەنێکی کەمدا منداڵەکانیان هاوسەرگیریان بۆ ڕێکدەخەن بێ ئاگا لەوەی ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبێتەوە و ناچار بە خۆکوشتن دەبێتەوە، هەروەها کاتێک ژنان دەکوژرێن یاخود دەسووتێندرێن، خێزانەکان تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی ژنەکە و پێیان ئاساییە تاوانباری بکەن، بەڵام بەلایانەوە ئاسایی نییە تاوانبارە سەرەکیەکە کە سووتاندوویەتی یان کوشتویەتی ئاشکرای بکەن، کاتێک ژنێکیش دەستدرێژی دەکرێتە سەر خێزانەکان بە بابەتی سوڵحی عەشایەری کێشەکە خامۆش دەکەن.

 

لە کۆتاییدا، دەڵێت: چەندین نەخۆشی ژنمان هەیە پێش ئەوەی گیان لەدەستبدەن داوای مافی خۆیان دەکەن و دەڵێن سووتاندوویانم مافم بسێنن، بەڵام بە دوو مانگ دوای مردنی کەسەکە نە ڕاگەیاندن و دادگا لێپرسینەوەی بۆ ئەنجام نادەن، هەروەها خێزانەکەی بە سوڵحی عەشایەری کۆتایی بە بابەتەکە دەهێنن و تاوانبار ئازاد دەبێت، بۆیە داواکارم لە دادگا لە ڕووداوی کوشتن و سووتاندنی ژناندا ڕێگە بە ئەنجامدانی سوڵحی عەشایەری نەدرێت و تاوانبار بە سزای خۆی بگات.