"ئاسایشی ژنان" هێزێکی ئاسایش کە ئاسایشی کۆمەڵگە دەپارێزێت و مسۆگەر دەکات
پاراستنی ژنان و منداڵان، دڵنیابوون لە ئاسایشی کۆمەڵگە، و پێشکەشکردنی پشتیوانی تەواو بۆ ژنانی ئەندامان لە پێشینەی کارەکانی ئاسایشی ژنانە، ئەم هێزانە بوونەتە قەڵغانێکی پارێزەر بۆ هەر ژنێک کە ڕووبەڕووی هەڕەشە یان نادادپەروەری کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.

ئەسما محەمەد
قامیشلۆ- هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە "ئاسایش" ناسراون، لە ساڵی ٢٠١٣ لە دەستپێشخەرییەکی بچووکەوە بە پێشەنگایەتی چوار ژن لە ماڵێکی گەڕەکی عەنتریە لە قامیشلۆ دامەزراون، ئەمڕۆ گۆڕاون بۆ دامەزراوەیەکی ئاسایشی کاریگەر کە سەدان ژن لە هەموو باکگراوندەکانەوە پێکهاتووە، پاراستنی کۆمەڵگە دابین دەکەن و ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ئاسایشی ناوخۆ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هۆشیارکردنەوە، بەم پێیە ژن پایەیەکی بنەڕەتییە لە بەرگریکردن لە کۆمەڵگە و سەقامگیری ناوچەکە.
لە ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵدا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان سەلماندیان کە ژنان تەنها هاوبەشی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی نین، بەڵکو هێزێکی کاریگەرن بۆ ئاسایش و پاراستن، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگاری و بەدەستهێنانی دەستکەوتیان هەیە، سەرەتا بە ماڵێکی بچووک دەستی پێکرد کە چوار ژنی کۆکردەوە و لە ساڵی ٢٠١٤دا ناوەندی ئاسایشی ژنان بوو بە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و ناوەندێک بۆ بەهێزکردنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
لەو کاتەوە کارەکانی ناوەندەکە فراوانتر بووە و هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە، بە دابینکردنی پاراستن بۆ ژنان و گەنجان و منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و جێبەجێکردنی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و پێشکەشکردنی خولی پەروەردەی فیکری و سیاسی و سەربازی و بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەکە بە عەرەب و کورد و سریانی و ئێزدیشەوە، وایکردووە ببێتە نمونەیەکی ناوازەی هاوبەشی و یەکسانی و بەهێزکردن.
جێگای شانازی بۆ هەموو ژنان
فەلەک داود، بەڕێوبەری ناوەندی ئاسایشی ژنان لە کانتۆنی جزیرە ڕایگەیاند، ئەو ژنانەی دەستپێشخەری دامەزراندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان بوون، بەرپرسیارێتی پاراستنی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنانیان لە بواری ئاسایشیدا لە ئەستۆ گرت، ئاماژەی بەوەشکرد، کە دامەزراندنەکە لەگەڵ پەرەسەندنی ئاستەنگە ئاسایشییەکان و سیاسییەکانی ناوچەکەدا هاتووە، و ئەم هەنگاوە مێژووییە لە ساڵی ٢٠١٤دا گۆڕدرا بۆ ڕاگەیاندنێکی فەرمی لە دامەزراندنی ناوەندی ئاسایشی ژنان، کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و ئیرادەی ژنان بەرجەستە دەکات بۆ گۆڕینی هاوکێشەکە و لە ئەستۆگرتنی ئەرکەکانی پاراستن و بەرگریکردن لە کۆمەڵگەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خانووە بچووکە کە شایەتحاڵی سەرەتای سەرەتایی بوو، ئێستا یادەوەرییەکی هەمیشەی و جێگای شانازییە بۆ هەموو ژنان، بۆ ئیرادە و دەستپێشخەرییە بەهێزەکەی، کە ئاسۆی نوێی بۆ ڕۆڵی ژنان لە بونیادنانی سیستەمی پاراستنی کۆمەڵگەدا کردەوە، ئەم ڕاگەیاندنە ساتێکی گرنگ بوو لە مێژووی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا، بەو پێیەی بوونی ژنانی وەک هێزێکی بنەڕەتی لە کاری ئاسایشیدا چەسپاند و ڕێگەی خۆشکرد بۆ ڕوانگەیەکی نوێی لەسەر بنەمای یەکسانی و هاوبەشی ڕاستەقینە لە بونیادنانی ئاسایش و سەقامگیریدا.
