داخستنی ژمارەیەک زانکۆ لە ئێران کێشە بۆ خوێندکاران دروست دەکات

بە بیانووی تاقیکردنەوەیەکی زانستی، سەرجەم کۆدەکانی زانکۆکانی سەردەشت و شنۆ لە نامیلکەی هەڵبژاردنی زانکۆکانی ئەمساڵدا لابراون، ئەمەش ڕێگەیەکە بە واتای تەشەنەکردنی هەژاریی کولتووری لەو ناوچانەدا.

لانە مەحمودی

 

ناوەندی هەواڵ- زانکۆی پەیام نور لە شنۆ ٢١ یەکەی هەیە و هەشتەمین ناوەندی چالاکی پارێزگای ورمێیە و ٨٠٠ خوێندکاری تێدایە، ە زانکۆی سەردەشت هەشت پسپۆڕی دەوترێتەوە، بەڵام خوێندن لە هیچ کام لەو پسپۆڕییە بنەڕەتیانەی کە لە زانکۆکانی تری پەیام نور دەخوێندرێن، بۆ خوێندکارانی ئەم زانکۆیە بەردەست نین

 

بەشێوەیەکی گشتی لە شارەکانی کوردستان ژمارەی زانکۆ نیشتمانییەکان بەڕێژەی ژمارەی دانیشتوان کەمترە و نەک هەر شارە بچووکەکانی وەک پیرانشار و سەردەشت و شنۆ زانکۆی نیشتمانییان بۆ تەرخان نەکراوە، بەڵکو بە بیانووی تاقیکردنەوەی زانستی، هەموو کۆدەکانی زانکۆکانی سەردەشت و شنۆ لە نامیلکەی هەڵبژاردنی زانکۆکانی ئەمساڵدا لابراون و هۆکاری لابردنی زانکۆکانی شنۆ و سەردەشتیش نزمی ئاستی زانستی ئەو زانکۆیانە.

 

داخستنی زانکۆ؛ دروستکردنی هەلومەرجی سەخت بۆ خوێندن

لە سەرەتای دامەزراندنی زانکۆی سەردەشت و شنۆوە لانیکەم پێنج هەزار خوێندکار دەرچوون و بەشێکی زۆریان لە زانکۆ باڵاکان دامەزراون یان دەخوێنن.

 

لابردنی زانکۆی پەیام نور فشاری دەروونی زیاتر بۆ چینی لاوازتری کۆمەڵگە دروست دەکات و زۆرێک لە بنەماڵەکان ناتوانن منداڵەکانیان بنێرن بۆ خوێندن بۆ ورمێ، بەو پێیەی ورمێ پایتەختی ئەو پارێزگایەیە، دوورە لە شاری سەردەشتەوە و هاتوچۆی خوێندکاران بۆ زانکۆی پارێزگاکە قورسایی بۆ خێزانەکان دروستدەکات، بە تایبەت لە ئێستادا کە قەیرانی ئابووری لە لوتکەدایە، مەودای دووریش کێشەی زۆر بۆ خوێندکاران دروست دەکات.

 

سەردەشت و شنۆ دوو شاری بچووکن کە پێداویستییەکانی شارستانییان نییە، خەڵکەکەیان زیاتر خەریکی کشتوکاڵن، حکومەت خەڵکی ئەو دوو شارەی پەراوێز خستووە و لابردنی زانکۆ بۆ ئەم دوو شارەش بە واتای هەژاریی کولتووری زیاتر و وازهێنانی کچان و گەنجێکی زۆرە لە خوێندن لەو شارانەدا.

 

تەشەنەسەندنی هەژاری ڕۆشنبیری لەگەڵ دەرئەنجامەکانی بێکاری و کۆچ و لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوچستان یەکێک لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێرانە کە بە ئاراستەی لاوازکردنی گەنجان جێبەجێ دەکرێت، بەو پێیەی هیچ پێداویستییەکی پەروەردەیی بۆ گەنجان لەو شارانە تەرخان نەکراوە و تەنها بودجە بۆ ئەو ناوەندانە خەرج دەکات کە ئایدۆلۆژیای حکومەت بەرەوپێش دەبەن، وەک زانکۆی "ئیمام سادق" کە ناوەندی توێژینەوەیان بووە.

 

"داخستنی زانکۆکان ئاستی خوێندنی کچان کەم دەکاتەوە"

سەحەر مەحمودی، پارێزەر و چالاکوانی پێشووی خوێندکاری زانکۆی سەردەشت لەم بارەیەوە وتی: ڕاگرتنی زانکۆی سەردەشت زیانێکی گەورەیە بۆ ئەم شارە، شاری سەردەشت یەکێکە لەو شارانەی کە کیمیاباران کرا و تا ئێستاش خەڵکەکەی لە پێداویستیی خۆشگوزەرانی و تەندروستی بێبەشن، کاتێک نەخۆشێک یان خوێندکارێک لە سەردەشتەوە دەچێتە ورمێ، شەوانە ناتوانێت بگەڕێتەوە چونکە دوورییەکەی زۆرە، دوای داخستنی زانکۆی سەردەشت، زۆر قورسە کە خوێندکارێک لە ورمێ درێژە بە خوێندن بدات، دەبێت خانوو بەکرێ بگرێت، زانکۆی پەیام نوریش بەشەناوخۆیی بێبەرامبەر دابین ناکات، چونکە ناحکومییە و خێزانەکان ناتوانن منداڵەکانیان بنێرن بۆ زانکۆ.

 

لە درێژەی قسەکانیشیدا دەڵێت: دامەزراندنی زانکۆی پەیام نور پەنجەرەیەکی ئومێد بوو، بۆ یەکەمجار زۆرێک لە خێزانەکان کچەکانیان ڕەوانەی زانکۆ کرد و تابۆیەکی کولتووری شکێندرا، بەڵام لەگەڵ داخستنی زانکۆکە ئاستی خوێندنی کچان کەم دەبێتەوە، چونکە لەم دۆخە خراپە ئابوورییەدا زۆرێک لە خێزانەکان ناتوانن خەرجییەکانی زانکۆ دابین بکەن.

 

مریەم قادری خەڵکی شاری شنۆیە سەبارەت بە بارودۆخی زانکۆی شنۆ وتی: لە چەند ساڵی ڕابردوودا خەڵکێکی زۆر لە زانکۆی پەیام نوری شنۆ دەرچوون، بوارە گونجاوەکانی وەک زانستی سیاسی و یاسا دەخوێندرا، دووری نێوان  شنۆ و ورمێ درێژ نییە، بەڵام خوێندن لە شنۆ باشترە و پێویست ناکات مرۆڤ بچێتە شارێکی دیکە.

 

هەروەها وتیشی: هۆکاری لابردنی زانکۆکانی شنۆ و سەردەشت، نزمیی کوالیتی ئەکادیمی و پەروەردەییە، کاتێک بودجەیەک تەرخان نەکرێت و پرۆفیسۆرێکی باش بانگهێشت نەکرێت بۆ ئەو زانکۆیانە، کوالیتی ئەکادیمی کەم دەبێتەوە، ئەم شارانە تا ڕادەیەکی دیاریکراو ئاسانکارییان نییە، زۆرێک لە پرۆفیسۆرەکان نایەنە ئەم شارە بۆ وانەوتنەوە، چونکە زانکۆ پارەیەکی کەم بۆ وانەوتنەوە تەرخان دەکات و ئەمەش پەیوەستە بە سیاسەتی حکومەتەوە، کە ئەم شارانە لە بواری پەروەردە و ڕۆشنبیریدا هەژاریدا دەهێڵێتەوە .