ناوەندی هەڵەبجە بووەتە شوێنی فیربوونی مندالان

ناوەندی هەڵەبجە گرنگی بەو منداڵانە دەدات کە ناچارن سواڵ بکەن یان خاشاک کۆبکەنەوە، مافەکانیان لە کۆمەڵگەدا دەبەخشێت، پاراستنیان لە کاریگەرییەکانی شەڕ و تێکچوونە دەروونییەکان مسۆگەر دەکات، هەروەها توانای دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن لە ژینگەیەکی پارێزراودا.

نەغم چاچان

 

قامیشلۆ- لە هەنگاوێکدا، بە ئامانجی پاراستنی منداڵان و بەرەوپێشبردنی بەهاکانی چاودێری کۆمەڵایەتی، فەرمانگەی کۆردیناسیۆنی ژنان لە شارەوانی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناوەندێکی نوێی لە گوندی خەزنە کردەوە بە ناوی "ناوەندی هەڵەبجە"، ناوەندەکە تایبەتە بە چاودێریکردنی منداڵانی بێ باوک و منداڵان کە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، لەوانە ئەوانەی سواڵ دەکەن لەسەر شەقامەکان.

 

"ناوەندی هەڵەبجە" هەوڵدەدات ژینگەیەکی پارێزراو و پاڵپشت بۆ ئەو منداڵانە دابین بکات لەڕێگەی پێشکەشکردنی بەرنامەی پەروەردەیی و دەروونی کە یارمەتیان دەدات بەسەر ئاڵەنگاریەکانی ڕۆژانەدا زاڵبن و بتوانن لە ژینگەیەکی تەندروستدا فێربن و گەشە بکەن، هەروەها ناوەندەکە بە شێوەیەکی یەکگرتوو لەگەڵ خێزانەکان و کۆمەڵگەی ناوخۆی کاردەکات بۆ چاندنی کولتووری پاراستنی منداڵان و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.

 

"ناوەندی هەڵەبجە: نمونەیەک بۆ پاراستنی منداڵان لە کاتی ئاوارەبووندا"

سەبارەت بە ئامانجەکانی پڕۆژەکە و میکانیزمەکانی کارکردن و چالاکییەکان، ئاریا عوسمان، هاوسەرۆکی ناوەندی هەڵەبجە لە قامیشلۆ ڕوونیکردەوە کە ئەم دەستپێشخەرییە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی گرنگ دەکات بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر بۆ ئەو منداڵانەی کە بێبەش بوون لە چاودێری و سەرنجدان، بەتایبەتی لە ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە سووریا لەم ساڵانەی دواییدا تووشی بووە، لەوانە شەڕ و ئاوارەبوون و کۆچکردن، کە ئەمانە کاریگەری قوڵیان لەسەر منداڵان بەجێهێشتووە، زۆرێکیان خێزانەکانیان لەدەستداوە و ناچارن لە شەقامەکاندا سواڵ بکەن یان خاشاک کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان پەیدا بکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەئەنجامی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، زۆرێک لە منداڵان بە بێ هیچ پاراستن و پاڵپشتییەک، ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی چەندین جۆری توندوتیژی بوون- چ دەرونی، جەستەیی، یان سێکسی، بۆیە فەرمانگەی کۆردیناسیۆنی ژنان لە شارەوانی قامیشلۆ دەستپێشخەری کرد بۆ دامەزراندنی ناوەندی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠٢٢، بە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ ئەو منداڵانە و دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە کۆمەڵگەدا.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە ناوەندەکە تەنها گرنگی بە منداڵان نادات، بەڵکو کار بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ خێزانەکانیان دەکات، وتیشی: لەگەڵ ئەو خێزانانە باسمان لەو هۆکارانە کرد، کە وایکردووە منداڵەکانیان لەسەر شەقامەکان کاربکەن، جەختیشمان لەوە کردەوە کە ئەو جۆرە کارانە بۆ منداڵان ناگونجێت، بەڵام لە هەمان کاتدا درک بەوە دەکەین کە چارەسەر نەک تەنها لە خۆپاراستندایە، بەڵکو لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی ڕاستەقینەدایە بۆ ئەو خێزانانەی کە بەدەست سەختی ئابوورییەوە دەناڵێنن.

 

ئەوەشیخستەڕوو، گروپەکانی پاراستنی شارەوانی سوڕانەوەن لەناو شارەکاندا ئەنجام دەدەن، کاتێکیش بۆ جاری دووەم منداڵ لەو بارودۆخەدا دەبینرێن، دەگوازرێنەوە بۆ ناوەندی کاتی لە گەڕەکی ئوم فەراسان، هەروەها سەرپێچی بەسەر خێزانەکانیاندا دەسەپێندرێت، بەپێی یاسای ناوەندی هەڵەبجە، ئەگەر ڕووداوەکە بۆ جاری سێیەم ڕووبدات، ئەوا منداڵەکە دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی سەرەکی، لەوێش بۆ ماوەی سێ مانگ بەرنامەی پەروەردەی و هۆشیارییان بۆ دەگوازرێتەوە پێش ئەوەی بگەڕێندرێتەوە، ئەگەر بۆ جاری چوارەم ڕوویدا، ماوەی چاودێری بۆ شەش مانگ درێژ دەکرێتەوە.

