نافیا ئەسعەد؛ دەنگی ژنانی تێکۆشەر

نافیا ئەسعەد، هێمای تێکۆشان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ژیانی خۆی بۆ کاری نهێنی و مەیدانی تەرخان کردووە، بەشداری لە ڕێکخستنی ژنان و پەروەردەکردنی نەوەیەکی شۆڕشگێڕدا کردووە، نافیا ئەسعەد تەنانەت دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژئاواش بەردەوام بوو لە چالاکییەکان.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- لە گۆشەکانی شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، چیرۆکێکی ژیان دەستی پێکرد کە، بە تێپەڕبوونی کات، بوو بە هێمای تێکۆشان بۆ ئازادی، نافیا ئەسعەد تەنها دایک نەبوو، بەڵکو ژنێک بوو کە باری ئازارەکانی لەسەر شانی هەڵگرتبوو، منداڵەکانی بە بیرۆکەی بەرخۆدان پەروەردە دەکرد و ژیانی خۆی لە پێناو ئازادیدا بەخت کرد.

 

چیرۆکی نافیا ئەسعەد لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا درێژدەبێتەوە و ئاشکرای دەکات کە چۆن ژنان و هاوڵاتیانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بناغەیەکی پتەویان بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی پێکهێنا، پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، گەلی کورد بە بێدەنگی و بە بەردەوامی لەسەر خاکی خۆی کاریان دەکرد، بە ئیرادەیەکی نەبڕاوە سەرپێچی لە هەلومەرجە سەختەکان دەکرد، لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشدا، بەرخۆدان گەیشتە لوتکە لە سایەی ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنانی شۆڕشگێڕ، کە دڵ و ڕۆحی تێکۆشانیان پێکهێنا.

 

لە نێو ئەم ژنانەدا نافیا ئەسعەد دیارە، کە چەندین ساڵ لە ژیانی خۆی بۆ کاری نهێنی و خەبات لە دژی ڕژێمی پێشووی سووریا تەرخان کردووە و دۆزی ئازادی لە ناوەڕۆکی خۆیدا بووە، ئاماژە بەوە دەکات: کە ژنانی کورد بەردی بناغەی تێکۆشانی کەرامەت و دادپەروەری بوون و هەرواش دەمێننەوە.

 

نافیا ئەسعەد لە گێڕانەوەی چۆنیەتی ئاشنابوونی لەگەڵ تەڤگەری ئازادیدا، وتی: کە لە ساڵی ١٩٨٤ بەشێک لە دراوسێکانمان لە باکووری کوردستانەوە هاتنە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەکێک لە ژنەکانی دراوسێکەمان لەگەڵ من و هاوژینەکەم باسی تێکۆشەرانی تەڤگەرەکەی دەکرد و پەیوەندییەکی قوڵی سۆزداری لە نێوانماندا پەرەی سەند، دوای ماوەیەکی کەم هەندێک لە ئەندامانی تەڤگەرەکە سەردانی ماڵەکەمانیان کرد و گفتوگۆیەکی درێژخایەنمان لەسەر بیرۆکەکانیان کرد، هاوژینەکەم زۆر سەرسام بوو بە چالاکییەکانی تەڤگەرەکە، بەتایبەتی کە نوێنەرایەتی چرایەکی هیوا و ڕزگارییان دەکرد بۆ گەلی ستەملێکراو، لەو کاتەوە دەستمان کرد بە کاری نهێنی دژی ڕژێمی بەعس بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی کە شایستەی قوربانیدانی گەلەکەمان بێت.

