زیادبوونی فشارەکان لەسەر ژنان؛ ئەمجارە هێرشکردنە سەر مافی لەباربردنی منداڵ

حکومەت و دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەمساڵدا بە زیادبوونی گوشار بۆ سەر ژنان دەستیان پێکرد و ئەمجارە بەڵگەکان ئاماژەن بۆ هێرشکردنە سەر مافی لەباربردن.

گلارە گیلانی

 

کرماشان- ڕۆژی ٥ی نیسانی ١٩٧١ بەیاننامەیەک لە نووسینی بیرمەندی فێمینیستی فەرەنسی "سیمۆن دی بۆوڤوار" لە بڵاوکراوەی "نۆڤێل ئۆبزێرڤاتۆری" فەرەنسی بڵاوکرایەوە، کە لە ژێر ناوی بەیاننامەی ٣٤٣دا، تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، "ساڵانە یەک ملیۆن ژن لە فەرەنسا لەباربردنی منداڵ دەکەن، ئەو کەسانە بە نهێنی خۆیان دەخەنە دۆخێکی مەترسیدارەوە، لە کاتێکدا ئەم کارە لە چوارچێوەی زانستی پزیشکیدا بە کارێکی زۆر سادە دادەنرێت، ئەم ژنانە دەکەونە ناو بێدەنگی، بەڵام من ڕایدەگەیەنم کە من یەکێکم لەو ژنانە، من کۆرپەلەم لەباربردووە، ئێمە ئازادیمان دەوێت بۆ لەباربردنی منداڵ، هەروەک چۆن دەمانەوێت بە ئازادی کۆنتڕۆڵی لەدایکبوون بکەن"، ئێستاش زیاتر لە نیو سەدە بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیەدا تێپەڕیوە و لە ئێراندا ژنان لەو مافە سەرەتاییە بێبەش دەکرێن و بە تاوانی ئەنجامدانی ئەو مافە دادگایی دەکرێن.

 

بەرپرسی بەسیجی کۆمەڵگەی پزیشکی کرماشان داوای لە هەموو دەستە بەڕێوەبەرییەکانی ئەو پارێزگایە کرد کە ڕێکاری پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لەباربردنی منداڵ بگرنەبەر، هەرچەند گوتاری حوکمڕانی لە ئێراندا هێندەی ژنکوژی بەردەوام پێداگری لەسەر هیچ لایەنێکی خۆی نەکردووە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا و بە تایبەت دوای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی پڕ لە سۆز و سەرتاسەری "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕەهەندی نوێی بۆ ململانی دژی ژنان زیاد کردووە، ئەو ژنانەی لە سیستمی ئابووریی و سیاسی ڕژێمی ئیسلامیدا هیچ جێگایەکیان نییە و لە سیستەمی قەزاییشدا مافیان پێنادرێت، ئێستا لە سەرەتاییترین و سروشتیترین مافی هەر مرۆڤێک بێبەشن، کە ئەویش مافە بۆ ئەوەی خاوەنی جەستەی خۆیان بن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نیشان بدەن کە ژنان لە گوتاری ڕژێمی ئیسلامیدا نابێت جگە لە ئامێری بەخێوکردن هیچی تر بن.

 

سیلڤیا پانخورست فێمینیستێکی ئینگلیزی دەڵێت: پێویستە نیوەی کۆمەڵگە ئازاد بکەین، واتا ژنان، بۆ ئەوەی بتوانن هاوکار بن لە ڕزگارکردنی نیوەکەی تر، ئەمە ئەو پراکتیزەیە کە ڕژێمی ئیسلامی بە پێشێلکردنی مافی خاوەندارێتی لە جەستەی ژنان پەسەندی کردووە، سیستمی حوکمڕانی هەوڵ دەدات بە بەکارهێنانی بەرژەوەندی خوازانەی نیوەی کۆمەڵگە تا ئەو جێگایەی کە بتوانێت زاڵ بێت بەسەر هەموو کۆمەڵگەدا.

 

سیاسەتەکانی دانیشتوانی ڕژێمی ئیسلامی کە لە پلاتفۆرمە جیاوازەکان و لەلایەن کەسانی جیاجیا و بە تایبەت ڕێبەریی ئێرانەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕاگەیەندرابوون، ڕووبەڕووی شکستی قووڵ بوونەتەوە و ئێستا بەرپرسی کۆمەڵەی پزیشکی بەسیجی کرماشان لە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانەدایە، بۆ ئەوەی جارێکی تر نیشان بدرێت کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا، دەسەڵات هەمیشە بەسەر جەستەی ژناندا دەڕژێت. ئەو ژنانەی لە هەڵبژاردنی جۆری جلوبەرگ، جیابوونەوە، سەرپەرشتیکردنی منداڵ، مارەیی، میرات، شایەتحاڵی لە دادگا، جێهێشتنی وڵات و دەیان حاڵەتی دیکە هیچ مافێکیان نەبوو، ئێستا هیچ ماف و دەسەڵاتێکیان نەماوە تەنانەت بەسەر جەستەی خۆشیاندا.

 

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی لەباربردنەوە ئاماژەی بەوە داوە، لەباربردنی ناپارێزراو هۆکاری سەرەکی مردنی دایکانە لە سەرانسەری جیهاندا و ئاشکرایە کە لە ئێران سەرەڕای ئەم جۆرە یاسا دژە ژنانەیە، ئەو دایکانە کە خاوەنی ئابووری یان توانای نائابووری بۆ منداڵبوونن، ناچارن ڕێگای نایاسایی بۆ لەباربردن بەکاربهێنن و ڕووبەڕووی مەترسی زۆریش دەبنەوە، بێگومان بوونی یاسایەکی لەو شێوەیە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تەندروستی سێکسی و منداڵبوون لە ژناندا.