شلێر ڕەسوڵی، ژنێک کە مردنی لە سزادان پێ باشتر بوو

پرشنگ د.، کە شایەتحاڵی دۆسیەی شلێر بوو، دەڵێ: بەشداریی زۆر کەس لە ناشتنی شلێر، هەڵگرتنی تەرمەکەی لەسەر شانی ژنان، ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئێران و هتد، هەموویان بوون بە لاپەڕەیەک لە مێژوو بۆ کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری مەریوان کە تا ئێستاش بەردەوامە.

ئارشین ڕاد

 

مەریوان- بڕیاری ژیان و دادگاییکردن یان لەدەستدانی بەنرخترین سەروەت و سامانی هەموو مرۆڤێک بڕیارێکی قورسە، بڕیاری هەڵبژاردنی مردن لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا کە هیچ هاوسۆزییەک بۆ ژنانی دەستدرێژیکراوی نییە، دەبێتە بژاردەیەک بۆ ژنان، سلێر ڕەسوڵی، کە دوو ساڵ بەسەر گیان لەدەستدانیدا تێدەپەڕێت، مردنی لە دەرئەنجامەکانی دەستدرێژی لە کۆمەڵگەیەکدا پێ باشتر بوو کە دەبووە پەڵە لەسەری و هەرگیز لەبیر نەدەچووەوە، چونکە بیروباوەڕی کۆمەڵگە لە پیاوسالاری و سەرمایەداری و ڕێوڕەسم و ئایین و تابۆ و ڕێساکانەوە وەرگیراون، کە ژنان ناچار دەکەن بڕیار بدەن ژیانی خۆیان لە پێشینەدا دانەنێن.

 

دوو ساڵ بەسەر کوشتنی شلێر ڕەسوڵی تێدەپەڕێت، کە ئەم ڕووداوە لە مەریوان و ناوچەکانی دیکەی جیهان کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دواتر کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە تا ئێستا بەردەوامە. کاردانەوەی کۆمەڵگە بەرامبەر بە کوشتنی هەردوو ژنی کورد، شلێر و ژینا، دەکرێت وەک هێمایەک بۆ یەکڕیزی و تێکۆشانی گەل بۆ ئازادی و مرۆڤایەتی سەیر بکرێت، کە بڵێسەی گەشاوەتر و گەشتر دەبێت.

 

پرشنگ د. یەکێک لە خزمەکانی شلێر ڕەسوڵی، کە ڕۆڵێکی گرنگی لە دۆسیەی شلێردا هەبوو، باسی ڕووداووکەی بۆ نوژها کرد و وتی: بەهۆی ئاشنابوونی لەگەڵ هاوژینی دەستدرێژیکارەکە کە دووگیان بوو، شلێر دەچوو بۆ ماڵیان و هاوکاری دەکرد و دەگەڕایەوە، لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا، دەستدرێژکارەکە کە دەستی هەبووە لە کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان و چەکەکاندا، کاتێک هاوژینەکەی و منداڵەکانی لە ماڵ نەبوون، بە بیانووی دوو گیانی هاوژینەکەی داوای یارمەتیی لە شلێر دەکات، کاتێک شلێر لەگەڵ منداڵەکانیدا دەچێت تا یارمەتی بدات، دەستدرێژیکار بە زۆر دەرگاکە دادەخات و ناهێڵێت منداڵەکانی شلێر بچنە ژوورەوە، ئەوانیش دەگرین و داوای یارمەتی لە دراوسێکان دەکەن، لەناو ماڵەکەدا لە نزیک پەنجەرەکەوە شەڕێک لە نێوان شلێر و دەستدرێژکارەکەدا دەبینرێت، هەروەها داوای یارمەتی شلێر لە خەڵکەکە دەکات، کە دواجار بووە هۆی ڕووداوێک و شلێر لە پەنجەرەکەوە خۆی فڕی دەدات بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لە دەستدرێژکارەکە، هێرشبەرەکە کە جل و بەرگی نەشیاوی لەبەردایە بە دەمانچەیەکەوە هەڵدێت و شلێر دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، دوای چەند کاتژمێرێک دەستدرێژکارەکە بە ئۆتۆمبێلێکی دزراوەوە دەگەڕێتەوە گەڕەکەکە و لەوێ بە هاوکاری خەڵک و پۆلیس دەستگیر دەکرێت.

 

پرشنگ د. ئاماژەی بەوەدا، کە دوای چەند ڕۆژێک شلێر گیانی لەدەستدا، یەکسەر کەسوکارەکەی چوونەتە دادگا و داوای دانیشتنی بەپەلەیان کرد، دەستدرێژکارەکە پروپاگەندەی کرد کە هەموو داواکارییەکان بە بەدواداچوونی خێزانەکە ڕەتکراونەتەوە و دوای دوو ساڵ سزای تۆڵەسەندنەوە دەرچووە.

 

جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشداری زۆر کەس لە ناشتنی شلێر، هەڵگرتنی تەرمی شلێر لەسەر شانی ژنان، ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئێران، ڕوماڵی میدیایی بۆ ئەو پرسە و هتد، هەمووی بوونە لاپەڕەیەکی مێژوو لە کۆمەڵگەی مەریواندا، کە هێشتا بەردەوامە.

 

پرشنگ.د، وەک یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکە ڕایگەیاند: دوای چەند مانگێک منداڵەکانم هێشتا ترسیان هەبوو چونکە ڕووداوەکەیان بینیبوو و دەستدرێژکارەکە دەستگیرکرابوو. وەک ژنێک خۆم ئەوەندە تووڕە بووبووم کە تەنانەت ڕقم لە پیاوانی ناو خێزانەکەم و ناو ئەو کۆمەڵگەیە دەبووەوە کە سەلامەت نییە و مرۆڤ ڕێگە بەخۆی دەدات بە ئاسانی بیر لە دەستدرێژیکردنە سەر دایکێک بکاتەوە کە ئامانجی هەیە بۆ داهاتووی منداڵەکانی تێبکۆشێت و دەردی کێشەی دارایی و دووری هاوژینەکەی دەکێشێت تا ژیانێکی باش بۆ منداڵەکانی دابین بکەن، توڕەیی لەوەی کە دەستدرێژکارەکە سەرقاڵی کڕین و فرۆشتنی چەک بووە بەبێ ئەوەی هیچ لە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بترسێت و هیچ ترسێکی لە کردەوەی دەستدرێژی نەبووە.

 

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە چاکسازی لە کۆمەڵگەدا بکرێت، بۆ ئەوەی ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە و وتی: مردنی شلێر هێشتا بۆ ئێمە تازەیە و تۆڵەی دەستدرێژکار هیچ کاریگەرییەکی نابێت، هیوادارم یاساکان و کۆمەڵگە بەشێوەیەک بگۆڕدرێن کە جارێکی تر شاهیدی هەمان ڕووداوەکان نەبینەوە، هەروەک چۆن دوای مردنی شلێر و ژینا، لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" زۆرێک لە ژنان هیوایان خواست کە بتوانن هەمان مافە کۆمەڵایەتییەکان بەدەستبهێنن و ئەوەش سەرەتای ڕێگایەک بێت بۆ ئەوەی ژنان بگەنە پێگەی سەرەکی لە هەموو بوارەکاندا.