چالاکوانێکی ژنان جەخت لەسەر پێویستی ڕێکخستنی ژنان لە دژی هێرشەکان دەکاتەوە

سەباحەت ئەردۆغان ساریتاش، جێگری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی ڕایگەیاند، لە ڕێگەی کەمپەینی "پێداگری لەسەر ژیانی ئازاد و یەکسان دەکەین" کە لەلایەن ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی دەستی پێکردووە، لە ٨١ شار لەگەڵ ژنان کۆدەبنەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سێرت- ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی لە باکووری کوردستان کەمپەینی "پێداگری لەسەر ژیانی ئازاد و یەکسان دەکەین"ی لە ٢٠ی تەمموزی ئەمساڵدا دەستپێکرد و لەگەڵ ژناندا کۆدەبنەوە تا کاری هەماهەنگ بکەن و بەدوای چارەسەری هاوبەشدا دەگەڕێت بۆ پرسەکانی ژنان بە ئامانجی فراوانکردنی هێڵی ڕێکخستن و خەبات، هاوکات خەبات دەکەن بۆ دروستکردنی فراوانترین هاوپەیمانی ژنان دژی شەڕ.

 

سەباحەت ئەردۆغان ساریتاش، جێگری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی، ڕایگەیاند، کە کەمپەینەکە بە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و کۆمەڵکوژی و سیستەمی بەکارهێنان و ئیستغلالکردن و سیاسەتی شەڕی تایبەت لەم قۆناغەی دواییدا سەریهەڵداوە، وتیشی: ماوەی کەمپەینەکە ٦ مانگ دەخایەنێت، ئەمەش سەرەتای کارکردنمان دەبێت لەژێر ئەو سەردێڕانەی کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا کارمان لەسەری کردووە، شایەتحاڵی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان بووین لە ئەنجامی عەقڵیەتی پیاوان، لەو چوارچێوەیەشدا کەمپەینەکە ناونیشانەکانی "سیستمی پاسەوانی، سیاسەتی جەنگی تایبەت، پراکتیزەکردنی جینۆسایدی ژینگەیی و قەیرانی ئابووری" وروژاندووە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابوورییەوە هەیە.

 

ڕێکخستن

سەبارەت بە وردەکارییەکانی کەمپینەکەش ئاماژەی بەوەدا کە ڕێکخستنەکانیان فراوانتر دەکەن و لەگەڵ ژنان و گەل دژی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەوەستنەوە، وتیشی: دەزانین کە ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی شەڕ و ئیکۆکوژی و زیادبوونی توندوتیژییەوە، کە پیاوان تیایدا زاڵن، بۆیە ڕێکخستن بە یەکێک لە گرنگترین چالاکییەکان دادەنرێت کە ئێستا ژنان لە دژی ئەم سیاسەتانە ئەنجامی دەدەن، ئێمەی ژنان ئازادی و ناسنامەی خۆمان دەپارێزین، لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی بەکارهێنان و توندوتیژی دەبینەوە و پێداگیری لەسەر ئازادی و یەکسانی دەکەین.

 

سەباحەت ئەردۆغان ساریتاش ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لەگەڵ هەزاران ژن لە ٨١ شار کەمپەینەکانیان ئەنجام دەدەن وتیشی: گەل لە دادپەروەری و کار و یەکسانی و ئازادی بێبەشن، بۆیە دەبێت خۆمان ڕێکبخەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی ئەقڵیەتی پیاو، بە پێکەوە وەستانەوە چارەسەری ئەو کێشانە دەکەین کە ژنان بەدەستیەوە دەناڵێنن و لە هەموو شارەکاندا کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.