ژنانی فەڵەستینی لە بەرامبەر ئاوارەبوونی زۆرەملێدا مانەوە هەڵدەبژێرن

سەرەڕای لەدەستدانی شوێنی مانەوە و توندی گەمارۆ و بۆردوومانەکان، ژنانی فەڵەستینی بەردەوامن لە چەسپاندن بە خاکەکەیانەوە، ئاوارەبوون ڕەتدەکەنەوە و لەناو داروپەردوو و وێرانکارییەکاندا بە ڕەگ و ڕیشەی خۆیانەوە دەلکێن.

نەغم کەراجە

 

غەززە - لە دڵی شارێکدا، کە لە ژێر قورسایی بۆردوومانە بەردەوامەکان و گەمارۆ خنکێنەرەکەدا، ئارامییەکەی پارچە بووە، سومەیە قانوع وەستاوە، دوای ئەوەی بڕیاری مانەوەی لەسەر خاکێکی داروپەردووی داوە، ڕەتیدەکاتەوە ئاوارە بێت بۆ باشوور، گرنگ نییە تێچووی چەندە، ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئەمە حاڵەتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر هەڵبژاردنێکی بەکۆمەڵ کە لەنێو زۆر کەسدا دیارە، هەرچەندە کارەساتەکان زیاد بکەن.

 

لە ماوەی دوو ساڵدا، لە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل کە شێوەی جۆراوجۆری گرتووە، لەوانە بۆردوومانی ئاسمانی و تۆپباران و گەمارۆیەکی خنکێنەر، سیاسەتێکی سیستماتیکی چەسپاوە بۆ بەتاڵکردنەوەی ناوچە مەدەنییەکان لە دانیشتوانەکانیان لە ڕێگەی ئاوارەبوونی زۆرەملێ و لەناوبردنی ژێرخانی نیشتەجێبوون و سەپاندنی هاوکێشەی مردن یان ئاوارەبوون.

 

سەرەڕای داڕمانی دوایین پەناگەی خۆی لە شاری غەززە، سومەیە قانوع ڕەتیکردەوە خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵکو بە ڕاشکاوییەکی پڕ لە ئازارەوە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند: هەرگیز هەڵنایەم، تەنانەت ئەگەر لێرەش بمانکوژن، بۆ کوێ دەچین؟ ئەمە خاکی ئێمەیە و بۆ کێ شاری غەززە بەجێدەهێڵین؟

 

خاڵی وەرچەرخانەکە لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە هۆشدارییەکیان لە هێزەکانی ئیسرائیلەوە پێگەیشت کە دەبێت تەنها لە ماوەی ١٠ خولەکدا باڵەخانەی نیشتەجێبوونەکە چۆڵ بکەن، باڵەخانەکە بینایەکی نیشتەجێبوون بوو کە سێزدە نهۆمی بوو و خەڵکی ئاوارەکانی ناوچەکانی دیکەی تێدابو، هەر کە هەواڵەکە گەیشت، ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو دانیشتوانەکەدا بڵاوبووەوە.

 

سومەیە قانوع بە وردییەکی هەناسەبڕکێیەوە باسی دیمەنەکە دەکات، وتی: پەیوەندییەکە ڕۆژی هەینی کاتژمێر ١٢:٣٠ی پاشنیوەڕۆ هات، تەنها ١٠ خولەکمان هەبوو، بینیم خەڵک کەلوپەلەکانیان لە باڵکۆنەکانەوە فڕێدەدا، هیچ کاتێک نەبوو بۆ سەرکەوتن، هیچ دەرفەتێک نەبوو بۆ ئەوەی یادگارییەکان، کاغەزەکان، یان جل و بەرگەکان ببەم، تەنها شتێک کە دەمتوانی بیری لێبکەمەوە ئەوە بوو کە منداڵەکانم هەڵبگرم و بیانگەیەنمە شوێنێکی سەلامەت کە بتوانن " هەناسە" بدەن، بە دڵشکانێکی کتوپڕ ماڵەکە لە پارچە پارچەی پەرشوبڵاودا کورت بووەوە و هیوا گۆڕا بۆ پێشبڕکێی مانەوە.

 

ئەوەی سومەیە قانوع لە گێڕانەوەکەیدا کورتی دەکاتەوە، ئاماژەیە بۆ هێرشێکی سیستماتیکی بۆ سەر شوێنی مەدەنی، وتی: سیاسەتی وێرانکردنی تاوەر و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون یەکێک بووە لە ئامرازەکانی فشار و ئاوارەبوونی زۆرەملێ، هەروەها لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە زیاتر لە ٣٠٠ بینای نیشتەجێبوون کراونەتە ئامانج، ئەمەش شەپۆلێکی ئاوارەبوون دروستکردووە کە هەزاران خێزانی لەخۆگرتبو، بۆ من لەدەستدانی ئەو باڵەخانەیەی کە ڕۆژێک پەناگەی دام، یەکەم قوربانی ئەم سیاسەتە بوو، نە بۆردوومان و نە هۆشداری سارد لێی ڕزگاری نەبوو.