 

نافیا ئەسعەد زیاتر لە ١٠ ساڵی لە بواری کارکردندا بەسەر بردووە، بێ وەستان درێژە بە چالاکییەکانی خۆی داوە، وتیشی: دوای ئەوەی دەستمان بە کار و چالاکی کرد، سەردانی ماڵەکانی گەڕەکی ڕۆژئاوامان دەکرد، لەوێ دانیشتوانمان بە تەڤگەر و چالاکوانان بە ژن و پیاو دەناساند لە شاری قامیشلۆ، بۆ یەکەمجار لە ڕێپێوانێکدا، لە ١ی ئایاردا بەشداریمان کرد، و لەوێش پێشەنگایەتی بەرخۆدانێکی گەورەمان کرد، کە ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بوومەوە لەلایەن خێزانەکەمەوە، دەیانوت: ئەو کەسانە کێن کە ئێوە کاریان لەگەڵ دەکەن؟ بەهۆی ئەوانەوە، لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیر دەکرێین، بەڵام سەرەڕای ئەم هۆشداری و ئازارانە، ئێمە کۆڵمان نەدا و بەردەوام بووین لەسەر ڕێگاکەمان.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، تا ئەمڕۆش بەردەوامین لە سەردانەکانیمان بۆ ماڵ، زیاتر لە ١٠ ساڵە خەریکی کاری مەیدانی بووم، دواتر ماڵەکەمان لە نێو هاوڵاتیاندا بەناوبانگ بوو، کە ئەمەش بووە هۆی سەنجڕاکێشانیڕژێمی پێشووش، هەڵیکوتایە سەر ماڵەکانمان، ناچار بووین گەڕەکی ڕۆژئاوا بەجێبهێڵین و بچینە گەڕەکی کۆرنیش، لەوێ بەبێ پچڕان بەردەوام بووین لە چالاکییەکانمان.

 

نافیا ئەسعەد ڕوونی کردەوە، کە ئەو کارە مەیدانییەی ئەنجامی داوە تاکەکەسی نەبووە، بەڵکو زۆر کەسی تێدا بووە کە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیدا ڕۆیشتوون و بەشدارییان کردووە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی بەرجەستە، وتی: لە کارە مەیدانییەکانماندا، هاوڵاتیانێکی زۆر پەیوەندییان پێوەکردین، ئێمەش بە خۆبەخشییەوە کارمان کرد، سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێنا، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا، باس لەوە دەکرا کە کۆمەڵێک کەس دەچن بۆ دیداری سەرکردە ئۆجالان، بۆیە بڕیارمدا لەنێویاندا بم، دوای هەفتەیەک، بەڕاسی چووین و لەگەڵیدا کۆبووینەوە.

 

وتیشی: لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، پێم وت کە ئامادەین بچینە چیای ئازادی، پرسیاری لێکردم منداڵت هەیە؟ منیش لە وەڵامدا، وتم بەڵێ، پێی وتم منداڵەکانتان بە بیری شۆڕشگێڕانە پەروەردە بکەن، چونکە ئەمە خۆی لە خۆیدا کردەوەیەکی پیرۆزە و کار لەسەر ڕێکخستنی ژنان بکەن، ئەو قسانە خاڵی وەرچەرخانێک بوون لە ژیانمدا، لەو کاتەوە بەردەوام بووم لە کارەکانم لە ڕێکخستنی ژنان و حەزم دەکرد منداڵەکانم لەسەر بنەماکانی شۆڕش پەروەردە بکەم هەروەها چالاکییەکانم تا دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەردەوام بوو، کە درێژکراوەیەکی سروشتی هەموو ئەو شتانە بوو کە باوەڕم پێی هەبوو و تێکۆشانم بۆ دەکرد.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دوای ئەوەی ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوایان کرد، قۆناغێکی نوێی تێکۆشان لەدایک بوو، من بۆ ماوەی نۆ ساڵ لە ماڵی ژنانی سەر بە کۆمیتەی ئاشتەوایی بەردەوام بووم لە کارەکانم، هەرگیز خۆم لەو ڕێکخراوە دوور نەخستەوە، وەک ژنێک کە منداڵەکانی لەدەستدا، بە هەموو دڵنیاییەوە دەڵێم تا ئەو کاتەی ڕێبەرەکەمان ڕزگار دەکەین، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان، هەمیشە ئەوە دووبارە دەکەمەوە من ئامادەم بچمە ناو هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەمان و زێدی خۆمان و ڕێگە نادەین داگیرکەران پێ بخەنە سەر خاکەکەمان.