سەرەڕای زوڵم و چەوساندنەوە ژنان لە ئیدلب شۆفێری دەکەن

 ژنان لە باکووری سووریا دوای فێربوونی شۆفێری ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنەی کۆمەڵگە بوونەتەوە، بەڵام ئەوە نەبووە ڕێگر لەبەردەم پێداگرییان لەسەر تێپەڕاندنی ئەم ئەزموونە، کە بە ماف بۆ خۆیان و بۆ ژنانی دیکەی دەزانن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب-بینینی ژنان لەکاتی شۆفێری کردن لە باکووری سووریا وەک جاران دیمەنێکی سەیر نییە، دوای بڵاوبوونەوەی نووسینگەی شۆفێری بۆ ژنان، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی کە توانیان سنووردارکردنی داب و نەریتی بشکێنن و فێری شۆفێری ببن.

 

ژنان لە باکووری سووریا توانیان بچنە ناو مەیدانی فێربوونی شۆفێری، ئەمەش بەهۆی پێویستی فێربوونی شۆفێری لە ناوەڕاستی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و سەختی جوڵەی نێوان هەرێمەکان و نەبوونی ئامڕازی گواستنەوەی هەمیشەیی.

 

سەرەتا رووبەڕووی ڕەخنە بووەوە

حەڵا جەلال، تەمەن ٢٩ ساڵ، ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی لە ڕێکخراوێکی پەروەردەییدا کارێکی دەستکەوتووە، کە زیاتر لە ٣٠ کیلۆمەتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە شارۆچکەی قاح، باکووری ئیدلب دوورە، بەهۆی ئەوەی ڕووبەڕووی چەندین بەربەست بووەوە لە دەستەبەرکردنی گواستنەوە و هاتنەوە بۆ شوێنی کارەکەی، بڕیاریدا فێری شۆفێری ببێت، بەڵام سەرەتا ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنەی کۆمەڵگەی دەوروبەری بووەتەوە بە هەوڵدان بۆ لاساییکردنی پیاوان ناویانبردووە، بەڵام ئەوە نەبووە ڕێگری لە پێداگرییەکەی لەسەر تێپەڕاندنی ئەم ئەزموونە، کە بە مافێکی دەزانی بۆ خۆی و ژنانی تر.

 

"گرنگیم بەو چەوساندنەوەیە نەدا کە ڕووبەڕووی بوومەوە لەلایەن ئەو پیاوانەوە"

مەرام شەردوب، کە یەکەم ئەزموونی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بیرکەوتەوە کاتێک چووەتە ناو ڕێگایەکی تەسکەوە کە بەرەو ئەو ناوچەیەی لێی دەژی لە جەرگەی شاری ئیدلب ڕۆیشتووە، ئاماژەی بەوەکرد، لەو کاتەدا منداڵان دەستیان کرد بە کۆبوونەوە بۆ بینینی ئۆتۆمبێلەکە وەک ئەوەی ڕووبەڕووی ڕووداوێکی دەگمەن بوونەتەوە، پێویست بوو ئەو سنووردارکردنانە لاببرێن کە ڕێگری لە گەشەسەندنی چالاکییەکان و بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا دەکەن، وتی: شوێنی نیشتەجێبوونم دوور بوو لە شوێنی کارەکەم لە ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی، بڕیارمدا ئۆتۆمبێلێک بکڕم و فێری شۆفێری بم و بەرەو کارەکانی ڕۆژانەم تێپەڕێنم، گرنگیم بەو چەوساندنەوەیە نەدا کە ڕووبەڕووی بوومەوە لەلایەن ئەو پیاوانەی کە گەشەپێدانی ژنان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان ڕەتکردەوە.

 

سەبارەت بەو ڕەخنە زۆرانەی کە لە هەموو قەرەباڵغییەک یان ڕووداوێکدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە و تۆمەتبارکردنی بە نەزانی و پابەندنەبوون بە یاساکانی هاتوچۆ و هۆکاری ڕووداوەکان تەنانەت ئەگەر پەیوەندی بەوەوە نەبووبێت، ڕوونیکردەوە، هەموو ئەو ڕەخنانەی کە تووشی بووە ، ئەگەر ئاماژە بە هەر شتێک بکەن، ئاماژەن بۆ نەبوونی متمانەی پیاوان بە ژنان و چەسپاندنی ئەو باوەڕە.

 

سەلما دەلو، تەمەنی ٣٧ساڵە، لە تەمەنی گەنجیەوە تەنها لەبەر خولیای و خۆشەویستی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل فێری شۆفێری بوو، بەڵام وەک پیشەیەک وەریگرتووە کاتێک توانی کارێک بەدەستبهێنێت لە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ناوخۆیی، بەهۆی پێویستییان بە شۆفێری ژن بۆ ئەوەی تەنها داواکاری ژنان بگوازنەوە، بەتایبەتی کە ژنان کاتێک بەتەنها دەبن، لە ترسی هەراسانکردن یان ڕفاندن لەگەڵ شۆفێری پیاو دەترسن، ئەمەش ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی ئەو و شۆفێرانی دیکەی ژن سوودمەند بن لە ئەزموونی شۆفێریکردنیان وەک ئامرازێک بۆ دەستەبەرکردنی داهات بۆ خێزانەکانیان.

 

هانی ژنان دەدات بۆ شۆفێری

نەزیرە حەسون، تەمەنی ٤٠ ساڵە، وەک ڕاهێنەرێک، هانی هەموو ژنانی داوە کە ئۆتۆمبێل لێبخوڕن و پشت بەخۆیان ببەستن بۆ ئەوەی دەستیان بە کار و پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان بگات، وتی: ژنانی ئەمڕۆ پێویستیان بە کەسێکە پاڵپشتیان بکات لە بڕیاردان و ئازایەتیان پێبدات کە بە متمانەوە و بێ دوودڵی هەنگاوەکانیان بنێن.