 

لە دوورەوە شایەتحاڵی ساتەوەختی داڕمانی بوو لەکاتێکدا، چاوەڕێی چارەنووسی خۆی دەکرد، بە تاڵیییەکی ناشایستەی وشە پێناسەی داڕمانەکەی دەکرد: وەستام و لەبەردەممدا وێنەی ماڵەکەمم بینی کە داڕما، باوەڕم پێ نەدەکرد تا بە تەواوی داڕما، هەموو شتێک لە چرکەیەکدا داڕما، هیچم هەڵنەگرت، چونکە تەنها شتێک کە بۆ من گرنگ بوو ئەوە بوو کە منداڵەکانم بژین.

 

لە شەوەکانی دواتردا، دوای ئەوەی خێزانەکە شوێنی مانەوەیان لەدەستدا، هیچ بژاردەیەکیان نەبوو جگە لە شکاندنی دەرگای بینایەکی زانکۆ و شەوانە لەوێ بژین، کە هێمایەکی توند بوو بۆ تێکچوونی ئامرازەکان و لەدەستدانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ئاسایی، سومەیە قانوع اماژەی بۆ هەستکردن بە لەدەستدان و داڕمان، وەک ئەوەی گەڕاونەتەوە بۆ ژیانێک لە ژێر کەمترین شکۆمەندی، وتی: هەستم دەکرد گەڕاومەتەوە بۆ ژێر سفر، هیچ شوێنێکمان نەبوو بۆ ڕۆشتن، شەو هات و بە جەستەمان زەویمان سڕییەوە، بەو شتەی کە لە هێزمان مابووەوە لە سەرما و تاریکی پەنامان دەدا، ئەم وشە درێژ و پڕ لە ئازارانە کورتەیەک لە بارودۆخی هەزاران ئاوارەیە کە ماڵەکانیان بەهۆی شەڕەوە وێران بووە، ناچاریان کردووە بەدوای سەقفێکی کاتی یان دارێکدا بگەڕێن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە پەناگەدابن.

 

سەرەڕای هەموو ئەمانە، خۆڕاگرییەکەی نەک تەنها لە سەرسەختی یان ڕەتکردنەوەی گۆشەگیرییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵکو لە پەیوەندییەکی قووڵەوە بە خاک و مێژوو و ڕەگەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو ئاوارەبوون وەک چارەسەرێک نابینێت، بەڵکو وەک هەنگاوێک بەرەو هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی و کولتووری دەبینێت، بۆیە پێی باشە لە ژێر داروپەردوودا بمێنێتەوە ئەگەر نەتوانێت بەرگری لە شوێنێک بکات کە یادەوەرییەکی هاوبەش دروستی کردووە، وتی: ئەوە تەنها بابەتی ماڵێک نییە، بەڵکو ئەوە یادەوەری تەواوی نەتەوەیەکە، هەموو بەردێک لێرە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، ناتوانم وازی لێبهێنم. قبوڵی ناکەم خاکی باوباپیرانم بەجێبهێڵم وەک ئەوەی کاڵایەک بێت بۆ فرۆشتن.

 

هەروەها دیمەنی کۆمەڵایەتی دەوروبەری سومەیە قانوع ڕەنگدانەوەی داڕمانی ژێرخانی ئابووری و پارچەپارچەبوونی خێزانەکان و زیادبوونی پشتبەستن بە یارمەتییە فریاگوزاریەکانە کە زۆرجار کەم وێنەیە، ئیتر تەنها مەترسییەکانی بۆردوومانکردن نییە کە باس دەکرێت، بەڵکو پچڕانی ئاو و کارەبا و کەمی دەرمان و پەکخستنی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکانیشە، هەموو ئەمانە لە وێنەیەکی کارەساتباردا دەگونجێن کە مانەوە دەکاتە ئاڵەنگاری ڕۆژانە.

 

ژنان لێرە لە دۆخێکی تایبەتدا سەختن، ناچارن کاروباری تەواوی خێزانەکە بەڕێوەببەن، لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکان بۆ سەر منداڵان و بەساڵاچووان.

 

چیرۆکی سومەیە قانوع بە تەنیا ناگێڕدرێتەوە، بەشێکە لە کۆمەڵگەیەکی گەورەتر لە چیرۆکەکان کە ئازارێکی هاوشێوەیان هەیە، بەڵام هەڵگری تیشکێکی ئیرادەیە کە ئەستەمە بشکێنرێت، خۆڕاگرییەکەی، بە دەنگە بوێرەکەی و هەڵوێستە سازشنەدەرەکەی، هەم پەیامێکی سیاسی و هەم پەیامێکی ئەخلاقی هەڵدەگرێت، وتی: زەوی تەنها موڵک نییە، بەڵکو یادەوەرییەکە، سەرچاوەیەکە و بوونێکە کە ناتوانرێت سازش لەسەر بکرێت و نە بفرۆشرێت، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە قسەکانیدا ئەوەیە کە سووتەمەنی گفتوگۆی گشتی دەدەن سەبارەت بە یاسای ئاوارەکردنی زۆرەملێ و ڕێکارەکانی دەرکردن، کە داوای لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤ و مرۆیی دەکات لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەزگا لێکۆڵینەوە سەربەخۆکانەوە.