نەبوونی سەرچاوەی دەنگی پەرتوکەکان کێشەی بۆ نابیناکان دروستکردووە

نووسەرێک دەڵێت: ئێمەی نووسەر نەمانتوانیوە هەنگاو بۆ بە دەنگیکردنی پەرتوکەکانمان بنێین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری کە بەگرنگی نەزانیوە کاری لەسەر بکات.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- نەبوونی سەرچاوەی بە دەنگیکردنی پەرتوکەکان کێشەی بۆ کەسانی نابینا دروستکردووە، بەشێک لەو خوێنەرانەی نابینان و ناتوانن ئەو پەرتوکانەی دەردەچن، بخوێننەوە، بە ناچاری بێبەش دەبن لە بیستنی ئەو زانیاریانەی لە پەرتوکەکاندا هەن، یاخود چێژی پەرتوکەکان ناتوانن تاقی بکەنەوە.

 

"کێشەی نەبوونی پەرتوکی دەنگیی دەنگی بە نابینایان هەڵچنیوە"

ڕۆزی ئومێد حەمەئەمین، خوێندکاری بەشی عەرەبی زانکۆی سلێمانی و نابینایە، باس لەوە دەکات، هەبوونی پڕۆژەی بە دەنگیکردنی پەرتوکەکانی کە دەردەچن، کارێکی گرنگە بۆ کەسانی نەخوێنەوار و نابینا، تا بتوانن بگەن بە خولیای خوێندنەوەی پەرتوکەکان. ڕۆزی بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ بەدیهێنانی ئەو خولیایەی هەیەتی بۆ خوێندنەوەی پەرتوک و وەرگرتنی زانیاری بەردەوام لە ڕێگەی خوێندنەوەوە، بەڵام ئاستەنگی بەردەوامی هەبووە بۆ بە دەنگیکردنی پەرتوکەکان و دەڵێت: لە ڕێگەی ڕێکخراوەوە بەردەوام لە هەوڵدابووم بۆ کردن بە دەنگی پەرتوکەکان، بەڵام ڕێگریەکان ئەوەبوو بەردەوام دەیانووت دەبێت لەلایەن نووسەر و دەزگایی ڕۆشنبیریەوە ئەو کارانە جێبەجێ بکرێت، بەداخەوە زۆرێک لە نووسەرەکان هەوڵیان بۆ کردن بە دەنگی پەرتوکەکانیان نەداوە تا ئێمەی نابینا سودمەند بین، ئێمە بمانەوێت زانیاری لە پەرتوکەوە وەربگرین دەبێت هاوڕێیەکمان یان خێزانەکەمان هاوکارمان بن، بەڵام هەموو کات ناتوانین ئەو هەلەمان هەبێت، خێزانمان هەیە زۆربەیان نابینان و خولیای خوێندنەوەیان هەیە، بەڵام کەمترین پەرتوک هەیە دەنگی بێت.

 

هەروەها وتیشی: هەبوونی ئەو پەرتوکانەی لە ڕێگەی یوتوب و تێلگرامەوە دەستمان دەکەوێت و کردوویانە بە دەنگی زۆر کەمە، هەندێکیان ڕۆمانن و ئێمەی خوێندکار پێویستمان بە سەرچاوەی زیاتر دەبێت، هەر کەسەمان خولیای خوێندنەوەی جۆرە پەرتوکێکمان هەیە، دەمانەوێت بچینە پەرتوکخانەکان سەرچاوەکان بە خولیای خۆمان هەڵبژێرین، نووسەران لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لەپاڵ پەرتوکەکەدا سیدیەکی دەنگی بۆ ئامادە ناکات، من چەندەها ناوەند دەناسم تا ئێستا هیچ پەرتوکێکیان نەکردووە بە دەنگی بۆ کەسانی نابینا و نەخوێندەوار، ڕێگەش نادەن کەس ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆی خۆی.

 

"هەبوون و نەبوونی پەرتوکە دەنگیەکان بۆ نابینایان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی نووسەرەکان"

ئەو خوێندکارە باسی لەوەشکرد، هەبوونی نووسینی زبر-نووسینی نابینایان بە چەند پەرتوکێکی زۆر کەم هەیە لە پەرتوکخانەکاندا، هەبوونیان تەنها چەند گۆڤارێکی منداڵانە و هیچ نووسەرێک هەوڵی بۆ نەداوە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئامێر و دابین نەکردنیان بۆ پەرتوکخانەکان، هەروەها تێچویەکی زۆری دەوێت و نووسینێکی زۆر داگیر دەکات لەسەر پەرتوکەکان، دەشڵێت: هەبوون و نەبوونی پەرتوکە دەنگیەکان بۆ نابینایان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی نووسەرەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، نایانەوێت بابەتەکانیان بە دەنگی بچێتە ناو خوێنەرانیانەوە، دەتوانن لەڕێگەی کۆمەڵەکانەوە تەنها ئەو کەسانەی نابینان ئەو بەرهەمانەیان بۆ دەست بخرێت و کار بۆ کردنە دەنگی پەرتوکەکان ئەنجام بدەن، ئێمەی نابینا ئەگەر خولیای خوێندنەوەی پەرتوکمان هەبێت دەبێت لە ڕێگەی هاوڕێیەکمانەوە پەرتوکەکانمان بۆ بخوێندرێتەوە، ئەمە دەبێتە ئەرکێک بۆ کەسانی چواردەورمان.