 

"ڕێگریکردن لە سواڵکردن لە پشتگیریکردنی خێزانەکەوە دەست پێدەکات"

ئاریا عوسمان ڕوونیشیکردەوە، کە سەرەتا لەگەڵ هەندێک خێزان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو بوونەتەوە، کە زۆرێکیان ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە و داوا دەکەن منداڵەکانیان لێیان جیا نەکرێنەوە، سەرەڕای هۆشدارییەکانمان، تێبینیمان کرد کە منداڵەکان هێشتا سەرگەردانن لە شەقامەکان و خاشاک کۆدەکەنەوە، ئەمەش وای لێکردین بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆیی خۆمان لە ئەستۆ بگرین بۆ گرنگیدانیان و بەجێگەیاندنی ڕۆڵی دایک و باوکایەتیمان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ناوەندەکە پەروەردەی سەرەتای و هۆشیاری دەروونی و کۆمەڵایەتی پێشکەش بەو منداڵانە دەکات، بە ئامانجی بەرزکردنەوەیان لە ڕاستی سواڵکردن و کارکردن لەسەر شەقامەکان و پێدانی دەرفەتیان بۆ ژیانێکی باشتر، هەروەها هەموو خزمەتگوزارییە پێویستەکانیان بۆ دابین دەکرێت، لە شوێنی حەوانەوە و چاودێری تەندروستیەوە تا پاڵپشتی دەروونی.

 

"پەروەردە بە زمانی دایکی زمان و ناسنامەیان بۆ دەگەڕێنێتەوە"

سەبارەت بەو چالاکییە پەروەردەییانەی کە ناوەندەکە بۆ منداڵان دابینی دەکات، ڕوونیکردەوە، هەر منداڵێک بە زمانی دایکی فێرکاری وەردەگرێت، لە چوارچێوەی سیستەمێکی یەکگرتوو کە لە سەرەتای دامەزراندنی ناوەندەکەوە دامەزراوە، کۆردیناسیۆن لەگەڵ دەسەڵاتی پەروەردە هەیە بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی ناوەڕۆکی پەروەردەی پێشکەشکراو، هەروەها مامۆستایەکمان هەیە کە بەگەرمی پێشوازی لە منداڵەکان دەکات و سەرەتا بە فێرکردنی بنەماکانی پاکوخاوێنی کەسی دەستپێدەکات، دواتر دەچینە سەر چالاکییە پەروەردەییەکانی وەک کاری دەستی، لەگەڵ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایکی، و بەرزکردنەوەی تواناکانیان لەڕێگەی موزیک و وانەی وێنەکێشانەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ناوەندەکە ژینگەیەکی یەکگرتووی کات بەسەربردن دابین دەکات، کە منداڵان یاری دەکەن، سەیری تەلەفزیۆن دەکەن، و گوێ لە چیرۆکەکان دەگرن کە بۆیان دەخوێندرێتەوە، هەروەها چالاکییەکانی دەرەوە ڕێکدەخرێن بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن کارلێک لەگەڵ جیهانی دەوروبەریان بکەن، دوای تەواوکردنی بەرنامەی پەروەردەیی سێ مانگەیان، گۆڕانکاری ئەرێنی ڕوون لە ڕەفتار و کەسایەتی خۆیاندا نیشان دەدەن، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی کاریگەری ئەو چاودێری و پشتگیرییەی کە لەناو ناوەندەکەدا وەریدەگرن.

 

ئاریا عوسمان ڕوونیشیکردەوە، کە ناوەندەکە پێشوازی لە منداڵانی نێوان تەمەنی ٥ بۆ ١٨ ساڵ دەکات، وتی: ئامانج لێی جیاکردنەوەی منداڵان نییە لە خێزانەکانیان، بەڵکو یارمەتیدانیانە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیان لە هەمان کاتدا پاراستنی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانیان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پێشانگای وەرزی ئەنجام دەدەین بۆ نمایشکردنی ئەو کارە دەستی و بەرهەمانەی کە لەلایەن منداڵانی ناو ناوەندەکەوە دروستکراون، هەروەها بانگهێشتی هاوڕێ و ئەندامانی کۆمەڵگەکەیان دەکەین بۆ ئامادەبوون، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی متمانەیان بەخۆیان و هاندانیان بۆ دەربڕینی بەهرەکانیان، لەگەڵیشیدا پێشوازی لە هەموو کەسێک دەکەین کە ئارەزووی پشتگیریکردنی ئەو منداڵانە بکات لەڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە ئیدارەی شارەوانی.

 

جەختی لە گرنگی ڕۆڵی خێزان لە پاراستنی منداڵان کردەوە، وتی: دەبێت دایک و باوک گرنگی بە منداڵەکانیان بدەن و مافەکانیان بۆ خوێندن و ژیانێکی شایستە مسۆگەر بکەن، بۆ ئەوەی تووشی بێ ماڵ و حاڵ یان چەوساندنەوە لەسەر شەقامەکان نەبن.