یەکینەکانی پاراستنی ژنان نمونەی هێزی ژنانە کە کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆدەگرێت

لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنان پێشەنگایەتی خەباتیان کرد، ناسنامەی خۆیان ناساند و هێزی سەربازی خۆیان پێکهێنا، یەکینەکانی پاراستنی ژنانیان کردە یەکەم هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە هەوڵی ئەوە دەدەن ژنان لە ژێر چەکی کۆیلایەتی ڕزگار بکەن.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

ڕەققە- یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە یەکەم هێزی ژنان لە ناوچەکە دادەنرێت کە هەوڵی ڕزگارکردنی هەموو ژنان و پاراستنی ڕاستی و کیانەکەیان دەدات بە ڕێکخستنی دوور لەو دەسەڵاتە پیاوانەی کە ڕۆڵی ئەوانی پەراوێزخستووە.

 

لە سەرەتای شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە، ژنە چالاکوانەکان پێشەنگایەتی شۆڕشیان کرد و شەڕی داعشیان بەڕێوەبرد، کاریگەرییان لەسەر ئەو ژنانە دروستکرد کە لە هەموو مافەکانیان بێبەش کراون، ژنانی شەڕڤان خاڵی وەرچەرخان بوون لە ژیاندا، بەو پێیەی ژنان بۆ یەکەمجار بەشدارییان لە هێزی سەربازیدا کرد، بە ناوی یەکەکانی پاراستنی ژنان، کە بە مۆدێلی هێزێکی ژنانە دادەنرێت کە هەموو پێکهاتەکانی لەخۆدەگرێت.

 

شەمس دێرک، شەڕڤانێکە لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە ڕەققە، ڕایگەیاند کە  ویستویەتی پەیوەندی بە یەپەژە بکات، چونکە لەژێر کاریگەریی بوێری ئەوان لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەکرێگیراوانی داعشدا بووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بڕیاری بەشداریکردن لە کۆمەڵگەیەکی داخراودا کارێکی ئاسان نەبووە.

 

وتیشی: هەرگیز بیرم نەکردووەتەوە چەک هەڵبگرم و شەڕ بکەم، براکەم لە ساڵی ٢٠١٨ لەکاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین شەهید بوو، لە ساڵی ٢٠٢١یش بڕیارمدا بەشداری بکەم و خولی فیکری و سەربازیم وەرگرت، ئەمەشم لە ژێر هۆشیاری واتای تێکۆشەر بوون و شەڕکردنم بوو بۆ ڕزگارکردنی ژنان و ڕزگارکردنی خۆم لە دەستی عەقڵیەتی کۆمەڵگەی پیاوان.

 

"ژنان لە بواری پاراستندا ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن"

سەبارەت بە گرنگی چەمکی خۆپاراستن لەناو هەموو ئەو سنووردارکردن و هێرشانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، شەمس دێرک جەختی لەوە کردەوە کە ژنانی ئەمڕۆ لە بواری پاراستن ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن، جا چ لە هێزی ئاسایشی ناوخۆ بێت یاخود لە ئەنجومەنی سەربازی، یان پاراستنی بنەڕەتی لە سیستمی ئاسایشدا گرنگی هەیە بۆ ژنان، ئێمەش پەیڕەوی لە قسەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین کە لە ڕێگەی ژنانی ئازادەوە دەتوانین کۆمەڵگایەکی ئازاد دابمەزرێنین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کۆمەڵگەیانەی کە سیستمی پاراستنیان نییە، مەترسی نەمانیان لەسەرە، ئەگەر ژنان خۆیان نەپارێزن، ئەوا مەترسییان لەسەر دەبێت، هەموو ئەو شتانەی ئەمڕۆ بەدەستمان هێناوە، لە سایەی شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوەیە کە لە دایکبوونی نوێ بوو بۆ ژنان، ژنان لە ڕێگەیەوە خۆیان سەلماند ئێمە تەنها هێزی پاراستنی ژنان نین، بەڵکو کاردەکەین بۆ پاراستنی کۆمەڵگە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت، پێویستە ژنان ڕاستی و بوون و جەوهەری خۆیان پیشان بدەن و مێینەیی خۆیان نەکوژن، هەروەها ڕەخنە لەو ژنانە دەگرێت کە ڕاستییەکانیان لێ زەوت دەکرێت و قبوڵی دەکەن".

