ئەزموونە تاڵەکان کە لە لایەن ڕزگاربووانی دووگیان لە زیندانەکانی تەحریر شام دەگێڕدرێنەوە

گروپی تەحریر شام هەوڵدەدات بە دەستگیرکردنی ژنان تیرۆر و ترس لە دڵی خەڵکدا بچێنێت، ژنانی دووگیانی ڕزگاربوو لە زیندانەکانی ئەو گروپە چیرۆکەکان دەگێڕنەوە.

سوها عەلی

 

ئیدلیب- ژنانی دووگیان لە ئیدلب دوای گرتن  و دەستدرێژی دەروونی و جەستەیی بە دەستی گروپێک بەناوی تەحریر شام، کە لە زیندانەکان ڕزگاریان بووە، ئەزموونە تاڵەکانیان دەگێڕنەوە.

 

لەما حەمود، تەمەن ٣١ ساڵ، ناوی خوازراوی ڕزگاربوویەکی زیندانەکانی تەحریر شامە کە لە باکووری ئیدلب دەژی، باس لەوەکرد، توانیویەتی بە سەختی لە زیندانەکانی تەحریر شام هەڵبێت، وتی: لە مانگەکانی یەکەمی دووگیانیدا بووم و لەگەڵ سێ منداڵەکەمدا بووم کاتێک ئەندامانی کۆمسیۆن هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم و هەوڵی دەستگیرکردنی هاوژینەکەمیان دا، هەروەها کاتێک نەیاندۆزیەوە لە ماڵەکەدا ، لەبری ئەوە بردیانم بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەری تا خۆی ڕادەست بکات.

 

ڕوونیشی کردەوە، لەناو زیندانەکانیان لە ئیدلب تووشی جۆرەها مامەڵەی خراپ بووە، دوای ئەوەی بێهیوا بوون لە هاوژینەکەی خۆی ڕادەستکردووە و ئازادیان کردووە، لە ئەنجامدا تووشی بەدخۆراکی توند و تێکچوونی دەروونی بووە.

 

مەرام شێخ عەلی، تەمەنی ٣٧ ساڵ و دووگیانییەکەی ٦ مانگە، دوای ئەوەی نەیتوانیوە ئەو قەرزە بداتەوە کە لە دوکانەکەی کامپەکە قەرزی کردبوو، دوای ئەوەی باوکیان لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەستدا، ناچار بوو خۆراک بۆ منداڵەکانی بە قەرز وەربگرێت، خاوەنی دوکانەکە کە ئەندامی تەحریر شام بووە دەستگیری کردووەو لە زیندانی کۆمسیۆن لە شاری ئیدلب تووشی هەموو جۆرە ئەشکەنجە و لێدانێک بوو، کە بووە هۆی شکانی دەستی چەپی و خوێنبەربوونی توند، دوای مانگێک کاتێک براکانی توانیان قەرزەکانی بدەنەوە ، لە دۆخێکی تەندروستی ناخۆشدا زیندانی جێهێشت.

 

مەروە دەیوب تەمەن ٢٨ ساڵ، دوای ئەوەی بە تۆمەتی سەر بە داعش دەستگیرکرا لە زیندانەکانی تەحریر شام کۆرپەکەی لەدەستداوە، سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەزموونی لە زینداندا، وتی: قۆناغێکی سەخت بوو، وەک کابوسێک، هەرگیز بە خەیاڵدا نایەت، چونکە ترسناکترین شێوازەکانی تێدابوو، بە لێدان دەستی پێکرد و بە توندوتیژی زارەکی و هەڕەشە و تۆقاندن کۆتایی هات، زیاتر لە سی کەس بوون ژنە دەستبەسەرکراوەکان لە ژوورێکی تەسکدا، دەنگی لێدان و ئەشکەنجەدان لە دەستگیرکراوەکانی پیاو لە خانەکانی دراوسێدا دەبیسترا، ڕۆژانە تەنها جارێک و بە ڕێژەیەکی زۆر کەم خواردن هەبوو دانیشتنی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدان زۆر بوو.

 

مەروە دەیوب لە مانگی سێیەمی دووگیانیدا بوو کاتێک بۆ ماوەی چوار مانگ دەستبەسەرکرابوو، لە ئەنجامی ئەو مامەڵە خراپەی لەوێ ڕووبەڕووی بووەوە و نەبوونی چاودێری پزیشکی، کۆرپەکەی لەدەستدا، تووشی نەخۆشی شەکرەی دووگیانی بوو، کە هۆکارێکی ڕاستەوخۆی لەدەستدانی کۆرپەکەی بوو.