 

لە کۆتایدا وتی: هیوادارم نووسەر و ناوەندەکان ڕێگە بە نابینایان بدەن ئەو بابەتەی دەمانەوێت کاری لەسەر بکەین و بتوانین پەرتوکەکانیان بە دەنگی گوێ لێبگرین و ئێمەش لەو هەستە بێبەش نەبین، هەروەها بتوانین کار بە بابەتەکان بکەین و بێبەش نەبین لەو زانیاریانەی لە پەرتوکەکاندا هەن، هەروەها ئامێر و پێداویستی بە دەنگی کردنی پەرتوکەکان دابین بکرێت و بەربەست نەیەتە ڕێگەمان.

 

"هەبوونی پەرتوکی دەنگی نابینایان کاریکی گرنگە و لایەنی پەیوەندیدار هەوڵی بۆ نادات"

سەمیرە ساڵح، نووسەر، ئاماژەی بەوەکرد، چەندین ساڵە نابینایان داوا دەکەن پەرتوکەکانیان بۆ بکرێت بە دەنگی تا سوودمەندبن لە هەستی خوێندنەوە، دەشڵێت: هەموو نووسەرێک لە ڕێگەی نووسینی نابینا و کردنەوەی بە دەنگی دەتوانێت کێشەی نابینایان چارەسەر بکات، کێشەکەمان نەبوونی پێداویستی و بەرپرسانە لەو کێشە سەرەکییەی ڕووبەرووی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بووەتەوە، ئەرکی نووسەران ئەو داهێنانەی لە مێشکی نووسەراندا پەیدا دەبێت بەرجەستەی دەکەین تا خوێنەران و وەرگران لەو بیروبۆچوونەی تۆ تێبگەن و لە داهاتوودا سودمەند ببن.

 

ئەو نووسەرە وتی: بە هۆی ڕووداوەکان و کارەساتەکانەوە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕوو لە زیادبوونە، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر کەم گرنگی بە بواری بە دەنگکردنی پەرتوک دەدەن بۆ خوێنەرانی نابینایان، بەشێوەیەکی کەم لە گۆڤارەکانی منداڵاندا خەتی نووسینی نابینایانیان بەکارهێناوە، لێرەدا دەردەکەوێت کە لایەنی پەیوەندیدار بە بوارەکە، گرنگی بە هەبوونی خەتی نووسینی نابینایان و کردنە دەنگی پەرتوکەکانیان بۆ کەسانی نابینا نەداوە، من خاوەنی چوار پەرتوکم، لەسەر ئەرکی خۆم پەرتوکەکانم چاپ دەکەم و کۆڕ و سیمینارەکانم سازدەکەم، هەروەها پەرتوکەکانم دەبەخشم بە خوێنەرەکانم، ئێمەی نووسەریش بەردەوام ئاستەنگیمان بۆ دێتە بەردەم کاتێک بمانەوێت بەرهەمەکانمان لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چاپ بکەین، ئێمەی نووسەر ئامانجمان بەرجەستەکردنی پەرتوکەکانمانە بۆ وشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و خوێنەرانمان.

 

ئەو نووسەرە وتیشی: ئێمەی نووسەر نەمانتوانیوە هەنگاو بۆ بەدەنگی کردن و نووسینی نابینایان بنێین لە نووسینەکانماندا، بەڵام بەشێكی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری، کە بە گرنگی نەزانیوە کاری لەسەر بکات، لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنە تەکنەلۆژییەکانەوە هەوڵدراوە چەند بابەتێک بە دەنگی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی دابین بکەن، بەڵام بابەتەکان نەناسێندراون یان بەشێکیان خوێنەری ئەو بابەتانە نین و خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکانن و پێویستیان بە سەرچاوەی زیاتر هەیە بۆ کارەکانیان.

  

لە کۆتاییدا، ئەو نووسەرا وتی: کەسانی نووسەر کاتێک دەنووسێت خزمەتی تاک دەکات، بەڵام ئێمە نووسەرانێکی باشمان هەیە بۆیە نووسەر و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێویستە پشتی یەکتر بگرین، هەنگاوەکانمان یەکبخەین بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانمان و هاوکاری کردنی پێداویستی و کەموکوڕییەکانی بەرامبەر پەرتوک و نووسەران و خوێنەران، دەکرێت هەوڵی باشترکردنی بدەین، داواکارم لە وەزارەتی ڕۆشنبیری کار لەسەر بە دەنگی کردنی پەرتوکەکان بکەن، تا کەسانی نابیناش لە زانیاریەکانی ناو پەرتوکەکان بێبەش نەبن.