ئاماژەی بەوەدا، کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پلەی نایاب شۆڕشێکی ژنانە، بەو پێیەی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە، بە تایبەت لە ناو ڕیزەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا، وتی: بە تێپەڕبوونی کات ژمارەیەکی زۆر لە ژنان پەیوەندییان بە ڕیزەکانی ئاسایشی ژنانەوە کرد، کە لە ساڵانی یەکەمەوە هەزار کەسیان تێپەڕاند، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئەوان بوو بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە پاراستنی کۆمەڵگە، لەسەر بنەمای ئەم بناغەیە، ژنان توانیان خۆیان بونیاد بنێن سەرەڕای ئەو ئاڵەنگاریە گەورەیەی لەسەرەتادا ڕووبەڕوویان بووەوە، هەروەها سەختییەکان سنووردار نەبوون بە کەمی پێویستی یان ئەزمونی سنووردار، بەڵکو شکاندنی کۆمەڵایەتیش لەخۆدەگرت، وە بەربەستە فیکرییەکانی بەردەم بیرۆکەی پەیوەستبوونی ژنان بە بواری ئاسایشییەوە سەرەڕای ئەمەش، ئاسایشی ژنان بوو بە هێمای خەبات و ئیرادە، کە ئەمە سەلماندی بوونی ژنان لە بواری پاراستندا چیتر بژاردەیەکی لاوەکی نییە، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
ناوەندەکانی ئاسایشی ژنان لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوبوونەتەوە و ئەرکەکانیان لە کاری ئۆفیسەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە کارمەندکردنی بازگەکان و گەڕان، هەروەها ژنانی ئەندام لە بەرەکانی شەڕدا خزمەت دەکەن، وتی: ئامادەبوونی ژنان لە سەربازیدا سەردەمانێک خەونێکی دوور بوو، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە ڕاستیەکی زیندوو، ژنان بوونەتە پێشەنگ، چەک لە دژی دوژمنەکانیان هەڵدەگرن و هاوبەشە بنچینەیەکانیان لە شەڕی ئازادی و بەرگریکردن لە کۆمەڵگە دووپات دەکەنەوە.
بەشداری ژنان لە خزمەتگوزارییە ئاسایشییەکان جێگەی نیگەرانییە بۆ پیاوان
هەر کارێک بێ ئاڵەنگاری نییە، خێڵەکان پشتیوانیان نەکردووە بۆ ئەوەی ژنان بچنە ناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لە کاتێکدا، بینینی ژنانی گەنج لە بازگەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شتێکی ئاساییە، بەڵام چەند ساڵێک لەمەوبەر وا نەبووە، وتی: ئاساییش لە ڕۆژانی سەرەتای خۆیدا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بووەوە، بەتایبەتی لە هەندێک خێزانەوە کە هێشتا دەستیان بە عەقڵیەتی نەریتی ڕەتکردنەوەی بەشداریکردنی ژنان لە کاری ئاسایشیدا گرتبوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، لە سایەی ئیرادە و هەوڵدان، ئەم ئاڵەنگاریانە بوونەتە پاڵنەرێکی بەهێزتر، بەو پێیەی ژمارەی ژنانی پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی ئاساییشەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەمڕۆ ژنان بە ئیرادە بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، بە لەبەرچاوگرتنی باشترین پاراستن بۆ ناوچەکە و بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری وەک پێویستیەکی ستراتیژی، پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە ژنان نەک تەنها هاوبەشی خەباتن، بەڵکو هێزێکی سەرەکین لە چەسپاندنی بناغەکانی پاراستنی کۆمەڵگەدا.
فەلەک داود ڕوونی کردەوە، کە ئاسایشی ژنان بەردەوامە لە کارکردنی بەرپرسیارانە و بە پەرۆشە لە وەرگرتنی داواکاری دامەزراندن، ئەو ژنانەی ئارەزووی بەشداریکردن دەکەن لە نێوان تەمەنی هەژدە بۆ سی و هەشت ساڵیدا وەرگیراون، داواکاران پشکنینی گشتگیریان بۆ دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە توانایان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی کاری سەربازی، هەموو ڕێکارە پێویستەکان پەیڕەو دەکرێن بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی گونجاوی دامەزراوەکان، وتی: پەیوەندیکردن بە ژنان بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ مایەی شانازی و شەرەفە، بەو پێیەی هەر ژنێک پەیوەندی دەکات وێنەی داکۆکیکارێک لە مافەکانی و پارێزەری خاکەکەی بەرجەستە دەکات.
ساڵانی ڕابردوو شایەتی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ژنانی دامەزراو بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی هۆشیارییە سەبارەت بە گرنگی بەشداریکردنی ژنان لە ئاسایش و بەرگریدا، وتی: هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان ئەمڕۆ لە هەموو بوارەکاندا پاڵپشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن، لەکاتی هەڵمەتە ئاسایشییەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، هەروەها ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە شانەی ئەو ناوچانەی کە شانەکانی داعش مەترسییان لەسەرە، دیارترینیان کامپئ هۆل، کە هەڵمەتی ئاسایشی ورد ئەنجام دەدەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خێزانەکانی داعش و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەو مەترسییانەی هەڕەشە لە ناوچەکە دەکەن.
پێویستی نەک هێماسازی
ئەزمون سەلماندی کە بوونی ئاسایشی ژنان تەنها هێمای نییە، بەڵکو بووەتە پێویستییەکی بنەڕەتی لە هەموو هەڵمەتە سەربازییەکان، هیچ ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایشی گشتگیر بەبێ بەشداری ژنان ئەنجام نادرێت، کە بوونەتە هێزێکی سەرەکی لە پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی دەستکەوتەکانی کۆمەڵگە.
فەلەک داود ڕوونیشیکردەوە، بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیری ئاسایشی و دەروونی لەنێو دانیشتواندا، ئاسایشی ژنان کاردەکات، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو هەوڵێک لە پەرەپێدانی ماددە هۆشبەرەکان و ماددە قەدەغەکراوەکان لەنێو ژنان و گەنجاندا، هاوکارە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی خۆکوشتن بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بە باشترین شێوە.،ماڵی ژنان و کۆنگرەی ستار بە کۆردیناسیۆن لەگەڵ دامودەزگاکانی سەر بە ئاسایشی ژنان، کۆبوونەوەی هۆشیاری لەگەڵ دانیشتوان ئەنجام دەدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییان و ڕێگرتن لە تێوەگلانیان لەو تاوانانە، ئەمە جگە لە کۆردیناسیۆنی بەردەوام لەگەڵ سەرجەم ڕێکخراو و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، بە ئامانجی دابینکردنی پاراستنی هەمەلایەنە بۆ دانیشتوانی سەرجەم ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
دۆخی ژنانی گوند سەختترە
سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان، هێشتا ئاسایشی ژنان لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک لە دانیشتوانی کە پابەندن بە داب و نەریتی بەسەرچوو و عەقڵیەتی پاوانخوازانە، کە هەندێکجار لە ژێر پەردەی "شەرەف" و "شەرمەزارکردن"دا دەبێتە هۆی کوشتنی ژنان.، لەسەر بنەمای ئەمەش، ئاسایشیەکان سەردانی مەیدانی گشتگیر بۆ سەرجەم گوندەکان ئەنجام دەدەن، بە ئامانجی پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکاری بۆ ژنان و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و کۆبوونەوەی بەردەوام، بۆ وەستانەوە بە توندی دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان، هەروەها هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی ئەو بیرکردنەوەی تاکڕەوانەی کە هاوڵاتیان لە نێوان نەوەکاندا بۆی ماوەتەوە، هاوکات پاڵپشتی ژنان دەکات بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لەم عەقڵیەتە کە مافەکانیان پشتگوێ دەخات و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە، لەگەڵیشیدا، ئاسایشی ژنان نووسینگەیەکی سکاڵایان هەیە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی دانیشتوان بە شێوەیەکی ئاشتیانە، دەستەبەرکردنی ماف و کەرامەتیان، بە کۆردیناسیۆن لەگەڵ ماڵی ژنان، ئەم فەرمانگەیە پارێزگاری یاسایی و دەرونی بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە تووشی هەڕەشە دەبن لەگەڵ پاراستنی تایبەتی خۆیان، بەمەش بوونی ژنان بەهێزتر دەبێت و ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگە مسۆگەر دەکات.
