سستەر مریەم؛ ناوكی هەزاران منداڵی بڕیوە و بە "دایكی كۆییان" ناسراوە

سستەر مەریەم، ئەو ژنەی بە دایکی کۆییان ناسراوە و مامانی بۆ ژنان کردووە، دەڵێت: ئەو هەموو نەشتەرگەرییەی لەدایكبوون پێویست نییە و پزیشكەكانیش پشکیان تیایدا هەیە.

شیا کۆیی

 

کۆیە- لە قەزای كۆیە و دەورەبەر بە (سستەر مەریەم) ناسراوە، ئەو ناوی تەواوی خۆی مەریەم یوسف قۆقازە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بە دایكی كۆییان دەناسرێت و ٦٧ ساڵ وەك پەرستار و مامان ناوكی هەزاران منداڵی كۆیە و دەوروبەری بڕیوە، چەند ساڵێکیشە بەهۆی زۆریی تەمەنەوە وازی هێناوە، دایكی كۆییان دەڵێت: لە ماوەی کاری مامانیم ژنان بە سروشتی منداڵیان دەبوو، زۆر بەكەمی حاڵەتمان هەبووە پێویستی بە نەشتەرگەری بووبێت، زۆر ژنان دووانەیان بووە لەلای من، تەنانەت دوو ژن لای من سێ منداڵایان بە سكێك بووە و هیچ كێشەشیان بۆ دروست نەبووە.

 

مریەم یوسف قۆقاز ناسراوە بە سستەر مەریەم، پەرستارێكی دێرینی شاری كۆیەیە، ساڵی ١٩٣٤ لە عەنكاوەی هەولێر لەدایكبووە، هەر لەوێ شەشەمی سەرەتایی تەواو كردووە، بەڵام بەهۆی دووری قوتابخانەی ناوەندی وازی لە خوێندن هێناوە، دواتر لە ساڵی ١٩٥٢دا لە شاری كەركوك خولی پەرستاری خوێندووە و لەگەڵ پێنج کەسی دیکەدا بەردەوام لە فێربووندا بوون لە نەخۆشخانە و لە قاوشی برینەوانی ژنان بۆ ماوەی یەك ساڵ كاری كردووە، لە بارەی سەرەتای کارەکانیەوە وتی؛ لەو کاتەدا وتیان ئەوەی یەکەم و دووەم بێت داوای هەر شوێنێک بکات دەتوانێ بچێت، منیش دووەم بووم، گوتم دەچمە کۆیە، هاوڕێكانم گوتیان كۆیە ناخۆشە و دوورە چۆن دەچیت، تۆ بۆ خۆت خەڵکی عەنکاوەی، منیش ئەوکاتە باوكم لە کۆیە پۆلیس بوو، بۆیە ئێستاش کۆیەم خۆشدەوێت و لە ٥ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣ هاتینە کۆیە و مۆڵەتی كاركردنم وەرگرت.

 

سستەر مەریەم دەربارەی دەست بەكاربوونی لە نەخۆشخانەی كۆیە دەڵێت: لە نەخۆشخانەی كۆیە دەستم بەکار كرد، مووچەكەم ئەوكات ١٤ دینار و نیو بوو، دواتر ماڵی باوکیشم هاتن تا لە كۆیە بژین، تەنیا من سستەر بووم لە نەخۆشخانەی كۆیە، كاری مامانی و برینەوانی ژنانم دەكرد و یەك پزیشکی پیاومان هەبوو، ئەوەیشم لەبیرماوە كە یەكەمین لەدایکبوون كە من كردبێتم حەمیدی كوڕی تایەر چەلەبی بوو لە ١٨ی کانوونی دووەمی هەمان ساڵدا.

 

"نزیکەی ١٠ ساڵ لە نەخۆشخانەدا بە تەنها مامانیم دەکرد"

سستەر مەریەم وتیشی: تا نزیكەی ١٠ ساڵ لە نەخۆشخانە بە تەنیا هەموو كارەكانی لەدایكبوونم دەكرد و هیچ پزیشکی ژن نەبوو، تەنیا یەكێكی دیكەی لێ بوو، فۆرمی پڕ دەکردەوە، ئەگەرنا كاری لەدایکبوونی منداڵان و برینەوانی ژنان هەمووی من دەمكرد، دوای ئەو ١٠ ساڵە پزیشکێكی ژن هاتە كۆیە و من جگە لە نەخۆشخانە لە ماڵەوە و لە دەرەوەی كۆیەش شەو و ڕۆژ مامانیم دەكرد، زۆرجار شەوان دەهاتن لە گوندەكانەوە، دەچووم ژنانم ڕزگار دەكرد لە مەترسییەكانی منداڵبوون.

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا سستەر مەریەم ناوكی چەند منداڵی بڕیووە ؟ مەریەم یوسف قۆقاز دەڵێت: لە ژماردن نایەت، هەزاران منداڵ من ناوكم بڕیون، دەتوانم بڵێم لەو ٦٧ ساڵەی كاركردن لە كۆیە و دەوروبەری هەموو منداڵەكانی سنووری كۆیە من ناوكم بڕیون، هەندێجار چوومەتە رانیەش بۆ كاری منداڵ بوون، تا لە ٢٠٠٣ خانەنشین بووم، دواییش ژنان هەر وازیان نەدەهێنا و دەهاتن لە ماڵەوە كارم بۆ دەكردن تا ٢٠١٢ بە تەواوی وازم لە مامانی هێنا.

 

 

منداڵەكانتان بە شیری وشك پەروەدە مەكەن، شیری دایك هەم خۆراكە و هەم دەرمان

سستەر مەریەم دایكی حەفت منداڵ بووە و وێڕای ئەركی ماڵەوە، فریای كارەكەی خۆیشی كەوتووە و بەردەوام دەرچوونیشی هەبووە بۆ ئەو شوێنانەی نەتوانراوە ژنەكان بگەیەننە نەخۆشخانە، ئەو دەڵێت: لەگەڵ ماڵی خەسووم بووم، بەیانیان هەڵدەستام منداڵەكەم دەشووشت و شیرم دەدایە و دەمخستە ناو بێشكەوە تا نیوەڕۆ دەهاتمەوە هیچی دیكە شیری نەدەخوارد و هیچ كێشەشیان نەدەبوو، هەموو منداڵەكانم بەشیری خۆم گەورە كردن.

 

لەبارەی چۆنیەتی لەدایكبوونی منداڵان و زۆربوونی نەشتەرگەری منداڵبوون لەناو ژنان، سستەر مەریەم دەڵێت: بەداخەوە ژنانی ئێستا بەخێرایی خۆیان دەدەنە بەر نەشتەرگەری تا تووشی ژانی منداڵبوون نەبن، یاخود جەستەیان نەشێوێت، ئەگەرنا هەموو ژنێك دەتوانیت بە سروشتی منداڵی ببێت و شیری خۆی بداتە منداڵەكەی، تەنیا هەندێك حالەتی دەگمەن نەبێت، لەوەدا پزیشکەكانیش خەتایان هەیە، كە هانی ژنان دەدەن بۆ نەشتەرگەری بێ ئەوەی پێویست بێت، ژن لە چەند حاڵەتێکی پێویست نەبێت، پێویست نییە نەشتەرگەری منداڵبوون بکات، چەند ساڵێک پێش ئێستا چەندین ژنیان ڕەوانەی هەولێر كرابوون بۆ منداڵبوون، هاتنە لای من وتم من ئێستا ناتوانم، چونكە خانەنشینم، گوتیان قەیناكات خۆمان لە نەخۆشخانە تۆماری دەكەین تۆ تەنیا كارەكەمان بۆ بكە، هەموویان بەئاسانی منداڵەکەیان بوو.

 

لە دوایین تەوەری قسەكانیدا سستەر مەریەم وتی: لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەی كاركردنم هیچ حاڵەتێکی خراپ لای من ڕووینەداوە، ئامۆژگاریشم بۆ ژنان ئەوەیە پێویستە لە ماوەی دووگیانیدا جووڵەی زۆر بكەن و سست نەبن لە جووڵەكردن، هیچ پێویستیش نییە ئەو هەموو نەشتەرگەرییە ئەنجام بدەن و منداڵەكانیان بەشیری وشك پەروەردە بكەن، شیری دایك هەم خۆراكە و هەم دەرمان.