"بە خۆ ڕێکخستن و پەروەردەکردن، ژنان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەوەستنەوە"

ژنانی ڕۆژئاوا پێش ١٢ ساڵ دژی داگیرکاری بە شۆڕش خاکیان پاراست، بێریڤان محەمەد، وتی: پێویستە ژنانی باشوور هاوشێوەی ژنانی ڕۆژئاوا دژی داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرخۆدان بکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی-ژنان لە مێژووەوە تا ئێستا بەشداری شۆڕش و خەباتیان کردووە، هەموو کات ژنان ڕۆڵی گرنگیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو داگیرکاریە بینیووە کە ڕووبەڕووی خاک و نەتەوەکەیان دەبێتەوە، ژنانی ڕۆژئاوا ١٢ ساڵ بەر لە ئێستا شۆڕشیان لە دژی چەتەکانی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا، ژنانی ناوچەکە لەڕێگەی خۆ ڕێکخستنەوە لە ١٩ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٢دا سەرکەوتنیان لە دژی داگیرکەری وڵاتەکەیان تۆمار کرد، هەبوونی ئەو سەرکەوتنە بووە هۆکاری ڕێکخستن و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا، بانگەوازی ژنانی ڕۆژئاوا بۆ ژنانی جیهان خۆ پەروەردەکردن و خۆبەڕێوەبەردنە، وەک دەزانین لە باشووری کوردستاندا داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا زیادی کردووە، هێزەکانی داگیرکەر ناوچە کورد نشینەکان داگیر دەکەن، پێویستە ژنانی باشوور هاوشێوەی ژنانی ڕۆژئاوا لەڕێگەی پەروەردە کردن و ڕێکخستن خۆیان بەرەوپێش ببەن.

 

" ژنانی ڕۆژئاوا لە خەبات و خۆ بەڕێوەبەری ڕۆژئاوادا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا"

بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە لە باشووری کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، ١٢ ساڵ بەر لەئێستا لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا لەلایەن ژنانی ڕۆژئاوا بەرخۆدانێکی گەورە ئەنجام درا هەتا ئێستا ژنان بەردەوامن لە بەرخۆدان، وتیشی: لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژئاوادا تەواوی کەسانی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ بەشداریان تێدا کردبوو، ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژئاوادا سەری هەڵدا تەمەنێکی بچوکی هەبوو بەڵام شۆڕشێکی گەورەبوو بۆ تەواوی ژنان و سەرکەوتنی ژنان، لە ئەنجامی خۆ بەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوادا، شۆڕشی ڕۆژئاوا بە هەموو پێکهاتەکان بێ جیاوازی چین و توێژەکان بە ئەنجام گەیشت، هەبوونی شۆڕشی ڕۆژئاوا و خۆبەڕێوەبەری لە لایەن ژنانەوە وەک نموونەیەکی سەرکەوتن لە تەواوی جیهاندا دەبیندرێت.

 

ئەوەشی خستەروو، دروستبوون و بە ئەنجام گەیاندنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر دەستی ژنان ئەنجام درا وتیشی: کار و خەباتی ژنانی ڕۆژئاوا بۆ پێش خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە، لەڕێگەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردندا گەیشتنە ئەنجام و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، ئێمەی ژنان بەدەوام لە هەوڵی هەبوونی خەباتدا بووین هەوڵمان بۆ جێ گرتنی خەبات و هەبوونی سیاسەتێکی پتەو و هەبوونی سوپا و ڕێکخستێنێکی سەرکەوتن بووە، نرخاندنی شۆڕشی ڕۆژئاوا تەنها لە ڕۆژئاوادا نامێتەوە، پێویستە ژنانی تەواوی جیهان لە هەر جێگەیەک سیاسەتی هەڵە کاری تێداکرد خۆیان بەڕێکخستن بکەن. 

 

" ژنان دەتوانن لە هەر جێگایەکدا بن کار و خەباتیان بەرز بنرخێنن"

بێریڤان محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە، ژنان نەک لە ڕۆژئاوادا بەڵکو پیویستە لەهەر جێیەکدا بن خەبات و کاری خۆیان بەرز بنرخێنن، وتیشی: پێویستە شۆڕشی ڕۆژئاوا ببێتە نموونەیەک بۆ تەواوی ئەو جێگانەی ستەم و داگیرکاری تێدا ئەنجام دەدرێت، وەک دەزانین لە باشووری کوردستان داگیرکاری و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا درێژەی کێشاوە، پێویستە ژنان لە باشوور دژی ئەو داگیرکاریانەی ڕووی لە ناوچەکانیان کردووە لەڕێگەی خۆ بونیادنانەوە دژیان بۆستنەوە. 

 

بێریڤان محەمەد لە کۆتاییشدا وتی: ئەو بەرخۆدانەی لە ڕۆژئاوادا ئەنجام درا بەرهەمی خۆبوون و خۆ پەروەردەکردنی ژنان بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەرەنجامێکی گەورەی هەبێت، پێویستە ژنانیش لە تەواوی جیهان و بەتایبەت لە باشووری کوردستاندا دژی ئەو داگیرکارییەی ڕووی لە ناوچە کورد نشینەکان کردووە بووەستنەوە و خۆیان ڕێکبخەن.

 

هەروەها پیرۆزبای خۆی لە تەواوی تێکۆشەران و ژنان کرد بۆ ئەو خەباتەی ١٢ سال بەر لەئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان بە دەستی ژنان ئەنجام درا و وتی: ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشێکی گەورەی پێشکەشی تەواوی جیهان کرد، گرنگە ژنان و گەنجان ئەزموونی لێوەربگرن.