ڕوونی کردەوە، کە گوندی ژنوار پەناگەیەکی سەلامەتە بۆ ئەو ژنانەی بەدوای پارێزگاریدا دەگەڕێن بۆ منداڵەکانیان، کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ - ژنان پارێزگاری تەواویان تێدا دەکەن، هەروەها کۆنگرەی ستار و ماڵی ژنان بەرنامەی هۆشیاری و چالاکی وەرزشی و پشتیوانی هەمەلایەنە پێشکەش دەکەن، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ناچەوسێێندرینەوە یان مافەکانیان پێشێل نەکرێن.
پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١٢، ژنان بەدەست پەراوێزخستنەوە دەناڵێنن و ڕۆڵیان تەنها لە پەروەردەکردنی منداڵ و چاودێریکردنی ماڵدا سنووردار بوو، بەڵام ئەمڕۆ بوونی ژنان بۆتە توخمێکی بنچینەی لە هەموو بوارەکاندا، وتی: ژنان لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە بوارە ئابووری و سیاسی و سەربازییەکاندا هێزێکی بەرچاویان نیشانداوە، ئەمڕۆ ژنان ڕۆڵێکی چالاک و بەرجەستە لە کۆمەڵگەدا دەگێڕن و بەسەر ئەو سەختییە زۆرانەدا زاڵ بوون کە لە ئەنجامی عەقڵیەت و داب و نەریتی پیاوسالارییەوە سەرهەڵدەدەن، بۆ بەهێزکردنی ئەم ڕۆڵە، ئەکادیمیای تایبەت بۆ خولی پەروەردەی سەربازی و سیاسی دامەزراون، دیارترینیان ئەکادیمیای شەهید هیراوانە، کە دامەزراوانی نوێ خولی پەروەردەی و فیکری و سیاسی بۆ ماوەی لە مانگێک بۆ دوو مانگ پێش دەرچوونیان وەردەگرن و بە تەواوی ناویان تۆمار دەکەن لە ڕیزەکانی ئاسایشی ژنان، خولەکە هەموو پێکهاتەکان لەخۆدەگرێت: عەرەب، سریانی، کورد، و ئێزدی.
سیستەمی هاوسەرۆکایەتیش درێژدەبێتەوە بۆ بواری ئاسایشی، هەروەک فەلەک داود دووپاتی دەکاتەوە، لە کانتۆنی جزیرەدا زیاتر لە ٥٠ ژن لە ئەفسەر هەن، کە پۆستی پێشەنگایەتییان هەیە و بە کۆردیناسیۆن لەگەڵ ئەو پێشەنگایەتییەی کە پیاوان لەناو ئیدارەی هاوبەشدا بەدەستیانەوەیە کاردەکەن.
بانگەواز بۆ پشتگیری
ئاسایش داوا لە هەموو ژنان دەکات پشتیوانی هێزەکانیان بکەن و ڕێگە نەدەن داب و نەریتە بەسەرچووەکان ئازادی خۆیان بۆ پاراستنی خاکەکەیان بەرتەسک بکەنەوە، هەروەها ئاسایشی ژنان یادی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین و هەموو ئەو شەهیدانە دەکاتەوە کە لەپێناو بەرگریکردن لە خاک و کەرامەتی خۆیان گیانیان بەخت کرد، لەوانەش ئەو ژنانەی لەکاتی خەبات بۆ ئازادیدا گیانیان بەخت کرد، وتی: بەڵێنمان داوە لەسەر ڕێبازی شەهیدان بەردەوام بین و ڕووبەڕووی هەموو هێرش و ئاڵەنگاریە ئاسایشییەکان ببینەوە بۆ پاراستنی ناوچەکە، سەبارەت بە پاراستنی ژنان و گەنجان و منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە مەترسییەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، ئاسایشی ژنان هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە ئەنجام دەدات، ڕێنمای دابەش دەکات بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان، هەروەها لە ڕێگەی کۆمینەکان و دامەزراوەکان و ئەنجومەنە ناوخۆییەکانەوە کۆبوونەوە ئەنجام دەدات، لە هەمان کاتدا دڵنیایی دەدات لە ئامادەبوونی جەستەی ئەندامان لە هەموو شوێنە گرنگەکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و پاراستن.