 

سەبارەت بە گرنگی خەباتیش دەشڵێت: دوازدە ساڵ بەسەر شۆڕشەکەماندا تێپەڕیوە، کە لە ڕێگەیەوە ژنان دەستکەوتی زۆریان بەدەستهێناوە، ئێستاش دەڵێین خەباتێکی دوور و درێژمان لەپێشە بۆ گەیشتن بە هەموو ژنان و ڕزگارکردنیان.

 

"بە پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی یەپەژەوە ژنان خۆیان دەپارێزن"

سەرهەڵدان ئامەد، شەڕڤانێکی کوردی یەپەژەیە، باسی لەوەکرد، کە زۆرێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی پەیوەندییان بە مەیدانی سەربازییەوە کردووە کە زۆربەیان ژن بوون، لە ئەنجامی کاریگەرییان بە بیری ئازاد و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بچێتە ڕیزەکانی یەپەژەوە و توانی خۆی بپارێزێت و بیرکردنەوەکانی ڕزگار بکات دوای ئەوەی ساڵانێک پەراوێزخراون.

 

وتیشی: لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە، ژنان هێزی خۆیان لە بەرەکانی شەڕ لە شاری کۆبانی نیشانداوە، کە درێژ دەبێتەوە بۆ هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئێمە لەسەر ئەو ڕێگایە دەمێنینەوە کە لەسەر بنەمای هزری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی پرسی ئازادی ژنان بۆمان کێشراوە، شەرمەزارییە بۆ ئێمە کە بە بێ خەبات بمێنینەوە لە کاتێکدا ئەو ڕێبەرە لە زیندانی ئیمرالی گۆشەگیرە، بۆیە ئێمە لە شەڕکردن ناوەستین تا نەگەینە ئەو ئازادییە جەستەییەی بۆ ڕێبەرەکەمان دەمانەوێت.

 

"پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی یەپەژەوە کاریگەری ئەرێنی هەیە"

دارین تەبقا، شەڕڤانێکی عەرەبە و لە تابقاوە بەشداری یەپەژەی کردووە، دوای شەهیدبوونی دوو براکەی لەناو ڕیزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات، بڕیاریدا بەشداری بکات و درێژە بە خەباتەکەیان بدات و چەکەکەیان هەڵبگرێت، پێی وایە یەکینەکانی پاراستنی ژنان خاڵی وەرچەرخانێک بوو لە ژیان و کەسایەتیدا.

 

وتیشی: پەیوەستبوونم بە ڕیزەکانی یەپەژەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بیرکردنەوەکانم هەبووە، من هیچ ڕۆڵێکم لە ماڵ و کۆمەڵگەدا نەبووە، بەڵام ئەمڕۆ هەموو ئەمانە گۆڕاون، هەروەها بەشداریم کردووە لە گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان، سەرەتا پێمان وابوو هەڵگرتنی چەک تایبەتە بە ژنانی کورد، ئێمەش وەک ژنانی عەرەب مافی ئەوەمان نەبوو، بەڵام دوای شەهیدبوونی براکەم، بۆم دەرکەوت کە ژمارەیەک ژنی عەرەب بەشدارن لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان و ئەوان بەشدارییان لە گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگەدا کرد.

 

لە کۆتایدا وتی: ئێمە وەک هێزەکانی یەپەژە، ئامانجمان ئازادکردنی هەموو ژنانە، بۆیە دەبێت ئیرادە و هێز و خەباتمان هەبێت بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر.