"بە بێ ئاگایی گەنجان گۆڕانکاری ڕوو نادات"

ساڤۆ سەردار هەڵسەنگاندن بۆ ئومێد و وزەی گەنجان دەکات و دەڵێت: چارەسەرەکە ئەوەیە کە چۆن ئێمە ئەو گەنجانە لە مەودای ئەلکترۆنیدا بهێنینەوە جیهانی ڕاستی و لە دەرەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تووشی خودنامۆیی نەبێت.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- لە کۆمەڵگەدا گرنگترین توێژ بۆ بەرەوپێشچوونی پرسەکان، گەنجانە، بەتایبەت ژنانی گەنج، کە ڕۆڵیان هەیە لەو ئاڵوگۆڕانەی لە سیستم و دەسەڵات و هەموو جومگەکانی ژیاندا ڕوو دەدەن، بەڵام ئەم زەمینەیەی گەنجان پێویستی بە ڕەخساندن هەیە و لە کوردستانیشدا کەمترین ڕۆڵ بە توێژی گەنجان دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگریە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان بوونەتە هۆکارێکی گەورە بۆ سارد بوونەوەی گەنجان لە هاتنە پێشەوە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی وڵات و نیشتماندا.

 

لە لایەکی تریشەوە گەنج لە ڕابەرایەتیدا دەرفەتی نادرێت و بەجۆرێک دەسەڵاتداریەکی خێڵەکی تا ئێستاش لە حکومڕانی ناوچەکەدا ماوەتەوە و ئەمەش وای کردووە هزری گەنج و توانای گەنج ڕۆڵی نەبێت لە بەرەوپێشبردن و ئازادبوون و سەربەخۆیی کورد و کوردستاندا.

 

ساڤۆ سەردار، توێژەر، باسی لەوەکرد، هێزی گەنج یاخود وزەیەک و بزاوتێکی کۆمەڵایەتی گەنجان بە درێژایی مێژوو لە ناو هەموو قۆناغە جیاوازەکاندا ڕۆڵی تایبەتی خۆی هەبووە، تەنانەت لە شۆڕش و بەرخۆدانی کوردانیشدا لە باکوور و باشوور و چوار پارچەی کوردستاندا، چ لەسەر بنەمای نەتەوەیی یاخود جیاوازی چینایەتی و خەباتی کرێکاری و ئەو دیدگا چەپانە بێت کە لەو کاتەدا هەبوون، وتیشی: لە کوردستاندا دابەشکاریەکمان هەیە بە پێی تەمەن، لە تەمەنێکی دیاریکراودا بازنەیەک دروست دەبێت کە پێی دەوترێت بازنەی گەنجان. بەڵام ئایا لە ئێستادا ئەو توێژەی دیاریمان کردووە، هەڵگری بیرکردنەوەیەکی گەنجانە و نوێخوازانەیە؟

 

"شێوە ژیانی تاکگەرایی، پاڵنەرە بۆ چەقبەستویی"

ساڤۆ سەردار، بۆچوونی خۆی لە بارەی شێوەژیانەوە خستەڕوو و وتی: پرسەکە بەشێکی گەورەی پەیوەندی بە شێوە ژیانەوە هەیە، واتا ناگونجێت بە تێگەشتنی ٢٠ ساڵ پێش ئێستا مامەڵە بکەین، بە هەمان تیۆر و زانینی ٢٠ ساڵ پێش ئێستا لێکدانەوە بۆ دنیای ئێستا بکەین، چونکە ئێستا لە جیهانی دیجیتاڵدا دەژین و لە ناو ئەو پانتاییانەدا خودی ئەو وزەیەی ناومان لێ ناوە مرۆڤ، یان هەموو کارکردە کۆمەڵایەتی و  بزاوتی ژنان و کرێکار و گەنجان توشی جۆرێک لە شوناسی تازە دێن. واتا لە ئێستادا چەنێک لە جیهانی ڕاستیدا مامەڵە بکەین، ئەوەندەش لە مەودای ئەلکترۆنی و مێتافۆریکدا مامەڵە دەکەین، هەندێکجاریش بەریەککەوتن لە نێوان ئەم دوو جیهانەدا ڕوودەدات. گەر تەماشایەکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەین، چەندین گەنجی خاوەن هەڵوێست و چالاک و نووسەر هەن، بەڵام لە ئاستی ڕاستیدا زۆرجار هەمان وزە نابینینەوە، چونکە دوو جیهانت هەیە کە سەردەمەکە سازی کردووە. چارەسەرەکە ئەوەیە کە چؤن ئێمە ئەو گەنجانە لە مەودای ئەلکترۆنیدا بهێنینەوە جیهانی ڕاستی و لە دەرەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تووشی خودنامۆیی نەبێت، بە پەروەردە و هۆشداری و ئامادەسازی لایەنی ڕامیاری دەکرێت بەرەو دروستکردنی وزەیەکی ژیاو بڕۆین لە گەنجاندا، هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە پەیوەندی بە تاکگەراییەوە هەیە، هەرچەندە بە بەراورد بە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم لایەنەوە باشترە، بەڵام پەرتەوازەبوونی کۆمەڵ پاڵنەرێکە بۆ چەقبەستوویی تاک. ئەوەش هەیە کە لە ڕێگای جیهانگیری و مەودای ئەلکترۆنیەوە تاکگەرای لەناو ئێمەشدا خەریکە جێی خۆی دەکاتەوە، ئەمەش وای کردووە ئەو شێوەژیانە تاکگەراییە بهێنێتە پێشەوە کە مرۆڤ تا ئاستێکی زۆر تەنها خۆی لا گرنگ بێت و تاکانە بژی و پەیوەندی بە کۆمەڵەکەیەوە نەبێت. ئەم پرسەش کە ئێستا لەسەری دەدوێین، پرسێکی تەواو کۆمەڵایەتیە دەربارەی کاریگەر بوونی گەنج لە کۆمەڵگەدا.

 

"ناتوانین چاوەڕوانیمان لە خەباتی گەنجان هەبێت، گەر گەنج ئاگایی نەبێت"

ساڤۆ سەردار، دەشڵێت "هەموو کاتێکی پاڵنەری ئابووری، پاڵنەرێکی زۆر گرنگە هەم بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵگە هەم بۆ لێکترازان، لە دیدگا مارکسیەکەشەوە بە ژێرخانی کۆمەڵگە دادەنرێت، واتا ژێرخانێکمان هەیە کاریگەری لەسەر سەرخانەکە دادەنێت و ڕەنگ دەداتەوە تیایدا. لێرەدا ئەگەرچی پاڵنەرە ئابووریەکان کەمێک جیاوازی کردووە بە بەراورد بە ١٠ ساڵ لەمەوبەر لەسەر ئاستی بازرگانی و بازاڕی ئازاد و یەکەی نیشتەجێبوونی ئەندازیاری، بەڵام کۆمەڵێک لایەنی تری کۆمەڵگە هێشتا لە قەیرانی ئابووریدان و بەشێک لە بەرەوپێش چوونی گەنجیش ئەوەیە کە خاوەن کار و ئابووری سەربەخۆی خۆی بێت. بە هۆی بایکۆت و ناهەمواری ڕەوشی مووچەشەوە گەنجانی یاخود ئەو تاکانەی بەرەو گەنجی دەڕۆن توشی جۆرێک لە چەقبەستوویی کەسی دەبن، چونکە بەردەوام لە دڵەڕاوکێ و بارودۆخی زەبراویدا ژیان دەکەن، کە ئەمەش لە گەورەییدا ڕەنگ دەداتەوە.

 

ساڤۆ سەردار، ئەوەی ڕوونکردەوە کە وەکو کورد خاوەنی کولتوورێکی خۆمانین، بەڵام لە رێگەی ئەو هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیەوە جیهانگیریەک دروست بووە و هاوبەشیکردن لە نێوان گەنجێکی کورد و گەنجێکی بیانیدا دروست دەبێت، ئەمانە لە ئەخلاقی قسەکردن و بیرکردنەوە و زۆرشتی دیکەدا ئاڵوگۆڕی دروست دەبێت، وتیشی: لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چۆن بتوانین وەک گەنجی کورد کاریگەر بین بۆ سەر کۆمەڵگەی خۆمان، چۆن کاراییمان دەربکەوێت.

 

ئەو توێژەرە لە باسی کاریگەری گەنجدا وتی: ئاگایی زۆر گرنگە، بە درێژایی مێژوو جەمسەری گۆڕانکاری بووە، ئەم داینەمۆی ئەو ئایدۆلۆژیانە بووە کە دروست بوون، ئەوەش لە داهاتوودا کە بڕیار بێت ڕووبدات دەبێک لە ڕووی ئاگاییەوە بێت، بۆیە ناتوانین چاوەڕوانیمان لە خەباتی گەنجان هەبێت، گەر گەنج ئاگایی نەبێت، لێرەشدا بەشێکی دەکەوێتەوە سەر خودی تاک، خۆشبەختانە کۆمەڵێک گەنجی لەو جۆرەمان هەیە کە زمانزان و خوێنەر و چالاکن. مەرجیش نیە ئاگایی هەموومان وەک یەک بێت، لەوانەیە هەندێک کەس ئاگایی لە چەند پرسێکدا هەبێت، کەسێکی تر لە لایەنی تردا هەیبێت، گرنگە ئێمە مرۆڤێک دروست بکەین گفتوگۆکار بێت و ڕەخنەییانە بیر بکاتەوە، بیری ڕەخنەیی یەکجار گرنگە تا بتوانین گەنجێکی داهێنەر دروست بکەین، کۆمەڵگەی خۆی بناسێت و ڕەخنەشی لێی هەبێت، باشەکان بەرەو باشتر ببات، خراپەکانیش باش بکات، کاتێک ئێمە ئەم سیستمی بیرکردنەوەیەمان دروست کردن، هەموو شتەکانی تر بەدوای یەکدا بە زنجیرەیی دێنە چارەسەر.

 

"خودناسی ژنان بۆ خۆیان، خۆسەلمێنەرانەیە"

ساڤۆ سەردار، لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا "دووبارە پرسەکە لە بەرەوپێشچوونی ژناندا دەبەستمەوە بە ئاگایی و زانینەوە، گەرتەماشای شۆڕشە فێمێنیستەکانی جیهانیش بکەین بەبێ بوونی ئاگایی و خودناسی و ئاگادار بوون لە مێژووی خود و کارایی خود ناتوانێت هەنگاو بنێت، ئەوەی زۆر گرنگە ناسینی خود و دروست بوونی ‌هۆشیاریە بەتایبەت بە جەستەی خۆت و بیرکردنەوەی خۆت و ئەو مێژووەی وەک کوردێک پاشان وەک ژنێکی کورد هەتە. لە ناو هەموو ئەم بەستێنانەدا جۆرێک لە ئاگایی دروست دەبێت کە خۆسەلمێنەرانەیە، دەتوانیت خۆت بسەلمێنیت و ڕۆڵت هەبێت و لەو کارانەی کە دەیکەیت جێ پەنجەی خۆت جێبهێڵیت. گەر ژنان بە تواناییەکی زۆرەوە بێنە پێشەوە، هەرچەند ئاستەنگیش هەبێت، لە شوێنێکدا ئاستەنگیەکان کۆتاییان دێت و دەتوانن ئازادانە کاری خۆیان ئەنجام بدەن.