جێبەجێکردنی یاساکان
ئاسایشی ژنان بەشداری دەکات لە جێبەجێکردنی یاساکان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە مافەکانی ژنانەوە هەیە، کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر بە ژنان، وەک فرەژنی و هاوسەرگیری منداڵ، لەو چوارچێوەیەدا، فەلەک داود، وتی: ئێمە یاساکانی مافی خێزان دەپارێزین، لەوانە پاراستنی ڕێککەوتنی هاوسەرگیری بۆ ڕێگریکردن لە فرەژنی، پاراستنی منداڵانی کچ لە هاوسەرگیری منداڵان، هەروەها دڵنیابوون لەوەی تەمەنی منداڵییان لێ نەسەندرێتەوە، دامەزراوەکە وەک قەڵغانێک کاردەکات کە ژنان لە هەر شوێنێک بن، پارێزگاریان لێدەکات، دڵنیای دەدات لە پاراستنیان لە جیابوونەوەی پێشوەختە و دەستدرێژی خێزانی، بەمەش پێگە و کەرامەتی ژنان لە کۆمەڵگەدا بەرز دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسایشی ژنان هەر دوو ساڵ جارێک کۆنگرەیەکی تۆکمە ساز دەکات، کە سەرجەم یەکەکانی ئاسایشیش دەگرێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتە سیاسی و ئاسایشییەکانی ناوچەکە و دانانی یاسای نوێ کە بەشدارن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگە، وتی: کۆنگرەکان سەکۆیەکی ستراتیژین بۆ هەڵسەنگاندنی پڕاکتیزەی کارکردن، پێداچوونەوە بە پلانەکان، و بەرزکردنەوەی کۆردیناسیۆنی نێوان لقە جیاوازەکان بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی کارا و کاریگەرانەی ئەرکەکانیان، ئاسایشی ژنان لە کانتۆنی جزیرە هەوڵدەدات هێزێکی پێشەنگ بێت، پاراستنی تەواو بۆ دانیشتوان و بەهێزکردنی ئامادەی خۆی لە هەموو بوارە ئاسایشییەکان و کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها خەریکی پەرەپێدانی پلانەکانی داهاتووە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی خولئ پەروەردە و فیکری و سیاسی، دڵنیابوون لەوەی کە ڕێکخراوەکە وەک نمونەیەک لە بەڕێوەبردنی ئاسایش و پشتیوانی مافەکان و بەهێزکردنی ژنان و پاراستنی دەستکەوتەکانی کۆمەڵگە لە بەرامبەر هەموو ئاڵەنگاری و هەڕەشەکاندا خزمەت دەکات.
فەلەک داود، بەڕێوبەری ناوەندی ئاسایشی ژنان لە کانتۆنی جزیرە، لە کۆتایی قسەکانی، ئاراستەی هەموو ئەو ژنانەی کرد کە بەدواداچوون بۆ چالاکییەکانی ناوەندەکە دەکەن، وتی: بۆ هەموو ئەو ژنان و خێزانانەی گوێ لە دەنگی من دەگرن، بەڵێنتان پێدەدەین کە بە تەواوی ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین، هەروەها سەلامەتی ئێوەش بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی ئێمە دەبێت، ئاسایشی ژنان قەڵغانێکی پارێزەرە بۆ هەر ژنێک کە ترسی لە توندوتیژی یان پەراوێزخستن لەلایەن خێزان یان کۆمەڵگەوە هەیە، درێغی مەکەن لە پەنابردن بۆ هێزەکانمان لە وەرگرتنی پاراستن و پشتیوانی تەواو.